محەمەد ئیلخانی: گشتپرسی چانسێکە بۆ کەمە نەتەوەییەکان لەهەرێمی کوردستان

0

نەوزاد علی چوچانی

سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی رایدەگەیەنێت، گشتپرسی هەرێمی کوردستان، تایبەتمەندیەکی زۆر جیاوازی هەیە و دەڵێت “کەمە نەتەوەییەکان پشتگیری لە پرۆسەکە دەکەن و لەم پرسەگرنگەدا بەشدارن و پرس و رایان پێدەکرێت”.

بابەتی گشتپرسی لە هەرێمی کوردستان بابەتێکی گرنگ و گەرمە لەنێوان حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان. دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان خەونی لەمێژینەی نەتەوەی کورد و شۆڕشگێڕانی کوردستان بووە، دەوڵەتی کوردی، پرسێکی نیشتمانییە و پەیوەستە بە سەرجەم پێکهاتەو نەتەوەکانی ئەم هەرێمەوە، هەرێمی کوردستان جگە لە نەتەوەی کورد، چەندین نەتەوەی دیکەی وەکو تورکمان، کلدان، سریان، ئاشور و ئەرمەنی تێدایە، کە رەنگە بەشداری پێکردنی کەمە نەتەوەییەکان هەڵوێستێکی زۆر ئەرێنی بێت، بۆ سەرکردایەتی کوردستان و سەرکەوتنی پرۆسەکە.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، محەمەد ئیلخانی، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی لە هەرێمی کوردستان، لەبارەی پرسی گشتپرسی و پێگەی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان رایگەیاند: چانسێکە بۆ پێکهاتەی کەمە نەتەوەییەکان، چونکە لە هەموو گشتپرسییەکاندا، کەمە نەتەوەییەکان کێشەیان بۆ دروستدەکرێت و پشتگوێ دەخرێن، بەڵام گشتپرسی هەرێمی کوردستان تایبەتمەندییەکی زۆر جیاوازی هەیە بەوەی، کەمە نەتەوەییەکان پشتگیری لە پرۆسەکە دەکەن و لەم پرسە گرنگەدا بەشدارن و پرس و رایان پێدەکرێت.

محەمەد ئیلخانی، هەڵوێستی سەرکردایەتی کورد لەبەرامبەر پێکهاتە ئایینی و کەمە نەتەوەییەکان بەرز دەنرخێنێت و دەڵێت “هەندێك لایەن، کە باسی مافی تورکمان دەکەن، بوونی نوێنەری تورکمانەکان لە ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم و ئەو کۆبوونەوانەی لەگەڵ تورکمانەکان دەکرێت، وەڵامێکە بۆ ئەوان، کە تورکمانەکان لەکایەی سیاسی هەرێم بەشداریان هەیە”.

ئیلخانی ئاماژەی بە هەڵوێستی هەندێك لایەنی تورکمانی لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کرد بەوەی، کە بەناوی تورکمانەوە قسە دەکەن و دەڵێن، تورکمانەکان نایانەوێت بەشداربن لە گشتپرسی، پرسیارێکیان ئاراستە کرد و گوتی “ئێمە لە کوردستان کاتێك سەرکردایەتی کورد کۆدەبێتەوە بە سەرۆکایەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەمیشە تورکمانەکان نوێنەریان دەبێت و بەشدار دەبن و بۆچونی خۆیان دەڵێن. ئایا تائێستا عەبادی، مالیکی و حکومەتەکانی عێراق، لەلوتکەی سیاسی هێشتوویانە تورکمانێک یان مەسیحییەك لەگەڵیان دابنیشێت”.

سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی باسی لەوەشکرد، کە حکومەتی عێراق هیچ حسابێکی بۆ کەمە نەتەوەییەکان و تورکمانەکان نەکردووە، ئەو مافە سیاسیانە تەنها لەهەرێمی کوردستان هەیە و گوتیشی “هاوڵاتی تورکمانی بە بەراورد لەگەڵ عێراق، ئەگەر بژاردەیەك بێتە پێش، کە ئایا لەگەڵ کوردستانی یان عێراق، بە دڵنیاییەوە کوردستان هەڵدەبژێرێت”.       

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com