نوچه‌نێت- وه‌ته‌نی كوێتی
چه‌ندین ئاماژه به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ن، كه به‌منزیكانه عێراق له هه‌ژموونی به‌هێزی رژێمی ئێران رزگاری ده‌بێت، یه‌كه‌مینیان سه‌ردانی وه‌زیری ناوخۆی عێراقه بۆ سعودیه و كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی سنووری عه‌رعه‌ره له نێوان سعودیه و عێراق، كه ده‌بێته ئه‌و شاده‌ماره‌ی پێداویستیه‌كانی عێراق پڕ ده‌كاته‌وه و كاریگه‌ریی زۆری ده‌بێت له‌سه‌ر دووباره بنیات نانه‌وه‌ی ژێرخانی عێراق، كه پێویستی به 100 ملیار دۆلار هه‌یه بۆ چاكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی، كه داعش و رێكخراوه تیرۆرستییه‌كانی دیكه وێرانیان كردووه.
ئاماژه‌یه‌كی دیكه، كه زۆر گرنگه، جیابوونه‌وه‌ی عه‌مار حه‌كیم، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامیه له‌و حزبه و دروستكردنی ره‌وتی “حیكمه”یه، كه پارتێكی سیاسییه و هیچ میلیشیایه‌كی نییه بیپارێزێت، ئه‌مه‌ش ئه‌وه دووپات ده‌كاته‌وه، كه ئاراسته‌یه‌كی نوێ هه‌یه به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی میلیشیا حزبییه‌كان و گۆڕینیان بۆ پارتی سیاسی، له‌ناویاندا میلیشیای حه‌شدی شه‌عبی.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی دیكه‌ش هه‌ن، كه پێده‌چێت ئیبراهیم جه‌عفه‌ری، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، كه له‌سه‌ر حزبی ده‌عوه حیسابه، له‌سه‌ر كار لاده‌برێت و كه‌سایه‌تییه‌كی سوننه بۆ ئه‌و پۆسته دیاری ده‌كرێت، وه‌ك هه‌وڵێك بۆ رازی كردنی پێكهاته‌ی سوننه، كه په‌راوێز خرابوو و ده‌یانویست پاكتاویان بكه‌ن، ئه‌م بڕیاری رازی كردنه‌ش، به فشاری گه‌وره‌ی ئه‌مریكایه له‌سه‌ر حكومه‌تی عێراق، كه ده‌یه‌وێت بڕیاره‌كانی بێلایه‌نانه و نیشتیمانی بن، ئه‌مه‌ش داواكاری زۆرینه‌ی گه‌لی عێراقه.
رێككه‌وتنێكی ئه‌مریكا-كه‌نداو- عێراق هه‌یه، كه له سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌مدواییه‌ی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بۆ سعودیه ئه‌نجامدرا، تیایدا بڕه پاره‌یه‌كی زۆر بۆ عێراق دابین ده‌كرێت، بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی عێراقی نوێ، كه گرنگترین مه‌رج بۆ پێدانی ئه‌و بڕه پاره‌یه، ده‌ركردنی ئێرانه، نه‌ك ته‌نها له عێراق، به‌ڵكو له سوریا و یه‌مه‌نیش.
ئاماژه‌كانی رێككه‌وتنێكی دیكه ئه‌وه‌یه، ره‌مزه‌كانی پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق ده‌گۆڕدرێن، كه پارته ئایینییه گه‌نده‌ڵكاره‌كان كۆنتڕۆڵیان كردووه، چیدیكه ئه‌و پارته ئایینیانه‌ی، كه ئێران پشتیوانیان ده‌كات، وه‌ك حزبی ده‌عوه، كه ئێستا حوكمی عێراق ده‌كات، رۆڵیان نابێت. هه‌روه‌ها چه‌ند پارتێكی دیكه‌ش هه‌ن له پرۆسه‌ی سیاسی دوور ده‌خرێنه‌وه، به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر ئیخوان موسلیمین حیسابن و په‌یوه‌ندی به‌هێزیان له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه.
چه‌ند زانیارییه‌ك دزه‌یان كردووه، کە باس له هاتنی چه‌ند لێكۆڵه‌ر و پشكنه‌ری ئه‌مریكی ده‌كه‌ن بۆ عێراق، به‌دواداچوون بۆ دۆسیه‌كانی گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ن، كه وه‌زیر و ئه‌ندام په‌رله‌مان و پارت و بانكه‌كان تێیدا تێوه‌گلاون، راپۆرته‌كه‌یان بۆ وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌ی ئه‌مریكا به‌رز ده‌كه‌نه‌وه، كه له‌وانه‌یه زۆر دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵی ئاشكرا بكرێن، زۆر له ناوه دیاره‌كانی پرۆسه‌ی سیاسی ون ببن، كه له گه‌نده‌ڵیه‌وه تێوه‌گلاون، عێراق به‌جێده‌هێڵن له ترسی دادگایی كردن و لێپرسینه‌وه.
پێده‌چێت پڕۆژه‌ی ئێران له عێراق و ناوچه‌كه‌دا هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوچوونی له‌سه‌ر بێت، بڕیارێكی ئه‌مریكی له‌ئارادا هه‌یه، كه به به‌هێزی بوونی، له عێراق رێگه له هه‌ر ده‌ستێوه‌ردانێكی ئێران ده‌گرێت له بڕیاره‌كانی ئەم وڵاتە، هه‌روه‌ها نزیكبوونه‌وه‌ی عێراق و سعودیه له ئارادا هه‌یه، بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی سعودیه بۆ گۆڕه‌پانی عێراق و گه‌ڕانه‌وه‌ی عێراق بۆ باوه‌شی عه‌ره‌ب، دوای ئه‌وه‌ی لە دوای رووخانی رژێمی سه‌ددام خۆی خستبووه باوه‌شی ئێرانه‌وه.
ده‌بێت ئێران ئه‌و راستییه بزانێت، كه رێككه‌وتنێكی ئه‌مریكی روسی هه‌یه سه‌باره‌ت به ئێران، بۆیه ده‌بێت لوتبه‌رز نه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی باجه‌كه‌ی وێران كردنی ئێران نه‌بێت.