نوچەنێت: تایبەت
ئەندام پەرلەمانێکی گۆڕان رایدەگەیەنێت، هیچ جۆرە فشارێك نەبووە بۆئەوەی گەنجەکان بکشێنەوە لە خۆکاندید کردن بۆ خانەی راپەڕاندن و دەشڵێت “ئەوان بە ویست و ئیرادەی خۆیان کشاونەتەوە”.
دوای ھەشت ساڵ لە دامەزراندنی گۆڕان و كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، رۆژی سێشەممە، 25-7-2017، لە ساڵیادی یەكەم بەشداریی گۆڕان لە پرۆسەی هەڵبژاردن، كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بوو، جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی کۆبووەوە و رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن هەڵبژێردران، ئەوەی جێگەی سەرنج بوو هیچ یەکێك لەوانە گەنج نەبوون، تەنانەت هیچ ئافرەتێکش خۆی کاندید نەکردبوو، ئەمەش لەکاتێکدایە، کە پەرلەمانتارێکی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاندبوو “ئەو گەنجانەی خۆیان کاندیدکردبوو بۆخانەی راپەڕاندن، لەژێر فشاردا کشاونەتەوە”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، د. بەهار مەحموود، ئەندام پەرلەمانی کوردستان، لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان، سەبارەت بە هەبوونی فشار بۆ کشانەوەی گەنجەکان لەخۆکاندیدکردن بۆخانەی راپەراندن و رێکخەری گشتی رایگەیاند: هیچ جۆرە فشارێك نەبووە بۆئەوەی ئەو گەنجانە بکشێنەوە، چونکە ئێمە هیچ هۆکارێکی هەڕەشەمان نییە، ئێمە لەگەڵ حزبە رکابەرەکانماندا هۆکاری مەدەنی بەکار دێنین، جاچۆن لەناوخۆی خۆماندا هەڕەشە بەکاردێنین. ئەوەی، کە دەگوترێت بنەمای راستی نییە، بەڵکو ئەوان بەویست و ئیرادەی خۆیان کشاو نەتەوە.
د. بەهار مەحموود گوتیشی “ئەگەر هۆکاری کشانەوەکەیان لەرێز گرتن بێت بۆ ئەوانەی، کە بەتەمەن و بە ئەزموون و لەوان گەورەتر بن، ئەبوایە ئەوان نەکشانایەتەوە، بۆئەوەی بڕۆسەکە جوانتر بوایە، کە ئەمە پڕۆسەیەکی تازەیە لە هەرێمی کوردستان”.
سەبارەت بە بەشداری نەکردنی ئافرەتان لە خانەی راپەراندن، ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ئاشکرایکرد “هەرچەندە ئافرەتی بەتوانا لەناو بزووتنەوەکەیاندا هەیە و بەپێی دەستوری ناو خۆی گۆڕانیش هیچ رێگریەك نییە بۆ ئەوەی خۆیان کاندید بکەن، بەڵام ئافرەتان خۆیان نەچوونەتە پێشەوە”.
هەروەها بەهار مەحموود ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە ئەو داوای لە هەندێك هاوڕێی ئافرەتی کردووە، کە خۆیان کاندید بکەن و دەشڵێت “ئەگەر ئەندامی پەرلەمان نەبوومایە خۆم کاندید دەکرد و نەدەکشامەوە، چونکە بەپێی دەستوری ناوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەگەر کەسێك لە پۆستێکی حکومیدا بێت، ناتوانێت خۆی کاندید بکات”.