نوچەنێت
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە رێکخەری گشتی نوێی بزووتنەوەی گۆڕان دەکات و هیوا دەخوازێت، سەرکردایەتی نوێی بزووتنەوەی گۆڕان ببێتە فاکتەری پتەوترکردنی یەکڕیزی.
رۆژی سێشەممە، 25-7-2017، لە ساڵیادی یەكەم بەشداریی گۆڕان لە پرۆسەی هەڵبژاردن، كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بوو، جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی کۆبووەوە و رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن هەڵبژێردران.
بەپێی جیاکردنەوەی دەنگەکان، عومەر سەید عەلی بە 38 دەنگی ئەندامانی بزووتنەوەی گۆڕان بە رێکخەری نوێی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردرا. هەروەها محەممەد تۆفیق رەحیم، جەمال حاجی محەممەد، جەلال جەوهەر، عوسمان حاجی مەحموود و شۆڕش حاجی بە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن هەڵبژێردران.
رۆژی سێشەممە 25ـ7ـ2017 مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەرێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندیی بە رێکخەری گشتی نوێی بزووتنەوەی گۆڕان کرد.
بەگوێرەی نوسینگەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بارزانی وێڕای پیرۆزبایی لە عومەری سەید عەلی، بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، هیوای خواست هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و سەرکردایەتی نوێی بزووتنەوەی گۆڕان، ببێتە فاکتەری پتەوترکردنی یەکڕیزی و یەکخستنی هەموو تواناکان بۆ چارەسەری گرفتەکان.