نوچەنێت
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک داوای پاڵپشتی کرداری لە لایەنەکان دەکات و داوای پێکهێنانی ئەنجومەنێک بۆ داکۆکیکردن لە کەیسی ئاڵای کوردستان دەکات و دەڵێت، “ئەو کەیسە، کەیسی رێبوار تاڵەبانی نییە، بەڵکو کەیسی هەموو کوردستانییەکانە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، داواش دەکات سەرجەم لایەنەکان بە کردەیی پاڵپشتی کەیسەکە بکەن”.
رۆژی 28-3-2017 ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بڕیاریدا لەسەرجەم فەرمانگە و دامودەزگا حكومیەكانی كەركوك، لەپاڵ ئاڵای عێراق، ئاڵای كوردستانیش هەڵبكرێت. ئەو بڕیارە كاردانەوەی جۆراوجۆری لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان لێكەوتەوە. بەرەی توركمانیش لە كەركوك یەكێك بوو لەو لایەنانەی بە تووندی دژی ئەو بڕیارە وەستایەوە.
لەسەر سکاڵای پێنج ئەندامی بەرەی توركمانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، لە دادگای ئیداریی وەزارەتی دادی عێراق لەسەر هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دادگایی دەکرێت.
یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنەکەی رێبوار تاڵەبانی رۆژی دووشەممە 3-7-2017 لە بەغدا بەڕێوەچوو. بڕیاربوو رۆژی دووشەممە 24-7-2017 لەشاری بەغدا دانیشتنی دادگاییكردنی تاڵەبانی، لەسەر هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەو شارە بەڕێوەدەچێت، بەڵام دادگا بڕیاریدا دانیشتنەکە بۆ 2ـی ئاب دوابخرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 25-7-2017، رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا تیشکی خستەسەر پرۆسەی دادگاییکردنەکەی، کە لەلایەن دادگای ئیداری بەغداوە بەڕێوەدەچێت و رایگەیاند “لەڕووی مەعنەوییەوە تاکێکی کورد نەماوە لە هەر چوار پارچەی کوردستان و لە هەموو دونیا، پاڵپشتی و پشتگیری لە ئاڵای کوردستان نەکردبێت، ئەم کەیسە کەیسی رێبوار تاڵەبانی نییە، بەڵکو کەیسی ئاڵایە، کەیسی هەموو کورد و کوردستانییەکە، تەنانەت کەسی بەشێکی زۆری نەتەوەکانی دیکەی وەکو تورکمان، عەرەب و مەسیحییەکانیشە، کە لەوبارەیەوە پاڵپشت بوونە”.
تاڵەبانی گوتی “دەبوو رۆژی دووشەممە 24-7-2017، لە دادگای ئیداری بڕیارە لەسەر ئەو کیسە بدرابووایە، جەنابی دادوەریش بڕیارەکەی ئامادەکردبوو، بەڵام دیارە لەبەر گرفتێک ئەو برادەرانەی سکاڵاکەیان تۆمارکردبوو کێشەیەکیان دروست کردبوو، بووە مایەی ئەوەی پرۆسەکە دوا بکەوێت”.
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، لە رێگەی پەیامێکەوە هۆشداری دەداتە حزب و لایەنە سیاسییەکان و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان، کە گومانی ئەوە دەکرێت کەیسەکە لەڕووی دادییەوە بەلاڕێدا ببرێت و داوا لەو لایەنانەنە دەکات، بە کردەیی بێنە نێو پرسەکە و لەڕووی کردەییەوە رۆڵی خۆیان ببین.
تاڵەبانی دەشڵێت “سوپاسی هەموو ئەو کەس و لایەنانە لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی حزبەکان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم، کە لەڕووی مەعنەوەییەوە پاڵپشت بوونە، ئەمڕۆش لە رێگەی پەیامێکەوە بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و مەکتەبی سیاسی سەرجەم حزبەکان و نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق، وەک لایەنێکی پەیوەندیدار بە زووترین کات و بە شێوەیەکی کرداری بێنە نێو کەیسەکە”.
رێبوار تاڵەبانی، بەپێویستی دەزانێت ئەنجومەنێکی داکۆکی کردن لە ئاڵا دروست بکرێت و دەڵێت “ئەو ئەنجومەنە دەبێت بە پاڵپشتی ئەو کەس و لایەنانەبێت کە ناویان هێنراوە”.
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک پێیوایە، پرۆسەی دادگاییکردنەکە و سکاڵایەکە چەند رەهەندێکی هەیە، “رەهەندێکی یاسایی و دەستووریە و دەبێت لەژێر چاودێری جەنابی سەرۆککۆمار بێت، هاوکات دەبێت لەژێر چاودێری سیاسی بێت و مەکتەبی سیاسی هەموو حزبەکان لەسەر هێڵ بن بۆ ئەوەی گوشاری سیاسی خۆیان هەبێت، دەشبێت لەسەر ئاستی پەرلەمانی عێراق نوێنەرانی کورد رۆڵی خۆیان ببینن”.
تاڵەبانی، هۆشداری لەوەش دەدات، کە لە 2ی 8 بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەو کەیسە دەدرێت و بە پێویستی دەزانێت “بەشێوەیەکی زیاتر کرداری ئەو لایەنانە بێنە نێو ئەو بابەتە، چونکە تەنها بە پاڵپشتی مەعنەوی ئەوکارە تەواو نابێت”.