مەسعود حەیدەر: عەبادی بەڵێنیداوە پارەی جووتیاران و بەشە دەرمان رەوانەی هەرێم بکرێت

0

نوچەنێت
ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، حەیدەر عەبادی بەڵێنی خەرجکردنی پارەی گەنمی جوتیاران و رەوانەکردنی دەرمان و کەلوپەلی تەندروستی بە نوێنەرانی کورد لە بەغدا داوە.

رۆژی دووشەممە 24-7-2017 ئەندامانی کوردی نێو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە.

مەسعود حەیدەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە (رووداو)ی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا نیگەرانی هەرێمی کوردستان و سەختی دۆخی ئابووری و تەندروستی، خەرجنەکردنی پارەی گەنمی جووتیاران-یان بە سەرۆکوەزیران راگەیاندووە.

مەسعود حەیدەر دەڵێت، بە عەبادی-یان گوتووە، ئەگەر بەم شێوەیە بێت ئەوا دەنگ بە پڕۆژەیاسای بودجەی تەواوکاری نادەن، لە کاتێکدا ئاوارەیەکی زۆری ناوچەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستان و سوود لە خزمەتگوزارییەکانی وەردەگرن”.

مەسعود حەیدەر، کە ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕانە لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبووەنەوەکەدا عەبادی بەڵێنیداوە، پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی ساڵانی 2013، 2015 و 2016 خەرجبکات، “بەشێوەیەکی یەکسان وەک تەواوی پارێزگاکانی دیکە مامەڵە لەگەڵ پارێزگای هەرێمی کوردستان بکات، نەک تەرخانکردنی بڕی تەنیا 17% لە پارەی تەرخانکراودا، کە لە بودجەکەدا بڕی تریلۆنێک و 658 ملیار دینار تەرخانکراوە”.

مەسعود حەیدەر گوتوویەتی، نیگەرانییەکانیان لەبارەی رەوانە نەکردنی دەرمان و کەلوپەلی تەندروستی پێویست بۆ هەرێمی کوردستان باسکردووە، لەکاتێکدا ئاوارەیەکی زۆری عێراقی لە نەخۆشخانەکانی کوردستان چارەسەر وەردەگرن و سوودمەندن، لەو بارەیەوە “عەبادی بەڵێنیدا بڕی تەرخانکراوی دەرمان و کەلوپەلی تەندروستی رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com