نوچەنێت-ئاژانسەکان
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی دروستکردنی حزبێکی نوێی بەناوی “رەوتی حیکمەی نیشتمانی” راگەیاند. لەگوتەیەکیدا دەڵێت “دەبێت کۆتایی بە گەندەڵی لە عێراق بهێندرێ و سامانی عێراق بەشێوەیەکی یەکسان دابەشبکرێت”.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 24-7-2017 لە گوتارێکدا لە بەغدا، عەمار حەکیم گوتاری وازهێنانی لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی پێشکەش کرد.
عەمار حەکیم رایگەیاند “پێویستمان بە رەوتێکی نوێیە، کە پڕۆژەی نیشتمانی پێشکەش بکات، بۆ ئەوەش رەوتی حیکمەی نیشتمانی رادەگەیێنین، کە رەوتێکی سیاسی نوێ دەبێت لە عێراق”.
لە گوتارەکەیدا، حەکیم دەڵێت “نابێت لە عێراق جیاوازی چینایەتی هەبێت، دەبێت کۆتایی بە گەندەڵی لە عێراق بهێندرێ و سامانی عێراق بەشێوەیەکی یەکسان دابەشبکرێت.
عەمار حەکیم لە گوتارەکەیدا سوپاسی رۆڵی ئێران و عەلی خامنەیی، رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد.
عەمار حەکیم کێیە؟
عەمار عەبدولعەزیز موحسین حەکیم لە ساڵی 1971 لە دایکبووە، کوڕی کەسایەتی دیاری سیاسی عێراقی، عەبدولعەزیز حەکیم-ە، کە ئەویش کوڕی مەرجەعی دیاری شیعەکان موحسین حەکیم-ە، کە لە ساڵی 1970 کۆچی دوایی کردووە.
عەمار حەکیم تاوەکو وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، چالاکیی جۆراوجۆری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئاینی و رۆشنبریی ئەنجامداوە، لەوانە سەرۆکایەتیکردنی دەزگای شەهیدی میحراب، لەدوای کۆچی دوایی باوکی و لەسەر وەسیەتی باوکی، لە ساڵی 2009دا بووەتە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی.
ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراقی فراکسیۆنێکی بەنێو (مواتن) هەیە، خاوەنی 30 کورسی پەرلەمانییە. حەکیم، هاوکات سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی(شیعەکان)ـە.
بەهۆی راوەدوونانیان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی عێراقییەوە، عەمار حەکیم لە ساڵی 1979 لەگەڵ باوکی عێراق بەجێدەهڵێت و لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەگیرسێنەوە، خوێندنی ناوەندی و دواتریش زانکۆیی لە ئێران تەواو دەکات و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە یاسا هەیە.
لەگەڵ ئەوەی بنەماڵەی حەکیم، پەیوەندییەکی مێژووییان لەگەڵ کورد هەیە، بەڵام بەم دواییانە عەمار حەکیم چەندین لێدوانی لەدژی گشتپرسی و سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان داوە.
ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراقی (ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە عێراقی “پێشوو)، لە 17ی تشرینی دووەمی ساڵی 1982 لە ئێران دامەزراوە، کە لەلایەن محەممەد باقر حەکیم دامەزرانی راگەیێندرا و خاوەن باڵێکی سەربازی بوو بەناوی فەیلەقی بەدر، دوای رووخانی رژێمی پێشوو، هەڵوەشانەوەی بەدر راگەیێندراو، بەڵام هادی عامری وەک سەرۆکی بەدر جیابووەوە و رێکخراوی بەدری دروستکرد.