تایبه‌ت: نوچه‌نێت
ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی باڵای ریفراندۆم رایده‌گه‌یه‌نێت، گوشاری وڵاتانی ئیقلیمی هیچ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ریفراندۆم نابێت، ده‌شڵێت “ئه‌گه‌ر به كۆده‌نگی ریفراندۆم ئه‌نجام بده‌ین سه‌ركه‌وتنێكی زۆر گه‌وره به ده‌ستده‌هێنین”.
رۆژی 7-6-2017 مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به ئاماده‌بونی سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسی و پێكهاته‌كانی كوردستان، (جگه له گۆڕان و كۆمه‌ڵ) بڕیاری ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی خه‌ڵكی كوردستان درا و هه‌ر له‌و كۆبوونه‌ویه‌دا بڕیار درا رۆژی 25-9-/2017 وه‌ك رۆژی راپرسی و ریفراندۆم دیاری بكرێت و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، به مه‌رسومێكی هه‌رێمی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان راسپێردرا ئاماده‌كاری پێویست بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمه‌كه بكات.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، د. عه‌بدوڵڵا وه‌رتێ، ئه‌ندامی لیژنه‌ی باڵای راپرسی، سه‌باره‌ت به دواین هه‌نگاوه‌كانی پرۆسه‌کە و كۆبوونه‌وه‌ی داهاتوی لیژنه‌کە رایگه‌یاند: تا ئێستا هیچ واده‌یه‌ك بۆ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی لیژنه‌ی باڵای ریفراندۆم دیاری نه‌كراوه، به‌ڵام به‌پێی زانیارییه‌كان له واده‌یه‌كی نزیكدا كۆبوونه‌وه‌كانی لیژنه‌كه ده‌ستپێده‌كاته‌وه.
سه‌باره‌ت به گوشاری وڵاتانی ئیقلیمی بۆ ئه‌نجام نه‌دانی ریفراندۆم، د.عه‌بدوڵڵا وه‌رتێ ده‌ڵێت، گوشاری وڵاتانی ئیقلیمی هه‌یه، به‌ڵام هیچ گوشارێك كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ریفراندۆم نابێت و پرۆسه‌كه وه‌ك خۆی ده‌ڕوات.
ناوبراو ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ش ره‌تده‌كاته‌وه، كه گوایه ئێران بۆ پێش‌گرتن له ئه‌نجامدانی ریفراندۆم هێزی له‌سه‌ر سنوره‌كانی كۆكردبێته‌وه و گوتی، ریفراندۆم واتا وه‌رگرتنی بۆچوونی خه‌ڵكی كوردستان، بۆیه باوه‌ڕناكه‌م ئێران كارێكی له‌و شیوه‌یه بكات، چونكه له به‌رژه‌وه‌ندی ئێرانیش نییه دژی خواستی خه‌ڵكی كوردستان بووه‌ستێته‌وه، گوتیشی “هێز له دژی كێ له دژی خه‌ڵكی كودستان، كه داوای چاره‌نوسی خۆیان ده‌كه‌ن؟
سه‌باره‌ت به كۆده‌نگی لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر گرنگی پرۆسه‌ی گشتپرسی، وه‌رتێ ده‌ڵێت، كۆده‌نگی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی ریفراندۆم گرنگیه‌كی زۆری هه‌یه و پرۆسه‌كه زۆر به‌هێزتر ده‌كات و واده‌كات بۆچوونی وڵاتان له‌سه‌ر گشتپرسی به ئه‌رێنی تر بشكێنێته‌وه. هه‌روه‌ها ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی ریفراندۆمه‌كه سه‌ركه‌وتنێكی ئێجگار گه‌وره‌تر به ده‌ستبهێنێت، بۆیه پێویسته گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامیش بینه ناو پرۆسه‌كه و داخوازیه‌كانیان جێگای بكرێته‌وه.