نوچەنێت: تایبەت
گوتەبێژی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی رایدەگەیەنێت، وەزارەت بڕیاری خەرجکردنى زیاتر لە شەش ملیۆن دۆلارى وەک قۆناغى حەوتەمى شایستەى دارایى خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى داوە و دەشڵێت “(179) خوێندکارى تواناسازى لێی سوودمەند دەبن”.
دواى ئەوەى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان رەزامەندى لەسەر خەرجکردنى بڕى (30) ملیۆن دۆلار بۆ خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى دەربڕى، بەتایبەت ئەوانەى ئێستا لە پڕۆسەى خوێندندان، بۆ ئەم مەبەستەش لێژنەى خەرجکردنى شایستە داراییەکانى خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى بڕیاری دا بەچەند قۆناغێك پارەکە خەرجبکرێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، عەباس ئەکرەم، گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتی هەرێم کوردستان رایگەیاند: لێژنەى دابەشکردنى شایستە داراییەکانى خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى بڕیاریدا بە خەرجکردنى قۆناغى حەوتەمى شایستەى دارایى خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى، کە تایبەتە بە کرێى خوێندن، دەرماڵەى ژیان، دەرماڵەى هاوسەر، بیمەى تەندروستى و هاتووچۆ.
گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەبارەی خەرجکردنی قۆناغى حەوتەمى شایستەى دارایى خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى ئاشکراکرد و دەڵێت “بڕەکەى بریتیە لە (549, 6,465) ملیۆن دۆلارى ئەمریکی، کە بڕە پارەکە بە یەک قۆناغ خەرج دەکرێت و، تیایدا (179) خوێندکارى بەرنامەى تواناسازى لە هەریەک لە زانکۆکانى (ئەمریکا، بەریتانیا، ئوستورالیا، سويد، هۆڵەندا، ئەڵمانیا، روسیا، ئيسپانیا، مالیزیا، تورکیا، فەرەنسا، دانیمارک، مصر و ئیران) لێى سودمەند دەبن”.
هاوکات عەباس ئەکرەم ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە پێشوتر لە شەش قۆناغى جيادا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕى (3,301,260) مليۆن دۆلارى ئەمریکى خەرجکردووە، کە (191) خوێندکارى بەرنامەى تواناسازى لە وڵاتە جیاکان لێى سودمەندبون، بەم پێیەش تائێستا لە حەوت قۆناغدا بڕى (9,766,809) مليۆن دۆلار بۆ (370) خوێندکارى تواناسازى لە وڵاتە جیاکان خەرجکراوە.