ئایا ترەمپ خۆی بۆ شەڕ لە دژی ئێران ئامادە دەکات؟

0

نوچەنێت-نیوزویک

گۆڤاری نیوزویکی ئەمریکا لە راپۆرتێکی شیکاریدا و بە ئاماژەدان بە پەیوەندییەکانی ئەم دواییانە نێوان ئەمریکا و ئێران، تیشکی خستۆتە سەر ئەم پرسیارە، کە ئایا دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیوەندی لە گەڵ رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهان، چ پلانێکی بۆ ئەم وڵاتە هەیە و ئایا ترەمپ خۆی بۆ شەڕی دژ بە ئێران ئامادە دەکات؟

نیوزویک شیکاریەکەی خۆی بە ئاماژەدان بە ناکۆکی و جیاوازی روانینی لایەنەکانی ئەمریکئ دەربارەی پابەندی یان پابەند نەبوونی ئێران بە رێککەوتنی ئەتۆمی دەستپێکردووە.

دیارە پێشتریش میدیاکانی ئەمریکا سەبارەت بە جیاوازی بۆچوون و روانگەی ئەمریکیەکان دەربارەی کەیسی ئەتۆمی ئێران بە تێروتەسەلی دواون و تەنانەت رایانگەیاند، کە ترەمپ دوای کۆبوونەوەی لە گەڵ تیمی ئاسایشێ نەتەوەیی خۆی، کە نزیک بە یەک کاتژمێری خایاندووە، سەرئەنجام ناچار بووە، کە پابەندی ئێران بە رێککەوتنی ئەتۆمی و خاڵە جەوهەرییەکانی پشتڕاست بکاتەوە.

نیوزویک لە درێژەی بابەتەکەی، ئاماژەی بە دوو گروپی سەرەکی لە پەیوەندی لە گەڵ دۆسیەی ئەتۆمی ئێران کردووە و نووسیویەتی: تا دوایین کاتەکان، توندڕەوەکانی بەشدار لەم کۆبوونەوە ترەمپیان بە قەناعەت گەیاندبوو، کە ئێران پابەندی رێککەوتنەکە نەماوە و دەبێ یەک لایەنە لە رێککەوتنەکە بێنە دەر. بەلام گروپی دووەم، کە کەسانی وەک رێکس تیلێرسۆن، وەزیری دەرەوە و جەیمز ماتیس، وەزیری بەرگری و هێربێرت ماکماستەر، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکایان تێدا دەبیندرێ، ترەمپیان گەیاندە ئەو باوەڕەی، کە بۆ جاری دووەم پابەندبوونی ئێران بە رێککەوتنەکە پشتڕاست بکەنەوە.

هەر چەند ئەم پشتڕاستکردنەوەیە، کۆمەڵێک ئەگەر و گریمانەی لە گەڵە. هەر دوای ئەم کۆبوونەوەیە بوو، کە ترەمپ رایسپارد، کە تیمێکی تایبەت ئەرکدار بکرێ تاکوو لە سێ مانگی داهاتوودا رادەی پابەندبوونی ئێران بە رێککەوتنەکە هەڵبسەنگێنن.

نیوزویک لە درێژەدا دەنووسێت: لە بنەرەتدا هەوڵی ترەمپ ئەوەیە، کە دۆخێک بۆ ئێران بهێنێتە کایەوە تا ئەم وڵاتە لە رێککەوتنەکە بێتە دەرەوە و بۆ ئەم مەبەستەش هەنگاوی جۆراوجۆری هەڵگرتووە. بۆ وێنە، دانانی گەمارۆی نوێ بۆ سەر ئێران، رێککەوتنی یاسادانەرانی ئەمریکی بۆ پەسەندکردنی بڕیاری گەمارۆی نوێ یان هەڕەشەکردن لە تاران، لە لایەن خودی دۆناڵد ترەمپەوە لە پەیوەندی لە گەڵ زیندانیانی ئەمریکایی لە ئێران.

هەموو ئەمانە کۆمەڵێک ئاماژەن، کە ترەمپ دەیهەوێ گوشارەکان بۆ سەر ئێران زیاتر و توندتر بکات،ئایا کۆی ئەم ئاماژانە مانای وایە، کە دۆناڵد ترەمپ خۆی بۆ شەڕ لە دژی ئێران ئامادە دەکات.

نیوزویک لە درێژەی راپۆرتەکەی دەنووسێت: نابێ لە بیری بکەین، کە هەڵبژاردنی بژاردەی شەڕ بە سەرنجدان بەو دۆخەی، کە ئێستا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێیدایە، چەندان گونجاو نییە. لە لایەک دۆخی هاوپەیمانانی عەرەبی ئەمریکا لە ناوچەکە واتە سعودیە، بەحرێن، ئیمارات و قەتەر، لە بار نییە و ئەم وڵاتانە لە فازی ململانێ و ناکۆکی نێوخۆییدان. لە لایەکی دیکەشەوە بە سەرنجدان بە دۆخی سوریا و پەیوەندییەکانی نێوان تاران و مۆسکۆ لە مەسەلەی سوریا، چوونە ناو قۆناغی شەڕ لە گەڵ ئێران بژاردەیەکی دژوارە.

سەرباری ئەمانەش نابی دۆخی عێراق پشتگوێ بخرێت. هەر چەند هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، کە ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات، رۆڵی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام نابێ رۆڵی ئێران و هێزەکانی وەفادار بەم وڵاتە لە عێراق نادیدە بگرین.

هەر چۆنێک بێت، ترەمپ گروپێکی راسپاردووە، کە پابەندی یان پابەندنەبوونی ئێران بە رێککەوتنی ئەتۆمی بە وردی هەڵبسەنگێنن. ئەنجامەکەی هەر چی بێت، ئەوە کۆشکی سپییە، کە دەبێ بڕیاری نوێ بدات. لێرەدا نابی ئەوەش لە بیر بکەین، کە لایەنەکانی دیکەی رێککەوتنی ئەتۆمی واتە ئەڵمانیا، روسیا، چین، بەریتانیا و هەروەها یەکێتی ئەوروپا، رایان لە سەر رای ترەمپ نییە و ئۆگرییان زۆرتر بەرەو لای بەردەوامی و پاراستنی رێککەوتنەکە هەیە.

ئەوەی دەمێنێتەوە، دەرئەنجامی ململانێ و مشتومڕی لایەنەکانی ناوخۆی ئەمریکایە و دەبێ چاوەڕێی ئەنجامەکانی بکرێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com