گۆڕان: هەوڵدەدەین لەگەڵ پارتیدا بگەینە چارەسەری کۆتایی

0

نوچەنێت: تایبەت

ئەندام پەرلەمانێکی گۆڕان رایدەگەیەنێت، پێویستە کۆبوونەوەی دووقۆڵی لەگەڵ پارتی لەسەر بابەتە گرنگەکان بکرێت و دەشڵێت “دەبێت بابەتی سەرۆکایەتی هەرێم و شێوازی سیستەمی سیاسی یەکلایی بکەینەوە”.

بەهۆی کێشەی سیاسی نێوان حزبەکانی باشوری کوردستان، بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان و بزوتنەوەی گۆران، نزیکەی 600 رۆژە پەرلەمانی کوردستان لەکار کەوتووە، لەماوەی رابردوودا چەندین جار هەوڵی کاراکردنەوەی ئەو دامەزراوەیە درا، بەڵام هەموو هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون، لەئێستادا پارتی دەیەوێت راستەوخۆ لەگەڵ گۆڕان کۆبوونەوەی دوقۆڵی ئەنجامبدات و راشکاوانە قسەی خۆیان لەسەر بابەتەگرینگەکان بکەن، کە گۆڕان بە کلیلی چارەسەری کێشەکانی نێوانیان ناوی دەبات، دواتر کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، بێستون فایەق، ئەندام پەرلەمانی کوردستان، لەفراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان، سەبارەت بە کۆبوونەوەی دووقۆڵی پارتی لەگەڵ حزبەکەی رایگەیاند: دەبێت کۆبوونەوەکە لەسەر بابەتە گرنگەکان بکرێت، هەروەها بابەتی سەرۆکایەتی هەرێم و شێوازی سیستەمی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بە تەواوی یەکلایی بکەینەوە.

بێستون فایەق  گوتیشی “پارتی جاران دەیگوت بادابنیشین پەرلەمانی کوردستان کارابکەینەوە، بەڵام ئێمە پێمان وابوو کاراکردنەوەی پەرلەمان دانیشتنی ناوێت، پەرلەمان هەیە و دەبێت کارابکرێتەوە، بۆیە گۆڕان ئەوکاتە ئەمجۆرە دانیشتنەی رەتدەکردەوە”.

ئەو پەرلەمانتارەی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی هۆکاری رەتنەکردنەوەی کۆبوونەوەی دواکراو لەلایەن پارتی لەگەڵ حزبەکەی دەڵێت “مادام ئەمجارە لەگەڵ پارتی لەسەر بابەتە سەرەکیەکان گفتو گۆ دەکرێت، بەتایبەت بابەتی سەرۆکایەتی هەرێم، ئەوەش هۆکاری رەتنەکردنەوەی کۆبوونەوەکەیە. هەروەها هەوڵدەدەین لە دانیشتنەکانمان لەگەڵ پارتی بگەینە چارەسەری کۆتایی و ئەنجامێکی باش، بۆ کۆتاییهێنان بە کێشە سیاسییەکان”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com