نوچەنێت: تایبەت
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، زانکۆی ئازاد لە شاری سنە (رۆژهەڵاتی کوردستان) لەلای ئەوان باوەڕپێکراو نییە و کار بە بڕوانامەکانیان ناکرێت و داواش دەکات “هیچ کەسێک سەردانی ئەو زانکۆیە نەکات بە مەبەستی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا”.
ساڵانە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن بۆ ئەو زانکۆیانەی دەرەوە دەکات، کە خوێندکاران و قوتابیانی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی درێژەدان بە خوێندنی باڵا، ماستەر و دکتۆرا سەردانی دەکەن، بۆ ئەم مەبەستەش لە ئێستادا زانکۆی ئازاد لە شاری سنە، لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە باوەڕپێکرا و نییە و داوا لە خوێندکاران دەکەن، روو لەو زانکۆیە نەکەن.
عەباس ئەکرەم گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەبارەی خوێندنی (ماستەر /دکتۆرا ) لەزانکۆیەکی سنە لە لێدوانێکیدا بە نوچەنێت، پشتڕاستی کردەوە و رایگەیاند “ئاگاداری خوێندکاران و قوتابیانی شارەکانی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە، بۆ لەمەودوا بە هیچ شێوەیەک بۆ درێژەدان بە خوێندنی باڵا ماستەر/ دکتۆرا، روو نەکەنە زانکۆی ئازاد لە سنە، چونکە لە لیستی زانکۆ باوەرپێکراوەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نییە”.
عەباس ئەکرەم گوتیشی “ئەوانەی لەمساڵەوە روو لەم زانکۆیە دەکەن ئەوا پارەکەیان بەهەدەر دەڕوات و لە داهاتووشدا بڕوانامەکانیان یەکساندنی بۆ ناکرێت و کار بە بڕوانامەکانیان ناکرێت”.