نوچەنێت
گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا ی هەرێم رایدەگەیەنێت، لەئەمساڵى خوێندنەوە پلە تایبەتەکان لە دامودەزگاکانى هەرێمى کوردستان، ناتوانن داواکارى بۆ خوێندنى باڵا ماستتەر/دکتۆرا لەناوخۆ و دەرەوەى هەرێم پێشکەش بکەن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، عەباس ئەکرەم، گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: وەزارەتەکەمان نوسراوى ئاراستەى گشت زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کردووە، کە لەئەمساڵى خوێندنى ماستەر و دکتۆرادا پلە تایبەتەکان بە هیچ شێوەیەک ناتوانن داواکارى بۆ خوێندنى باڵا ماستەر/ دکتۆرا لەناوخۆ و دەرەوەى هەرێم پێشکەش بکەن، تاوەکو لە پۆستەکانیاندا بەردەوام بن. چونکە پێویستە پلە تایبەتەکان خۆیان تەرخان بکەن بۆ ئەرکەکانیان تا لەو پۆستەدان.
عەباس ئەکرەم روونیشیکردەوە، کە بەپێى یاسای ژمارە 14ى ساڵى 2009ى هەموارکراو (یاساى راژەى شارستانى)، مۆڵەتى خوێندنى باڵا ماستەر/دکتۆرا بەشێوەیەکى خۆتەرخانکردنى تەواو (تفرغ تام) دەبێت، هەروەها لە رێنماى ژمارە 4 ى ماستەرو رێنمایى ژمارە 5 ى دکتۆرا کە لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرکراوەو لە رۆژنامەى رەسمى وەقائیعى کوردستان بڵاوکراوەتەوە، هەمان دەق ئاماژەى بۆ کراوە.
هەروەها سەبارەت بە پلە تایبەتەکان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گوتیشی “وەزارەتەکەمان نوسراوى ئاراستەى ئەنجومەنى شوراى هەرێم کرد، لەوەڵامدا بەنوسراوى رەسمى ئەنجومەنى شورا وەڵامى وەزارەتەکەمانى داوەتەوەو رایگەیاندووە، کە پلە تایبەتەکان لەدام و دەزگاکانى هەرێمى کوردستان ناتوانن لە هەمان کاتدا خوێندکار و قوتابى خوێنى باڵا ماستەر/دکتۆرا بێت و لە ئەرکەکەشیان بەردەوام بێت”.