نوچەنێت:تایبەت
ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی رایدەگەیەنێت، پارتی لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان وازی لە مەرجەکانی خۆی هێنا، بۆ ئەوەی پەرلەمانی کوردستان کارابکرێتەوە و دەشڵێت “گشتپرسی لەهەموو بابەتەکانی تر گرنگتر و لە پێشترە بۆ پارتی”.
بەهۆی کێشەی سیاسی نێوان حزبەکانی باشوری کوردستان، بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆران، نزیکەی 600 رۆژە پەرلەمانی کوردستان لەکار کەوتووە، لەماوەی رابردوودا چەندین جار هەوڵی کاراکردنەوەی ئەو دامەزراوەیە درا، بەڵام هەموو هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون، لەئێستاشدا پاتی بەتایبەت دوای دیاریکردنی کاتی ئەنجامدانی گشتپرسی، وازی لەمەرجەکانی خۆی هێناو دوای ئاساییکردنەوەی پەرلەمان دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش دەیەوێت راستەوخۆ لەگەڵ گۆڕان کۆبوونەوەی دوقۆڵی ئەنجامبدات و راشکاوانە قسەی خۆیان بکەن، بۆئەوەی دەروازەیەك بدۆزنەوە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان.
لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، فازیل بەشارەتی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بەگۆڕینی هەڵوێستی حزبەکەی لەسەر کاراکردنەوە پەرلەمان رایگەیاند: پارتی لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان، هەروەها ئەو بانگەوازە سەرتاسەریەی، کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حزبە کوردستانیەکانیش، بۆ بابەتی گشتپرسی هەیانە لە کوردستان، وازی لەمەرجەکانی خۆی هێنا بۆ ئەوەی پەرلەمان کارابکرێتەوە و کۆتایی بە کێشە سیاسییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان بێت، تاکو بەیەکەوە هەوڵی سەرخستنی گشتپرسییەکە بدەین.
بەشارەتی گوتیشی “گشتپرسی بابەتێکی زۆر هەستیارە و پێویستە خەڵکی کوردستان و هەموو لایەنە سیاسییەکان، لەئاستی خۆمان، پارتی لەپێش هەموو حزبەکانەوە تەنازول لە زۆر مافی خۆی بکات، لەپێناو ئەو پرسە چارەنوسسازە، کە گشتپرسی و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە”.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی جەختی لەوە کردەوە، کە گشتپرسی، لە هەموو بابەتەکانی تر گرنگتر و لە پێشترە بۆ پارتی و دەڵێت “ئەو گرفتانەی لەکوردستان هەیە، گرفتی ناوخۆیی و ناو ماڵی خۆمانن، بەڵام گشتپرسی بووەتە بابەتێکی جیهانی و لەئاستی نێو دەوڵەتی قسەی لەسەر دەکرێت، بۆیە دەبێت خۆمان لە هەموو کەس زیاتر قسە و هەڵوەستەمان لەسەری هەبێت”.