نوچەنێت: تایبەت
ئەندامی ئهنجومهنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت، پارێزگاری ئێستای سلێمانی هیچ یاسایەك لە پشتی نییە، کە بۆئەوەی پارێزگاری سلێمانی بێت.
رۆژی 3-5-2017 سەردار قادر، دەستلەکارکێشانەوی خۆی راگەیاند، بەگوێرەی نووسراوێکی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە رۆژی 9-5-2017 دەرکرا و ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ کرا، ئاماژە بە دانانی عومەر قەڵادزێی، لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی کرا. قەڵادزێی، لە پشکی یەکێتی نیشتمانییە، دوای ئەوەی فەرمانی دەستبەکاربوونی وەک پارێزگاری سلێمانی بە وەکالەت بۆ دەرچوو، رۆژی 11-5-2017 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی بەوەکالەت بە فەرمانی حزبەکەی بووە، هەروەها بە فەرمانی حزبەکەشی ئامادەیە پۆستەکە جێبهێڵێت”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، د. غالب محەمەد، ئەندامی ئهنجومهنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان، لەبارەی پۆستی پارێزگاری ئێستای سلێمانی بەوەکالەت رایگەیاند: پارێزگاری ئێستای سلێمانی هیچ یاسایەك لەپشتی نییە بۆ ئەوەی پارێزگاری سلێمانی بێت، ئەوەی کراوە پارێزگاری سلێمانی بەبیانوی ئەوە کراوە، کە ئەمە جێگری پارێزگارە، بۆیە دەکرێتە پارێزگاری سلێمانی.
د. غالب محەمەد ئاماژە بەوە دەدات، ئەگەر لە رووە یاساییەکەیەوە سەیری بابەتەکە بکرێت، جێگری پارێزگار نییە، چونکە لەناو ئەنجومەن دەنگی نەهێناوە.
هەروەها دەڵێت “ئەم کەسە (قەڵادزێی) ئاگای لە یاسا و رێنماییەکانی ئەنجومەن و یاسای ژمارە 3 نییە، کە مەرکەزیەتی تەواو جێبەجێ دەکرێت”.