تایبه‌ت: نوچه‌نێت
به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی لقی موسڵی پارتی دیموكراتی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، تا ئێستا هیچ زانیارییه‌كی پشتڕاستكراوه‌مان ده‌رباره‌ی چاره‌نوسی پێشمه‌رگه دیله‌كان به ده‌ست نه‌گه‌شتووه، ده‌شڵێت “له‌گه‌ڵ لایه‌نه عێراقیه‌كانی موسڵ له‌سه‌ر خه‌تین”.
ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه له هه‌ندێك له ماڵپه‌ڕو تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌واڵی ئازادكردنی چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌كی دیلی ده‌ستی داعشیان بلاوكرده‌وه له‌لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه له موسڵ، به‌ڵام تا ئێستا وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان هیچ زانیارییه‌كی باوه‌ڕپێكراویان له‌و باره‌یه‌وه بڵاو نه‌كردوه‌ته‌وه.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، سه‌عید مه‌موزینی، به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی لقی 14ی پارتی لە موسڵ، سه‌باره‌ت به دواین زانیاری ده‌رباره‌ی چاره‌نوسی پێشمه‌رگه دیله‌كانی ده‌ستی داعش، كه ده‌گوترێ به‌شێكیان له موسڵ له‌لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه ئازادكراون رایگه‌یاند: ئه‌وه‌ی بلاوكراوه‌ته‌وه ئێمه‌ش له ماڵپه‌ڕو تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بیستومانه و تائێستا به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانمان هیچ زانیاریه‌كی پشتڕاستكراوه‌مان له‌و باره‌یه‌وه به ده‌ستنه‌گه‌شتووه.
مه‌موزینی ده‌شڵێت، ئومێد ده‌كه‌م ئه‌و هه‌واڵه راست بێت و دواتر لایه‌نه عێراقیه‌كان و سوپای عێراق هه‌واڵی دڵخۆشكه‌رمان پێ بده‌ن ده‌رباره‌ی چاره‌نوسی پێشمه‌رگه دیله‌كانی ده‌ستی داعش. به گوته‌ی مه‌موزینی، تائێستا سوپای عێراق هیچ شتێكی فه‌رمیان له‌و باره‌یه‌وه پێ رانه‌گه‌یاندون، به‌و پێیه‌ی له ناو موسڵن.
ناوبراو ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، له به‌دواداچوونه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بین له‌گه‌ڵ لایه‌نی عێراقی بۆ دڵنیابوونەوەمان له چاره‌نوسی ئه‌و ناوانه‌ی، كه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تی و ماڵپه‌ڕه‌كان بڵاوكراونه‌ته‌وه، كه گوایه پێشمه‌رگه‌ن و له‌لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه موسڵ ئازادكراون.