پەرلەمانتارێک: لە هەرێمی کوردستان قەیرانی ئاومان نییە

0

نوچەنێت: تایبەت

ئەندامێکی لیژنه‌ى كشتوكاڵ و ئاودێرى پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، لەئێستادا هەرێمی کوردستان قەیرانی ئاوی نییە و دەڵێت “ئاوی ژێرزەوی و سەرزەوی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی خراپدا نییە، بەڵام شپرزەیی زۆر لە بەڕیوەبردنی ئاودا هەیە”.

هەرێمی کوردستان، ساڵانە پێویستی بە نزیکەی 30 ملیار مەتر سێجا ئاو هەیە، بۆ ئەوەی تووشی قەیرانی ئاو نەبێت، لەو رێژەیەش ساڵانە نزیکەی 12 ملیار مەتر سێجا ئاو لەدەرەوەی سنورەکان دێنە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، هەروەها نزیکەی 18 ملیار مەتر سێجا لەناوخۆ دابین دەکرێت.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، خەڵەف ئەحمەد، ئەندامی لیژنه‌ى كشتوكاڵ و ئاودێرى پەرلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی، سەبارەت بەقەیرانی ئاو لە هەرێم رایدگەیاند: لەئێستادا قەیرانی ئاومان نییە، بەڵام دەبێت پالانمان هەبێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا دووچاری قەیرانی ئاو نەبین، لەگەڵ ئەوەی، کە ئاوی ژێرزەوی و سەرزەوی هەرێم لەئاستێکی خراپدا نییە، بەڵام شپرزەیی زۆر لەبەڕیوەبردنی ئاو هەیە، ئەگەر ئاوا بەڕێوەبچێت لەداهاتوودا تووشی کێشەی گەورەمان دەکات، بۆیە دەبێت لایەنی پەیوەندیدار بەجددی لەسەر ئەم بابەتە کاربکات.

خەڵەف ئەحمەد، باسی لەوەشکرد، کە پڕۆژەیاسای رێکخستن و بەڕیوەبردنی ئاو لەهەرێمی کوردستان، بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕیوەبەرایەتییە گشتییەکانی ئاو ئامادەکراوە و دەڵێت “لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاساکە کراوە، بەڵام بەهۆی پەکخستنی پەرلەمانەوە هێشتا نەبووە بەیاسا، بەپێی پڕۆژەکە، شێوازی بەڕێوەبردنی ئاو لەهەرێمی کوردستان گۆڕانکاری بەسەردادێت و رێکخستنی جۆرایەتی زۆرباشی تێدادەکرێت”.

ئەو ئەندامەی لیژنه‌ى كشتوكاڵ و ئاودێرى پەرلەمانی کوردستان راشیگەیاند “لەئێستادا نزیکەی 18 بەنداو دیزاینی تەواو بووە و هەندێکیان لەژێر چاککردندان و هەندێکیتریان بەشێکی کارەکانیان تەواو بووە، بە تەواوبوونی ئەم بەنداوانەش رێگری دەکرێت لە بەفیڕۆدان و شپرزەیی لەبەڕێوەبردنی ئاو “.

بەگوتەی خەڵەف ئەحمەد، بەنداو هەیە هەموو کارەکانی تەواو بووە، تەنها ئەوە ماوە قەرەبووی ئەو جووتیارانە بکرێت، کە زەوییەکانیان دەبن بەژێر ئاوەوە، بەڵام حکومەت نەیتوانیوە قەرەبویان بکاتەوە.

هەروەها گوتیشی “ئەوانەی ،کە تەواوبوون پڕۆژەیان داوەتە حکومەتی هەرێم، کە قەرەبووی ئەو جووتیارانە بکرێتەوە بۆ ئەوەی ئاوی ئەو شوێنانە گل بدرێنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێت پەیوەندیمان لەگەڵ تورکیا و ئێران لە ئاستێکدا بێت، کە لە بەڕێوەبردنی ئاوی سنوورەکان و ئەودیو سنوورەکان، کوردستان تیایدا زەرەرمەندی گەورە نەبێت”.

ئەو ئەندام پەرلەمانە ئاماژە بەوە دەدات، کە نزیکەی 11 ملیار دینار تەرخانکراوە بۆ ئەو بەنداوانەی، رێژەی دەرچوونیان بەرزە و لە 60% بۆ سەروەیە، پێشیوایە لە ئایندەیەکی نزیکدا بەشێکی ئەو بەنداوانە تەواو دەبن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com