نوچەنێت
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، نامانەوێ ئەزموونی تاڵ و شكستخواردووی پێشوو دووبارە بكەینەوە. دەشڵێت، گەلی كوردستان ئاشتی و برایەتی دەوێت، بەڵام زمانی هەڕەشە و ئینكار لە كەس قبووڵ ناكات.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا دەڵێت “ئەو سەردەمە بەسەرچوو بە زمانی هەڕەشە و چاوسووركردنەوە دژی مافی رەوای گەلی كوردستان بوەستنەوە، حەزیش ناكەین كەس ئەو زمانە بەكار بهێنێت”.
دەقی پەیامەکە:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ژمارەیەك لە سیاسی و كاربەدەستانی عێراقی بۆ دژایەتیكردنی ڕیفراندۆم و مافەكانی گەلی كوردستان، باسی دەستوور و پابەندبوون بە دەستوور عێراق دەكەن. زۆر باشتر دەبوو ئەم بەڕێزانە بە وردی دەستووری عێراق ببینن، چونكە لە دیباجەی دەستووردا بە ڕوونی هاتووە، پابەندبوون بە دەستوور زامنی مانەوەی عێراقە بە یەكپارچەیی.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە، ئایا پابەندی دەستوور بوون؟ بە دەیان نموونە هەن پێشانی دەدات كە حكوومەتەكانی عێراق پابەندی ئەو دەستوورە نەبوون، كە خەڵكی عێراق دەنگی پێ دابوو. بە پێچەوانەی دەستوور لە سوپای عێراقدا پارسەنگ تێكدراوەو كورد پەراوێز خراوە، لەحاڵێكدا پێشمەرگە بناغەی سەرەكیی سوپای عێراقی لە دوای 2003 پێكهێنا.
لە سلكی دیپلۆماسی و كاروباری دەرەوەدا بە هەمان شێوە، كار بۆ گۆشەگیركردن و دەركردنی نوێنەرایەتی خەڵكی كوردستان دەكرێت، چەندین ساڵە پێشمەرگە ئابڵۆقە دراوە، كە بەشێك بووە لە مەنزوومەی بەرگری عێراق. ئەوە جگە لە پشتگوێ خستنی ماددەی 140 و پێكهێنانی ئەنجومەنی ئیتحادی، ئەو ئەنجومەنەی زامنی تەوافوق و تەوازونی ناو پێكهاتەكانی عێراقە. بە پێچەوانەی دەستوور هەوڵ دراوە بنەماكانی سیستەمی فیدڕاڵی پێشێل بكرێن یان جێبەجێ نەكرێن. كار گەییشتە ئەوەی نانی خەڵكی كوردستان بە نووكە ئیمزایەك ببڕن و نەیشمانبینی هیچ لایەنێكی سیاسی یان ناوەندێكی ئایینی، ئیدانەی ئەو بڕیارە نادەستووری و نامرۆڤانەیە بكات، كە قووتی خەڵكی كوردستان و شیری منداڵی كوردستانی بڕیوە. بەپێی كام یاسا و كام ماددەی دەستوور حكومەتی عێراقی ئەو مافەی هەیە ئیجرائاتی نایاسایی دەرهەق گەلی كوردستان بكات؟
لە لایەكی دیكەوە لەپێناو شەراكەتی نێوان پێكهاتەكاندا عێراق پێویستی بە بنەمای تەوافوق بوو، بەڵام ئەو تەوافوقەشیان تێكدا و ئێستا بانگەشە بۆ زۆرینەی سیاسی دەكەن، زۆر چاكیش دەزانین مەبەستیان لە زۆرینەی سیاسی چییە، كە لە راستیدا نەهێشتنی شەراكەت و پەراوێزخستنی پێكهاتە سەرەكییەكانی ترە.
بە هەموو لایەكیش رادەگەیێنین، كە ریفراندۆم مافێكی سرووشتی گەلی كوردستان و هەموو گەلانی جیهانە، ئەو مافە سرووشتییە دەبێ مومارەسە بكرێت و بۆچی تەنیا ئەو مافە لە گەلی كوردستان حەرام بكرێت؟
ئێمە ئیلتزاممان هەیە بەرانبەر خوێنی شەهیدانمان و رای گشتی و داوكارییە رەواكانی گەلەكەمان. بۆیە لەو مافەی خۆمان پاشگەز نابینەوە و گەلی كوردستان ئەو مافە سرووشتییەی خۆی بە شێوەیەكی ئاشتیانە و دوور لە توندوتیژی پیادە دەكات، چونكە نامانەوێ ئەزموونی تاڵ و شكستخواردووی پێشوو دووبارە بكەینەوە. بە باشی دەزانین هەردوولا دراوسێی یەكتر و قووڵایی ستراتیژیی یەكتر بین و وەك برا و دۆست هاوكار و هەماهەنگ بین لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا.
ئەو سەردەمەیش بەسەرچوو بە زمانی هەڕەشە و چاوسووركردنەوە دژی مافی ڕەوای گەلی كوردستان بوەستنەوە، حەزیش ناكەین كەس ئەو زمانە بەكار بهێنێت. گەلی كوردستان ئاشتی و برایەتیی دەوێت، بەڵام زمانی هەڕەشە و ئینكار لە كەس قبووڵ ناكات.