كه‌ركوك: دروستكردنی هێزێكی سه‌ربازی توركمانی سه‌ر به‌ توركیا ره‌تده‌كرێتەوە

0

نوچه‌نێت- شه‌فه‌ق نیوز

لیژنه‌ی ئاسایشی پارێزگای كه‌ركوك رۆژی دووشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، دروستكردنی هێزێكی سه‌ربازی توركمانی به‌ پشتیوانی توركیا ره‌تده‌كاته‌وه‌. جه‌ختی كرده‌وه‌، كه‌ هاوڵاتیانی كه‌ركوك به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانیه‌وه ‌له‌لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش و پۆلیسه‌وه‌ ده‌پارێزرێن.

نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری كه‌ركوك و سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌منی پارێزگاكه‌ به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاو كرده‌وه‌ و تیایدا هاتووه‌، لیژنه‌ی ئاسایش و ئیداره‌ی پارێزگای كه‌ركوك و هاوڵاتیانی پارێزگاكه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك دروستكردنی هێزێك ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تێكی دراوسێ یان هه‌ر ده‌وڵه‌تێكی دیكه‌ی بیانییه‌وه‌ پشتیوانی بكرێت.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، كه‌ پاراستنی گیان و سه‌روه‌ت و سامانی هاوڵاتیانی پارێزگاكه‌، به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانیه‌وه‌ له‌ ئه‌ستۆی پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش و پۆلیسدایه‌، كه‌ به‌ شه‌و و رۆژ پشوو ناده‌ن و قوربانی زۆریان له‌پێناویدا داوه‌.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌، دروستكردنی هێزێكی له‌مجۆره‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوری عێراقه‌ و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی عێراق به‌ گشتی و شاری كه‌ركوك به‌ تایبه‌تی. هه‌روه‌ها ده‌بێته‌ هۆكارێك بۆ لێكترازاندنی پێكهاته‌كانی پارێزگاكه‌، كه‌ ئێستا به‌ برایانه‌ ده‌ژین و په‌یوه‌ندی سه‌قامگیرییان هه‌یه‌ پێكه‌وه‌.

هه‌روه‌ها له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌، ده‌رگا كراوه‌یه‌ له‌ به‌رده‌م هه‌ر هاوڵاتییه‌كدا له‌ هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك، كه‌ بیه‌وێت به‌ شێوه‌یه‌كی یاسایی بێته‌ ناو رێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و ده‌زگا ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ و به‌شدار بێت له‌ چه‌سپاندنی ئاسایش و سه‌قامگیری و رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی رێكخراوی تیرۆرستی داعش.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com