نوچەنێت: تایبەت
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت، گەنجێک بە دەستڕێژی گوللـە کوژرا و تا ئێستا هۆکاری کوشتنەکەی نازانرێت، دەشڵێت “کەسیش لەسەر کوشتنەکەی دەستگیرنەکراوە”.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەبارەی کوژرانی گەنجەکەی سلێمانی لە ئەمڕۆ رایگەیاند: نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 18-7-2017 لەنزیک مزگەوتی سەیوانی دووەم لە شاری سلێمانی لەلایەن ئۆتۆمبێلێک، کە چەند کەسێکی تێدابووە، گەنجێک درایە بەر بە دەستڕێژی گوللە، کە لەناو ئۆتۆمبێلێکی بیئێم دا بووە، دوای گەیشتنی بە نەخۆشخانە گیانی لە دەستداوە.
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە گەنجەکە خەڵکی شاری سلێمانییە، ناوی (هـ، ب،ع) و تەمەنی 28 ساڵە.
هەروەها گوتیشی “تیمەکانی بەڵگەی تاوانی پۆلیسی سلێمانی و ئاسایشی سلێمانی چوونەتە شوێنی رووداوەکە، ئیێستا خەریکی لێکۆڵینەوەن لەرووداوەکە، تۆمەتبارەکان لەسەر رووداوەکە هەڵاتوون، بەڵام پۆلیس خەریکی کۆکردنەوەی زانیاریە لەسەریان”.