نوچەنێت
لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، کە ئەندامێکی شاندەکەی یەکێتی بۆ تاران بوو رایدەگەیەنێت، بە ئێرانمان راگەیاند گشتپرسی گەرەنتییە بۆ داهاتووی ئێمە. دەشڵێت پێمانگوتن “گشتپرسی بڕیاری هیچ لایەنێکیش نییە بە تەنیا، بەڵکو بڕیاری هەموو لایەنەکانە”.
ئێوارەی یەکشەممە 16-7-2017 شاندێكی یهكێتی سەردانی تارانی كرد، كە لەلایهن كۆسرهت رهسول، جێگری یهكهمی سكرتێری گشتیی سهرۆكایهتی دهكرێت، مهلا بهختیار، عومهر فهتاح، خهسرهو گوڵ محهممهد ، مەحموود سەنگاوی و نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران یاوەری شاندەکەبوون.
مەلابەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پاش گەڕانەوەی شاندی حزبەکەی لە ئێران، کە خۆی یەکێک بوو لە ئەندامانی شاندەکە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “چوار کۆبوونەوەی فەرمیمان کرد و لە هەر چوار کۆبوونەوەکەدا بە راشکاوی بە کۆماری ئیسلامی ئێرانمان راگەیاند، ئێمە نە لە کۆنگرە نەتەوەییەکان و نە لە دۆخی ناو عێراق و نە شەڕی دوای داعش، وەک کورد و وەک ئەزموون و وەک ناوچە کێشە لەسەرەکان، دڵنیا نین لە داهاتووی خۆمان، بۆیە بڕیاری گشتپرسی، رێگای گەرەنتی داهاتووی ئێمەیە، گشتپرسی بڕیاری هیچ لایەنێکیش نییە بە تەنیا، بەڵکو بڕیاری هەموو لایەنەکانە”.
مەلا بەختیار گوتی “لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە رەسمی بانگهێشتکرابووین، پێش ئەوەی بڕۆین سەردانی گۆڕان و پارتیمان کرد، چوار کۆبوونەوەی فەرمیمان ئەنجامدا، لە هەر چوار کۆبوونەوەکە کۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاری رەسمی سەبارەت بە گشتپرسی بە ئێمە راگەیاند، ئێمەیش لە هەر چوار کۆبوونەوەکە هەمەلایەنە دۆخی عێراق، دۆخی ناوچەکە، دۆخی جیهان و نیگەرانییەکانی نەتەوەی کورد و ئەزموونی هەرێمی کوردستان و ناوچە کێشە لەسەرەکانمان بە دوور و درێژی روونکردەوە”.
ئەو ئەندامەی شاندەکەی یەکێتی لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت “بە کۆماری ئیسلامی ئێرانمان راگەیاند، تکایە هەر وەک چۆن ئێوە حساب بۆ سیاسەتەکانی خۆتان و ئاسایشی ناوچەکە و عێراق دەکەن، ئێمەیش بەشێکین لەو پرۆسەیە، هەلومەرجەکە هەمووی گۆڕاوە، ناوخۆی عێراق و ناوچەکە هەمووی گۆڕاوە، بێگومان ئێمەیش وەک کورد بەبیرێکی وردتر، قووڵتر و هەمەلایەنەتر، بیر لە چارەنووسی خۆمان دەکەینەوە”.
رۆژی دووشەممە 17-7-2017 شاندەکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەکە عەلی شەمخانی رایگەیاند، هەرچەند رەنگە پرسی گشتپرسی بابەتێکی سەرنجڕاکێش بێت، بەڵام “دەبێتە هۆی گۆشەگیری و دروستبوونی گوشار لەسەر کوردی عێراق”.
لە کۆبوونەوەکەدا عەلی شەمخانی گشتپرسی “بە هۆکاری لاوازبوونی کوردستانی عێراق و سەرجەم عێراق” داناوە.
هەروەها ئێوارەی سێشەممە 18-7-2017 شاندەکەی یەکێتی لەگەڵ عەلی لاریجانی ، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و شاندێکی یاوەری کۆبوونەوە.

شاندی یەکێتی لەگەڵ عەلی لاریجانی

شاندەکەی یەکێتی لەگەڵ عەلی شەمخانی