د. غالب محەمەد: لامەرکەزی سلێمانی وەکو خۆی جێبەجێ ناکرێت 

0

نوچەنێت: تایبەت

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت، پەسەندکردنی پڕۆژەی لامەرکەزیی کارگێڕی و دارایی لە ئەنجومەنی پارێزگا، باوەڕ ناکەم وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و دەشڵێت”تێبینیم لەسەر پڕۆژەکە هەبووە و بەو مەرجەش دەنگم داوە، تێبینیەکانم جێبەجێبکرێت”.  

پڕۆژەی لامەرکەزیی کارگێڕی و دارایی لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ سێشەممە 18-7-2017، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پەسەندکرا، بڕیارە پڕۆژەکە بۆ رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران رەوانەبکرێت تاکو بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، د. غالب محەمەد، ئەندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی گۆڕان، لەبارەی پەسەندکردنی پڕۆژەی لامەرکەزی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: ئێمە لەگەڵ سیستەمی لامەرکەزین و ئەوەی، کە پەسەندکراوە لامەرکەزیەتێکی کەمە، بەڵام کۆمەڵێک تێبینیمان لەسەر پڕۆژەکە هەبوو، کاتێك باسی لامەرکەزی کارگێڕی و دارایی دەکرێت، دەبێت لایەنەکان بەتایبەت یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی جێبەجێیبکات، چونکە یەکێتی ئاگای لەداهاتی سلێمانی هەیە و ئێمە ئاگامان لێی نییە.

د. غالب محەمەد، لە سێ خاڵدا باسی لە ناوەڕۆکی پڕۆژەکەکردووە:

یەکەم : دەبێت بزانرێت داهاتی سلێمانی چەندە و بۆکوێ دەچێت و چۆن سەرفدەکرێت، کەداهاتەکەی 70 بۆ 80  ملیار دینارە،

دووەم: کار لەسەر ئەوەبکرێت، لامەرکەزیەتیێکی کرچ و کاڵ نەبێت، بەڵکو لامەرکەزیەتێك بێت، کە هاوڵاتیان لێی سودمەندبن، کە بەدرووستکردنی پاڵاوگە و دەستوەرنەدانی سامانە سرووشتییەکانە لە نەوتی سپی، بەنزین و شتەکانی تر،

سێیەم: بەشێکی زۆر غازی سرووشتی لەم دەڤەرە بۆ هەرێمی کوردستان دەکرێتە بەرهەمهێنانی کارەبا، بەڵام دەڤەرەکە خۆی بەردەوام کێشەی کارەبای هەیە، دەبێت ئەمە چارەسەربکرێت”. 

سەبارەت بە لایەنە ئیداریەکەی د. غالب محەمەد باسی لەوە کرد، کە کێشەی ئەوەیان لەگەڵ یەکێتی هەیە، خۆی پێشێلی یاساکانی ئەنجومەن دەکات، بەڵام لەوێشەوە پڕۆژەی هەیە بۆ لامەرکەزیەت و دەڵێت “ئەمە دووشتی لەیەك جیاوازە، بۆ نمونە یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی، 41 پۆستی هەیە، بەڵام سەرجەمیان نایاساییە، بە پۆستی پارێزگاری ئێستاشەوە”.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگار سلێمانی جەختی لەوە کردەوە، کە ئەو لەگەڵ لامەرکەزیەتێکە، کە بەسیستەم بکرێت و گوتیشی “ئەگەر وانەبێت، لایەنە خراپەکەی ئەوەیە، کەسێك لێرە بەهێز دەکرێت، کە وەکو مەرکەزیەتەکەی بەغدا مامەڵەمان لەگەڵ دەکات، یان وەکو مەرکەزیەتەکەی هەولێر مامەڵەمان لەگەڵ دەکات. هەروەها ئەگەر بە سیستەم بکرێت، کە دەسەڵات شۆڕکردنەوەیە بۆ خوارەوە، بەڵام باوەڕ ناکەم ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ بکرێت، بۆیە پێویست ناکات ئێمە نوسراو بکەین بۆ ئەنجومەنی وەزیران، پێویستە خۆمان جێبەجێی بکەین”.

د. غالب ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە تێبینی لەسەر پڕۆژەکە هەبووە و بەو مەرجەش دەنگی داوە، تێبینیەکانی جێبەجێ بکرێت، پێشیوایە ئەگەر وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، ئەوە سوودی بۆ پارێزگای سلێمانی دەبێت.

هاوکات داواش لە جێگری ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمیش دەکات، بەوەی، کە پڕۆژەکە هی یەکێتییە و ئەوانیش پشتیوانیان لێکردووە و دەنگیان لەسەر داوە، باهیچ نەبێت قوباد تاڵەبانی، خۆی جێبەجێی بکات، ئەگەرنا ناکرێت داوا لە لایەنەکانی دیکە بکرێت جێبەجێی بکات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com