نوچەنێت
لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، پڕۆژەی لامەرکەزی کارگێڕی و دارایی پەسەندکرا و بڕیارە پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیرانیش بکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان، تەواوی فراکسیۆنەکانی نێو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەنگیان بە پڕۆژەکە دا، بەو پێیەی ئەو پڕۆژەیە وەکو یاسا لەنێو یاسای پارێزگاکاندا هەیە.
دوای پەسندکردنی پڕۆژەی لامەرکەزی کارگێڕی و دارایی لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، پرۆژەکە لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت، بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی نێو یاسایەکە، کە لە ساڵی 2009 پەرلەمانی کوردستان پەسندی کردووە و سیستەمی لامەرکەزی بە پارێزگاکان بەخشیوە، بەڵام نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەو خاڵەی لە کۆبوونەوەکەدا زۆر جێگەی گفتوگۆ بوو، پرسی داهاتی نێوخۆی پارێزگای سلێمانی بوو، کاتێک داوای جێبەجێکردنی سیستەمی لامەرکەزی کارگێڕی و دارایی دەکرێت، دەبێت بڕی داهاتەکە دیاربێت.
بەپێی پرۆژەکە، داهاتی نێوخۆی پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 260 ملیار دینارە بۆ ساڵێک و ساڵی 2015 بەنموونە وەرگیراوە. بەڵام بەگوتەی ئەندامێکی ئەنجومەن ئێستا داهاتەکە زۆر لەوە زیاترە و دەگاتە سەرووی 300 ملیار دینار.