نوچەنێت-رووداو
نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی گشتپرسیی باشووری کوردستان بۆ سەربەخۆیی، خەریکی ئامادەکردنی پێشنیازێکە بۆ بارزانی. “نوێنەری عێراق لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت ” عێراق وڵاتێکی دیموکراسی، یەکگرتوو و خاوەن سیادەی خۆیەتی”.
محەممەد مەجید، جێبەجێکاری کاروباری نوێنەرایەتی عێراق، لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بە عێراق رایگەیاند “بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەن، عێراق وڵاتێکی فیدراڵیە، یەکگرتووە و سەربەخۆیە و سەروەری تەواوی هەیە، هەروەها خاوەن دەستوورێکی فیدراڵی دیموکراسییە”.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی، ئەم جەختکردنەوەیەی نوێنەری عێراق لەسەر سەروەری و سیادە، پەیامی عێراقە بۆ ئەندامانی ئەنجومەنەکە، کە پرسی کورد و گشتپرسی، کێشەیەکی ناوخۆییە و کێشەیەکە لەگەڵ حکومەتێکی لۆکاڵی. بەڵام بەپێچەوانەوە نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، گشتپرسیی وەکو کێشەیەک لەنێوان دوو حکومەت و دوو لایەن وەسفکرد.
یان کۆبش، نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق رایگەیاند “نابێت پرسێکی گرنگی وەکو گشتپرسی بەبێ لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت. بەپێی راوێژی سکرتێری گشتی، داوا لە هەردوولا دەکەم، بە زووترین کات دەست بە دانووستاندن بکەن”.
نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر پرەنسیپی رێزگرتن لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵاتان دامەزراوە، بۆیە زۆر زەحمەتە نوێنەری وڵاتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە ئاشکرا پشتگیری لە دابەشبوونی وڵاتێک بکات.
ئولووف سکوگ، باڵیۆزی سوید لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت “ئێمە پشتگیری لە گشتپرسی ناکەین، هەندێک هەڵبژاردنی لۆکاڵی هەن، کە گرنگە ئەنجام بدرێن، بەڵام دەبێت وڵاتەکە بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە. ئەوەش مانای ئەوەیە دەبێت دیموکراسیەت هەبێت”.
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی بەریتانیش بە رووداوی راگەیاند، ئەگەر گشتپرسییەکە بە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا ئەنجامبدرێت، بەریتانیا پشتگیری دەکات.
زۆربەی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش لە دژی گشتپرسی نین، بەڵام دەڵێن نابێت لەم کاتەدا ئەنجام بدرێت. لەبەرئەوە بەگوێرەی سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەیەوێت بە پشتگیری ئەمریکا پێشنیازی میکانزیمێک بکات بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، تاوەکو گشتپرسییەکە دوا بخات. بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، کاتی گشتپرسییەکە پێچەوانەی ئەولەویەتەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە. پرسیار ئەوەیە: ئەو ئەولەویەت و ئامانجانەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی چین لە عێراق؟
سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دوای کۆبوونەوەیەکی داخراو لەبارەی عێراق، وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە. لیو ژی، باڵیۆزی چین و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی گوتی “پێشڤەچوونی باش هەیە لە عێراق. گرنگە پێشڤەچوونەکان بپارێزین. دەبێت پێکەوە هەوڵی باشترکردنی دۆخەکەش بدەین، بەتایبەتی لە لایەنی ئاشتەوایی نیشتیمانی، سەقامگیری، گەڕانەوەی ئاوارەکان و گەشەپێدانی ئابووری”.
بەڵام هیچ کام لە نوێنەرانی وڵاتان روونی ناکەنەوە، چۆن گشتپرسی پێچەوانەی ئەو ئامانج و ئەولەویەتانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە لە عێراق.