نوچەنێت
سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له شاندێكی دیپلۆماسی كۆماری ئیسلامی ئێران به سه‌رۆكایه‌تی ئیره‌ج مه‌سجدی، باڵیۆزی ئێران له عێراق، كرد.
ئێواره‌ی رۆژی یه‌كشه‌ممەش 16-7-2017، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە ئیره‌ج مه‌سجدی، باڵیۆزی نوێی كۆماری ئیسلامی ئێران له عێراق و كونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران له هه‌ولێر و شاندێکی یاوەری کرد.
نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 17-7-2017، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له شاندێكی دیپلۆماسی كۆماری ئیسلامی ئێران کرد و لە کۆبوونەوەکەدا، كونسوڵه‌كانی ئێران له هه‌ولێر، سلێمانی، به‌سرا، نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا ئامادە بوون. شاندی هەرێمی کوردستانیش لە ژمارەیەک وەزیر و بەرپرسی حزبی پێکهاتبوون.
بەپێی راگەیەندراوی حکومەتی هەرێم، له کۆبوونەوەکەدا شاندی ئێران جه‌ختیان له په‌یوه‌ندییه دێرینه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران كرده‌وه.
شاندی ئێران “ئاماده‌ییی وڵاته‌كه‌یان بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان له هه‌موو بواره‌كاندا و پێشكه‌شكردنی هاوكاری و ئاسانكاری بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، نیشاندا”.
نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه و هاوكارییه‌كانی ئێرانی له رابردوو و ئێستا بۆ هه‌رێمی كوردستان كردووە. ئاماده‌یی هه‌رێمی كوردستانیشی بۆ بره‌ودانی زیاتر به په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئێران نیشانداوە.
سەرۆکوەزیران نێچیرڤان بارزانی دووپاتیكردووەتەوە “ئێران ده‌توانێت له چاره‌سه‌ركردنی كێشه هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، رۆڵی خۆی بگێڕێت”. پوخته‌یه‌كیشی ده‌رباره‌ی بارودۆخی ئێستای ناوچه‌كه و پێشهاته‌كانی شه‌ڕی دژی تیرۆرستانی داعش پێشكه‌ش كرد.
ئەو کۆبوونەوە فراوانە هاوکاتە لەگەڵ كۆبوونه‌وه‌ی گشتیی باڵیۆزخانه‌ی ئێران لە عێراق له‌گه‌ڵ كونسوڵخانەکانی، كه ساڵانه له پارێزگایه‌كی عێراق ئەنجامدەدرێت و ئه‌مساڵ له هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامیاندا.