پارتی: هیوادارین بە هەڵبژاردنی رێکخەری نوێ گۆڕان پەیوەندییەکانمان باشتربێت

0

نوچەنێت: تایبەت

پەرلەمانتارێکی پارتی رایدەگەیەنێت، پەیوەندییان بە بارودۆخی ناوخۆی گۆڕانەوە نییە، کە کێ دەبێتە رێکخەری نوێ، بەڵام ئەوەی بەڵای ئەوانەوە گرنگە گۆڕان لەو گوتارە توند و زمانە زبرە بێتە خوارەوە. دەشڵێت “هیوادارین دوای هەڵبژاردنی رێکخەرێکی نوێ بۆ بزوتنەوەی گۆڕان پەیوەندیمان باشتر بێت”.

بڕیارە رۆژی 25-7-2017 لە ساڵیادی یەكەم بەشداریی گۆڕان لە پرۆسەی هەڵبژاردن كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بوو، جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، بۆ هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن كۆببێتەوە، دواتریش كەسێك لە خانەكە بە رێكخەری گشتی هەڵدەبژێردرێ‌، بەهێزترین كاندیدیش بۆ ئەو پۆستە هەریەك لە قادری حاجی عەلی و عومەری سەید عەلی، هەڵسوڕاوانی باڵای بزووتنەوەكەن.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، د.فرسەت سۆفی، ئەندام پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە چاوەڕوانی حزبەکی لە رێکخەرێکی نوێ بۆ گۆڕان رایگەیاند: کە پەیوەندییان بە بارودۆخی ناوخۆی گۆڕانەوە نییە، کە کێ دەبێتە رێکخەری نوێ، بەڵام ئەوەی بەڵای ئەوانەوە گرنگە گۆڕان لەو گوتارە توند و زمانە زبرە بێتە خوارەوە. هەروەها بەلۆژیکێکی روون و ئاشکرا بێتە پێشەوە، بۆ ئەوەی بەیەکەوە دابنیشن و گفتو گۆ بکەن، ئەو دابڕان و دووریە کۆتایی پێبهێنین و چارەسەری کێشەکانی هەرێمی کوردستان بکەین.

 فرسەت سۆفی گوتیشی “داوامان لەبزووتنەوەی گۆڕان ئەوەیە، بەگوتارێکی نەرمەوە لەگەڵ پڕۆسەی گشتپرسی و سەربەخۆی کوردستاندابن و پشتیوانی بکەن و ئەو دەنگە زبر و زمانە توندانە بێدەنگ بکەن، بۆ ئەوەی بەیەکەوە ئەم قۆناغە چارەنوسسازە تێپەرێنین”.  

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی، هیوای خواست، کە دوای هەڵبژاردنی رێکخەرێکی نوێ بۆ گۆڕان، پەیوەندی حزبەکەی لەگەڵ گٶڕان بچێتە قۆناغێکی باشترەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com