حەیدەر شەشۆ: هەر لایەنێك هەوڵی دابڕینی شنگال بدات لە كوردستان بە خیانەتی دەزانم

0

نوچەنێت-رووداو
یەكەمین كۆنگرەی پارتی ئێزیدیی دیموكرات، كە سكرتێرەكەی حەیدەر شەشۆیە، لە دهۆك بەڕێوەچوو، لە كۆنگرەكەدا 17 كەس وەكو ئەنجومەنی بەڕێوەبەری حزبەكە دەستنیشانكران. شەشۆ دەڵێت “هەر لایەنێك هەوڵی دابڕینی شنگال بدات لە كوردستان بە خیانەتی دەزانم”.

یەكەمین كۆنگرەی پارتی ئێزیدیی دیموكرات، كە سكرتێرەكەی حەیدەر شەشۆیە، بە بەشداریی نزیكەی 500 كەس لە سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق و باشووری كوردستان، لە دهۆك بەڕێوەچوو، لە كۆنگرەكەدا 17 كەس وەكو ئەنجومەنی بەڕێوەبەری حزبەكە دەستنیشانكران

كاتێك داعش لە ئابی 2014 هێرشی كردە سەر شنگال، حەیدەر شەشۆ، ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی بوو، لەگەڵ ژمارەیەك كوردی ئێزدی هێزێكیان پێكهێنا و توانییان بەرگرییەكی بێ‌ وێنە لە مەزاری شێخ شەرفەدین لە بناری چیای شنگال بكەن، شەشۆ لەوێ‌ بووە ناوێكی دیار. لە سەرەتای 2015 هێزێكی بەناوی هێزی پاراستنی ئێزدیخان دروستكرد، كە سەرەتا هاوكاریی لە بەغدا وەردەگرت، بۆیە بۆ ماوەیەك لەلایەن ئاسایشی پارتی لە دهۆك دەستگیركرا و دواتر ئازاد كرا.

سەرەتای ئەمساڵ، بەشێك لەو هێزە كە ژمارەیان هەزار كەس بوو، بوونە لیوایەكی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە. حەیدەر شەشۆ دواتر حیزبێكی بەناوی حیزبی ئێزدیی دیموكرات دروستكرد، رۆژی 157\2015 لە هۆڵی كۆنگرەكان لە شاری دهۆك، یەكەمین كۆنگرەی ئەو حیزبە بەسترا.

حەیدەر شەشۆ باسی هۆكاری دامەزراندنی ئەو پارتەی كرد و گوتی “دوای ئەو كارەساتەی بەسەر ئێزدییەكانی شنگال هات، هەستمكرد ئێزدییەكان پێویستیان بە پارتێكە كە بتوانێ‌ خزمەتی ئێزدییان بكات و بەرگرییان لێ بكات. سەرەتا وەكو هێزێكی سەربازی بووین، دوای كەمبوونەوەی مەترسیی داعش، هەستمانكرد پێویستمان بە دامەزراندنی پارتێكی سیاسییە”.

پارتەكەی شەشۆ، ناوەكەی ئێزدییە، بەڵام شەشۆ دەڵێت دەرگای بۆ هەموو نەتەوە و كەمینەیەك كراوەیە “ئەم پارتە تەنیا بۆ ئێزدیان نابێت، بەڵكو لە سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق، عەرەب، كوردی موسوڵمان، كریستیان، ئەوانەی پێش ئێستا بەرگریان لە ئێمە دەكرد، ئێستا بەشدارن لەناو پارتی ئێمە و بەرپرسیارێتیان هەیە”.

حەیدەر دەڵێت “بەپێی یاسای دامەزراندنی پارت، شەش مانگ لەمەوبەر پەیڕەوی ناوخۆمان پێشكێشی كۆمیسیۆن كردبوو، ئێستا مۆڵەتی فەرمیمان لە كۆمسیۆن وەرگرتووە”. 

شەشۆ سەبارەت بە مۆڵەت وەرگرتن لە كوردستان، گوتی “تەنیا پێویستی بە ئاگاداركردنەوەی وەزارەتی ناوخۆ هەیە، وەزارەتی ناوخۆشمان بە فەرمی ئاگادار كردووەتەوە. بەستنی كۆنگرەكەش لە دهۆك بە رەزامەندیی پارتی و وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە”.

بارەگای حزبەكەی حەیدەر شەشۆ لە شاری سلێمانییە، بەڵام حەیدەر شەشۆ دەڵێت، لە نزیكترین دەمدا بارەگا لە هەولێر و دهۆكیش دەكەنەوە. شەشۆ گوتی “پاش تەواوبوونی رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ، بارەگا لە دهۆك و هەولێریش دەكەینەوە. لەبەر ئەوەی ئێزدییەكان نزیكن لە دهۆك بۆیە مەكتەبی سیاسیمان لە دهۆك دەبێ‌”.

سەبارەت بە بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنەكان، حەیدەر شەشۆ گوتی “لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و كوردستان بەشدار دەبین، ناتوانین پێشبینی رێژەی دەنگی خۆمان بكەین، چونكە لە شنگال پارتی و یەكێتی و زۆر پارتی دیكەش جەماوەری خۆیان هەیە، بەڵام هەتا ئێستا ئێزدی زۆربەیان پشتگیریمان دەكەن”.

لە یەكەم كۆنگرەی حزبەكەی شەشۆدا 17 كەس وەكو ئەنجومەنی بەڕێوەبردن دەستنیشان كران، كە چواریان خەڵكی بەغدان و هەندێكیشیان خەڵكی موسڵن. شەشۆ گوتی، 500 كەس بەشداریی كۆنگرەكەیان كرد، ئەو ستافە 17 كەسییەی بۆ بەڕێوەبردنی حزب دەستنیشانكراون كاتین، هەتا كۆنگرەی داهاتوو، كە رەنگە لە ناوەڕاستی 2018 ببەسترێ‌”.

یەكەم كۆنگرەی ئەو پارتە بەشێوەیەكی زۆر ئاشكرا نەبوو، هیچ پارتێكی سیاسی و نوێنەری وڵاتان بانگهێشت نەكرابوون. شەشۆ لەو بارەیەوە گوتی “یەكەم كۆنگرەمان بوو، نەمانویست كەس بانگ بكەین، كۆنگرەكە زۆر بە سەركەوتوویی بەڕێوەچوو. راستە هەتا ئێستا كەس پیرۆزبایی لێنەكردووین، بەڵام خۆی رێپێدان بە كردنەوەی بارەگامان لە سلێمانی و بەڕێوەچوونی كۆنگرە لە دهۆك، نیشانەی ئەوەیە، كە پارتی و یەكێتی پشتگیریمان دەكەن”. گوتیشی: “پێش ئێستا مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانم ئاگادار كردووە، ئەویش ئاگاداری دامەزراندنی ئەم پارتەیە”. 

حەیدەر شەشۆ لەبارەی هەڵوێستیشی لە گشتپرسی دەڵێت: “هەر پارت و لایەنێك هەوڵی دابڕینی شنگال بدات لە كوردستان، من بە خیانەتی دەزانم، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، وەكو هەموو ناوچەكانی دیكە، گشتپرسی لە شنگالیش بەڕێوەبچێ‌، ئێمە بە هەموو توانایەك پشتیوانی لە گشتپرسی دەكەین”.

یەكەمین كۆنگرەی پارتی ئێزیدی دیموكرات بە سەرۆکایەتی حەیدەر شەشۆ

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com