تایبه‌ت: نوچه‌نێت
ئه‌ندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان رایده‌گه‌یه‌نێت، گۆڕان رێگە نادات هیچ حزبێك ده‌ست بخاته ناو هه‌ڵبژاردنی رێكخه‌ری نوێی بزووتنه‌وه‌كه. ده‌شڵێت “تا ئێستا هیچ سه‌ركرده‌یه‌كی گۆڕان ئاماده نییه پۆسته‌كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا پڕبكاته‌وه”.
رۆژی 19-5-2017 نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین، رێكخه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، له ته‌مه‌نی 74 ساڵی دا به نه‌خۆشی له شاری سلیمانی كۆچی دوای كرد، هه‌ر له دوای كۆچی دوای نه‌وشیروان مسته‌فاوه چه‌ندین ناو بۆ پركردنه‌وه‌ی پۆسته‌كه‌ی ناوبراو گوتراوە، به‌ڵام تا ئێستا و نزیكه‌ی دوو مانگ له وه‌فاتی رێكخه‌ره‌كه‌ی، هێشتا بزووتنه‌وه‌ی گۆران و جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌كه نه‌یانتوانیوه شوێنی سه‌ركرده‌كه‌یان پڕبكه‌نه‌وه.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، عه‌بدوڵڵا كوێخا موباره‌ك، ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، سه‌باره‌ت به پڕكردنه‌وه‌ی پۆستی رێكخه‌ری گشتی له لایه‌ن بزووتنه‌وه‌كه‌یه‌وه رایگه‌یاند: به بۆچونی خۆم له ماوه‌ی نزیكه‌ی مانگێكی تردا گۆڕان پۆستی رێكخه‌ری گشتی پڕده‌كاته‌وه و هاوكات خانه‌ی راپه‌ڕاندنیش هه‌ڵده‌بژێرین، كه هاوشێوه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی حزبه‌كانی تره، به‌ڵام ئاگادار نیم هه‌تا 25-7 ساڵیادی دامه‌زراندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، رێكخه‌ری گشتی نوێی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ڵبژێرین.
سه‌باره‌ت به ده‌ستوه‌ردانی لایه‌نه‌كانی تر له پرسی هه‌ڵبژاردنی رێكخه‌ری نوێی، عه‌بدوڵڵای كوێخا موباره‌ك ده‌ڵێت، بزووتنه‌وه‌كه‌مان رێگه به هیچ حزب و لایه‌نێكی دیكه نادات، کە ده‌ستوه‌ردان له پرسی هه‌ڵبژاردنی رێكخه‌ری نوێی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا بكات. بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش ده‌ست ناخاته ناو كاروباری ناوخۆی هیچ لایه‌نێكی دیكه‌وه.
سه‌باره‌ت به بوونی كێشه‌ی ناوخۆ له‌ناو گۆڕان، کە هۆکار بێت له دواكه‌وتنی هه‌ڵبژاردنی رێكخه‌ری نوێی بزووتنه‌وه‌كه، ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی گۆڕان گوتی، گۆڕان هیچ كێشه‌یه‌كی ناوخۆی نییه و كاروباره‌كان به ئاسایی دەچێتە پێش، به‌ڵام سه‌ركرده‌كانی گۆڕان له ئێستادا كێشه‌ی ئه‌وه‌یان هه‌یه، کە ناتوانن بچنه شوێنی نه‌وشیروان مسته‌فا و پۆسته‌كه‌ی پڕبكه‌نه‌وه.
هاوكات عه‌بدولای كویخا موباره‌ك ره‌تی ده‌كاته‌وه، کە خۆی بۆ رێكخه‌ری گشتی یان بۆ ئه‌ندامیه‌تی له خانه‌ی راپه‌ڕاندن (مه‌كته‌بی سیاسی)ی نوێی گۆڕان كاندید بكات. گوتیشی، من هێشتا زۆرم ماوه و خه‌ڵكی زیاتر له پێش منه‌وه هه‌ن.