نێچیرڤان بارزانی: عه‌قڵیه‌تی فاشستی‌و كۆمه‌ڵكوژی هێشتا ماوە، دوور مه‌بینن سیاسه‌تی كۆمه‌ڵكوژی‌و ئه‌نفال دووباره‌ ببێته‌وه‌

0

نێچیرڤان بارزانی: دوور مه‌بینن سیاسه‌تی كۆمه‌ڵكوژی‌و ئه‌نفال دووباره‌ ببێته‌وه‌

نوچەنێت

نیچیرڤان بارزانی لەمەراسیمی هێنانەوەی روفاتی ئەنفالکراوەکاندا، رایگەیاند، ئەوانەی کە بەهۆی تاوانی ئەنفالەوە لەسێدارە دراون، نمونەیەکی تاوانبارانن، بەڵام تاوانباری ئەساسی کە هێشتا ماوە عەقڵیەتی فاشی کۆمەلكوژییە، وتیشی” دوور مه‌بینن كه‌ سیاسه‌تی كۆمه‌ڵكوژی‌و ئه‌نفال دووباره‌ ببێته‌وه‌”.

ئه‌مڕۆ له‌ سلێمانی، له‌ مه‌راسیمی هێنانه‌وه‌ی ڕوفاتی 730 ئه‌نفالكراوی قادركه‌ره‌مدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان، لە وتارێکدا رایگه‌یاند، ئه‌وانه‌ی كه‌ نایانه‌وێت ماده‌ی 140 جێبه‌جێبكرێت، ده‌یانه‌وێت شوێنه‌واری ته‌عریبكردنی كورد نه‌سڕێدرێته‌وه‌ و ئاماژەی کرد”ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ سه‌عدیه‌و جه‌له‌ولاو كه‌ركوك روو ده‌دات، هه‌مان سیاسه‌تی ته‌عریبكردنه‌كه‌ی پێشووه‌”.
نێچیرڤان بارزانی لە وتارەکەیدا وتیشی” به‌داخه‌وه‌ حكومه‌ته‌كانی عیراق به‌ تایبه‌تی رژێمی به‌عس هه‌ر ئه‌نفالكردنیان به‌ گه‌لی كورد ره‌وا بینیوه‌، به‌ڵام كوردو هه‌موو گه‌لانی ئازادیخواز ده‌یسه‌لمێنن كه‌ رژێمه‌ دیكتاتۆرییه‌كان ده‌روخێنن‌و ئیراده‌ی ئازادیخوازی گه‌لان سه‌رده‌كه‌وێت.”
سەرۆکی حکومەت راشیگەیاند”ئه‌مڕۆ هه‌لومه‌رجێكی گونجاو بۆ گه‌له‌كه‌مان هه‌ڵكه‌وتووه‌و مه‌رجی سه‌ركه‌وتنمان یه‌كریزی لایه‌نه‌ سیساییه‌كانی كوردستان‌و گه‌لی كورده‌”.
بارزانی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی بەبەڵگەی شۆڤێنی باسکردو وتی “ئه‌و گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵانه‌ی ده‌دۆزرێنه‌وه‌ به‌ڵگه‌و شایه‌تی ئه‌به‌دی تاوانه‌كانی عه‌قڵیه‌تی تاوانكاری‌و شۆڤێنین ده‌رهه‌ق به‌ نه‌ژادی كورد، به‌ڵام وانه‌كانی ئه‌و تاوانه‌ پێمان ده‌ڵێن نابێت ده‌ستبه‌رداری هیچ مافێكی میلله‌ته‌كه‌مان بین‌و به‌ هه‌موولایه‌ك هه‌وڵ بده‌ین له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا بیانناسێنین”.
سه‌رۆكی حكومه‌ت وتیشی: “پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ ده‌بێت حكومه‌تی عیراق ئه‌ركی خۆی به‌جێ بگه‌یه‌نێت له‌ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی دادگای باڵای تاوانه‌كان‌و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌باره‌ی قه‌ربه‌ووكردنه‌وه‌ی كه‌سوكاری قوربانیان‌و ئه‌نفال‌و جینۆسایدو كیمیاباران له‌ هه‌رێمی كوردستاندا”.
نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كه‌ “ئه‌وانه‌ی تا ئێستا به‌هۆی ئه‌و تاوانه‌وه‌ له‌سێداره‌ دراون، نمونه‌یه‌كی تاوانبارانن، به‌ڵام تاوانباری ئه‌ساسی كه‌ هێشتا ماوه‌، عه‌قڵیه‌تی فاشستی‌و كۆمه‌ڵكوژیه‌، عه‌قڵیه‌تی دوژمنكارییه‌ به‌رامبه‌ر به‌ گه‌لی كوردستان‌و مافه‌ ره‌واكانی، عه‌ڵیه‌تی پاراستنی میراتی سیاسیه‌تی ته‌عریب‌و پاكتاوی نه‌ژادیه‌”.
بارزانی ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو ئه‌و عه‌قڵیه‌تەی کە‌ ناوبه‌ناو سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌ “مه‌ترسیه‌كی سه‌ره‌كییه‌ له‌ سه‌ر ئێستاو داهاتووی عیراقدا، تا ئه‌و كاته‌ی كه‌سانێك په‌یدا ببن كه‌ مافی گه‌لی كورد ئینكار بكه‌ن‌و شوێنه‌واری رژێمی پێشوو بپارێزن، ئه‌وا دوور مه‌بینن كه‌ سیاسه‌تی كۆمه‌ڵكوژی‌و ئه‌نفال دووباره‌ ببێته‌وه‌”.
نێچیرڤان بارزانی وتیشی: “هه‌ندێك لایه‌نی سیسایی ئه‌مڕۆ له‌ عیراقدا به‌ هه‌موو توانایه‌كیانه‌وه‌، هه‌وڵ ده‌ده‌ن شوێنه‌واری ته‌عریب‌و ئه‌نفال‌و كۆمه‌ڵكوژی نه‌سڕێته‌وه‌، به‌ڵكو ده‌یانه‌وێت وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه‌، ئه‌ویش له‌وه‌دا دیاره‌ كه‌ ناهێڵن، نایانه‌وێت ماده‌ی 140 جێبه‌جێبكرێت به‌داخه‌وه‌ تائێستا پشتگیری له‌و سیاسه‌ته‌ نه‌فره‌تییه‌ ده‌كه‌ن كه‌ پێشتر هه‌بووه‌”.
بارزانی تەئکیدی لەوە کردەوە کە”سنورێكی ده‌ستووری‌و یاسایی به‌هێز دابنرێت تاوه‌كو دیكتاتۆریه‌ت‌و تاكڕه‌وی‌و عه‌قڵیه‌تی فاشستیانه‌ی ده‌سه‌ڵات جارێكی تر بۆ عیراق نه‌گه‌ڕێته‌وه‌”.
ئه‌مڕۆ له‌ سلێمانی به‌ئاماده‌بوونی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان و جێگری‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسانی‌ حكومی‌ عیراقی و کوردستانی،‌ مه‌راسیمێك بۆ هێنانه‌وه‌ی‌ روفاتی‌ 730 ئه‌نفالكراو بەڕێوەچوو.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com