کاتی رووخانی رژێمی ئێران هاتووە

0

نوچەنێت-واشنتۆن پۆست

رێکس تیلێرسۆن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە یەکێک لە دوایین گوتارەکانی بەرامبەر بە کۆنگرێسی ئەمریکا جەختی کردەوە، کە ئەمریکا دەبێ بۆ گۆڕینی رژێمی ئێران بە رێگای ئاشتیانە هەنگاو بنێت و ئەمەش دەبێ بە رێگە و ئەو رەوتانەوە بێت، کە توانایی ئەم گۆڕانکاریەیان هەیە.

ئەم لێدوانە شۆکێک بوو و کۆماری ئیسلامی، دەستبەجێ دژکردەوەی لە خۆی نیشان دا. هەر دوو پارتی سەرەکی ئەمریکاش سەریان سووڕما لەوەی، کە ئەم وڵاتە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژە پاڵپشتی ئەم رەوتانەی کردووە. لە جەنگەی شەڕی ساردیشدا، وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا بەردەوام بانگەشەیان دەکرد. ئەو کەسانەی، کە لە پشتەوەی پەردەی ئاسنین گرفتارن، پشتیوانێکی باشی وەک ئەمریکایان هەیە. بە سەرنجدان بە بەساڵاچوونی رابەری ئێستای کۆماری ئیسلامی، ئەمریکا دەبێ نە تەنها خۆی بۆ گۆڕینی رژێمی سیاسی ئامادە بکات، بەڵکو دەبێ ئەگەرەکانی بەردەم کەوتنی یەکجاری ئەم رژێمە بخوێنێتەوە.

لە ناوچەیەکدا، کە سەرتاپای بە حکومەتە شکستخواردوو و ناکارامەکان تەنراوە، ئێران زۆربەی کات و بە رواڵەت، وەک ئەوەی بڵێی وادەردەکەوێ، کە دوورگەیەکی ئارامە. بەم حاڵەشەوە، مێژووی ئەم رژێمە پڕە لە ململانێی دەسەڵاتداران و خەڵکانێکی ئازادیخواز، کە خوازیاری بنیاتنانی حکومەتێکی دیموکراتین.

دوای سەرکەوتنی شۆڕشی 1979، ئایەتوڵڵاکان شەڕیان بردە سەر شەقامەکان و هەموو نەیاران و دژبەرانی خۆیان خەڵتانی خوێن کرد. لە دەیەی 1990 ریفۆرمخوازەکان سەرکەوتنیان بە دەستهێنا، کە لە خۆیا هەوڵێک بوو بۆ هاوسەنگ کردنی دەسەڵات. هەبوون کەسانێک، کە لەم سەروبەندەدا باسیان لە دەسەڵاتی رەهای خامنەیی دەکرد و باسیان لە کۆمەڵگای مەدەنی و میدیای رەخنەگر هێنایە ئاراوە. رژێمی سیاسی وەک وەڵامدانەوەی هەمیشەیی خۆی، بە ترس و سیاسەتی تۆقاندن و تیرۆر وەڵامی ئەم رەوتەی دایەوە. دواتر بزووتنەوەی سەوز لە 2009 سەری هەڵدا و بۆ هەتایە رەوایی رژێمی و پەیوەندی نێوان دەسەڵات و خەڵکەکەی خستە ژێر پرسیارەوە. یەکەم شت لە مێژووی داهاتووی ئێران بە روونی وێنا دەکرێ، ئەویش سەرهەڵدانێکی دیکەیە، کە داخوازەکانی دەستاودەست کردنی دەسەڵاتە.

ئەمڕۆ، رژێمی کۆماری ئیسلامی چارەنووسەکەی هاوشێوەی هەمان ئەو دۆخەیە، کە یەکێتی سۆڤییەتی جاران لە ساڵەکانی ژیانی سیاسی خۆیدا لە گەڵ بەرەوڕوو بوو.باس لە ئایدیالۆژیایەک لە ئارادایە، کە قەناعەت بە هیچ کەس ناکات. لە نائارامیەکانی ساڵی 2009 شێوەی هەڵسوکەوتی دەزگا ئەمنی و سەرکوتکەرەکانی رژێمی تاران سەلماندی، کە دەسەڵات، دەسەڵاتێکی ناکارامەیە و هەر بۆیە ناچارە، کە میلیشیا و چەکدارەکانی بەسیج رەوانەی سەرشەقامەکان بکات، خاڵی جێێ سەرنج ئەوە بوو، کە زۆرێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران ئامادە نەبوون بڕیاری تەقە لە خۆپیشنادەران جێبەجێ بکەن.

حەوزەکانی عیلمیەی قوم، بوون بە هۆی زەبر لێدانی دەوڵەتی خودا لە ئیسلام. چونکە تەنانەت لە میانەی سەرەکی ترین رێوڕسمە ئایینیەکانیش، مزگەوتەکان چۆڵن. پیاوەکان چیدیکە ئامادە نین شوێن کەوتووی ئایەتوڵڵاکان بن و ژنانیش نایانهەوێ لە گەڵ مەلاکان ژیانی هاوبەش پێکبهێنن. گەندەڵی سەرتاپای رژێمی گرتۆتەوە، کە زیاتر لە هەموو هۆکارێک، هەڕەشەیە بۆ سەر چارەنووسی خودی رژێمەکە، چونکە وەک بۆ خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن دەسەڵاتی ئەوان دەسەڵاتێکی خودایی و ئیلاهییە.

لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ئەم دواییانە، حەسەن روحانی، بەڵێنی دا ئازادییەکان بەرفراوان بکات، ئەمە لەخۆیدا لە گەڵ زاتی رژێمێک یەک ناگرێت، کە پڕە لە سەرکوت و داپڵۆسین، واتە دژ بە یەکن. لە ئێستادا کۆماری ئیسلامی تەنانەت توانای دەستنیشان کردنی جێگرەوەیەکی بۆ رابەری رژێم نییە، بە واتایەک هەم لە ئاستی سەرەوەدا ململانێکدا توندتر بۆتەوە و هەم لە خوارەوە، خەڵکەکە زیاتر لە جاران خۆیان بە دوور دەگرن. کۆماری ئیسلامی تەنها یەک فاکتەری دڵخۆشکەری بە دەستەوەیە، ئەویش رێککەوتنی ئەتۆمی لە گەڵ وڵاتانی زلهێزی جیهان بە ئەمریکا و رۆژئاواوە. لە رووی مێژووییەوە، رێککەوتنی لەم بابەتە، لایەنگری تایبەت بە خۆی هەیە.

لە ساڵەکانی 1970 و لە گەرمەی دیپلۆماسی کۆنتڕۆڵی چەکەکان، هەندێک لە لایەنە شوێندانەر و بڕیاربەدەستەکان نەیاندەویست چیدی زەخت و گوشار بخەنە سەر کرملین، تا نەوەک رێککەوتنەکە بکەوێتە مەترسییەوە. ئێران رەنگە چاوەڕوانی ئەوەی هەبێ هەر ئەم دەنگانە لە واشنتۆن هەمان ئەو مێژووە دووبارە بکەنەوە. ژمارەیەک لە وڵاتان باس لە تیرۆریزم و پاڵپشتی ئێران لەم رەوتە دەکەن، بەڵام ئامادە نین گەمارۆی رووخێنەر بخەنە سەر تاران. هەر بۆیە لێدوانکانی تیلێرسۆن، بۆ پشتیوانی لە ئازادی لە ئێران مشتومڕی نایەوە.

لە ئێستادا لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی دروست بۆ ئیدارەی ئەمریکا ئەوەیە، کە خۆی بۆ سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی جەماوەری لە ئەگەری مەرگی لەناکاوی خامنەیی ئامادە بکات. چونکە ئەگەر ئەم ئەگەرە رووبدات، دەتوانێ تەواوەتی رژێم تا لیواری رووخان و لە بەریەک هەڵوەشانەوە ببات. پرسیار ئەوەیە، ئەگەر ئەم ئەگەرانە رووبدەن، ئێمە بە چ شێوەیەک ئەم پارچە دژ بە یەک و جیاوازنە پێکەوە بچەسپێنن؟ئەمریکا بە چ شێوەیەک دەتوانێ دام و دەزگا ئەمنیەکانی ئێران بەر لەوەی، کە ئێران ناسەقامگیر بێت، لاواز بکات؟ وەڵامی هەموو ئەم پرسیارانە لە کەسێکدایە، کە بتوانڕی پاڵپشتی نەیاران و دژبەرانی ناوخۆی ئەم وڵاتە بکرێت. دەبێ ئەم پلانانە هەر لە ئێستاوە کاریان بۆ بکرێت. کاتێک، کە قەیرانەکە سەری هەڵدا، کات و دەرفەتی ئەوتۆ بە دەستەوە نامێنێ، کە ئەمریکا بە گوێرەی پێویست گەمە بکات و رۆڵی خۆی بگێڕێت.

مارسی 1953 کاتێک، کە ژوزێف ستالین، کۆچی دوایی کرد، ئازێنهاوێر، سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا داوای کرد لەم پرسیارە بکۆڵنەوە، کە چۆن دەتوانن ئەم دۆخە تازەیە بە قازانجی خۆیان بقۆزنەوە. لە راستیدا هیچ لێکۆڵنەوە و راپۆرتێک بوونی نەبوو. ئایزێنهاوێر هەناسیەکی قووڵی هەڵکێشا و گوتی “لە حەوت ساڵی رابردوودا هەموو قسەکان ئەوە بوون، کە کاتێک ستالین مرد، ئێمە دەبی چی بکەین. باشە ئێستا مردووە. ئێستا ئێمە دەمانهەوێ نەخشەرێگاکان و بیرۆکەکان لەم بارەیەوە تاوتوێ بکەین، تەنها بە یەک ئەنجام گەیشتین، دوای حەوت ساڵ قسە کردن، ئێستا هیچمان لە بەردەستدا نییە. هیچ پلانێکمان نییە.

بەڵام تیلێرسۆن، لە ئاتسی خۆیدا لە خاڵێکەوە دەستی پێکردووە، ئەمە دەبێ بکرێت بە تەوەری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا. ئیدارەی ئێستای ئەمریکا دەبی لەم بارەیەوە بکۆڵێتەوە و رێگاکانی بەردەم قەیرانی ئێران و کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتەکان تاوتوێ بکات، تاکو بتوانێت بە شێوەیەکی جددی یەکێک لە لایەنە دوژمنکارەکانی ئەمریکا جێگۆڕکێ پێبکات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com