نوچەنێت: تایبەت
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە ئێستادا وەزارەتەکەیان خەریکی رێکخستنەوەی پرسەیە و کاتژمێرەکانی کەمدەکرێنەوە. دەشڵێت “زیاتر لە 4800 کەس بۆ ئەمساڵ سەفەری حەج دەکەن
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان، لەبارەی رێکخستنی پرسە لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لە ئێستادا وەزارەتەکەیان خەریکی رێکخستنەوەی پرسەیە لەهەرێمی کوردستان، بەشێوەیەك کە لەگەڵ بارودۆخ و ژیانی ئێستای هاوڵاتیان بگونجێ.
نەبەز ئیسماعیل دەڵێت “لەئایندەیەکی نزیکدا رێنمایی تایبەت بە پرسە لە وەزارەتی ئەوقاف دەردەچێت و لەمەودوا ئەو ڕێنمایانە جێبەجێ دەکرێت، کە تیایدا کاتژمێرەکانی پرسە لە هەرێمی کوردستان کەمدەکرێتەوە”.
سەبارەت بە سەفەری حاجیانی هەرێمی کوردستان بۆ سعودیە، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف گوتی “لە سەرەتاکانی مانگی هەشتی ئەمساڵ، یەکەم کاروانی حاجیان، لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی، بۆ ماڵی خودا دەست پێدەکات، تیایدا زیاتر لە 4800 کەس بۆ ئەمساڵ سەفەری حەج دەکەن”.