نوچەنێت: تایبەت
پەرلەمانتارێکی گۆڕان رایدەگەیەنێت، ئەگەر پارتی بە ئەجێندایەکی نوێوە داوای گفتوگۆی دووقۆڵی بکات لەگەڵ گۆڕان، بەدڵنیاییەوە گۆڕان ئامادەیە و دەشڵێت “تائێستا بەفەرمی داوایەکی لەوشێوەیەمان لێنەکراوە”.
ئەندامێکی سەركردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاندبوو “پارتی ئامادەیی تێدا هەیە راستەوخۆ لەگەڵ گۆڕان دەست بە دانوستاندن و كۆبوونەوە بكات، لەم چەند رۆژە لەگەڵ یەكێتی كۆدەبینەوە، رێگری لە بەردەم كۆبوونەوەی راستەوخۆی گۆڕان و پارتی نییە، ئەگەر بیانووەكە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم تەنیا كاراكردنەوەی پەرلەمان بێت، ئەوا پارتی ئامادەیە پەرلەمانی كوردستان بەو دەستەی سەرۆكایەتییەی ئێستای كارا بكاتەوە”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، قارەمان قادر، ئەندام پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان، سەبارەت بە داواکردنی گفتوگۆی راستەوخۆی پارتی لەگەڵ حزبەکەی رایگەیاند: لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا پارتی دیموکراتی کوردستان، تائێستا بەشێوەیەکی فەرمی داوای لەبزوتنەوەی گۆڕان نەکردووە بۆ کۆبوونەوەی دوو قۆڵی، ئەوەی کە دەگوترێت تەنها لەراگەیاندنەکانەوەیە، بەڵام داواکراوە کەبەشێوەیەکی گشتی دانیشتن بکرێت لەسەر کۆی پڕۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بەوەی، کە بزووتنەوەی گۆڕان تاچەند ئامادەیە داواکارییەکی لەوشێوەیە قبووڵ بکات، قارەمان قادر دەڵێت “ئەگەر پارتی داوابکات بە شێوەیەکی راستەوخۆ گفتوگۆ لەگەڵ گۆڕان بکات، بە ئەجێندایەکی نوێ و پڕۆژەیەکی نوێوە، بەدڵنیاییەوە بزووتنەوەی گۆڕان هەموو کاتێك ئامادەیە و هەروەها ئامادەیە داوای دانیشتن لەپارتی بکات”.
ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئەگەر پارتی داوای ئاساییکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بکات، ئێمە ئامادەین، بەڵام دەبێت هەنگاوی یەکەم ئەوەبێت، کە پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەین، جا بەهەر شێوازێك بێت، ئەو کاتە دەتوانرێت پەرلەمان ئاسایی بکرێتەوە.
قارەمان قادر ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەگەر پارتی داوا بکات بەبێ هیچ مەرجێک، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، دەستبەکارەکانی خۆی بکاتەوە، دەبێت رازیبێت بەوەی، کە دەستکاری پرسی سەرۆکایەتی هەرێم بکرێت و گوتیشی “ئەمە نە پێش مەرجە و نە گۆڕانیش دەیکات بەمەرج”.