نوچەنێت-رووداو
پەرلەمانی بەریتانیا دانیشتنێكی بۆ تاوتوێكردنی گشتپرسییەكەی 25ی ئەیلولی كوردستان لە رۆژی سێشەممە 11ی مانگ رێكخست، كە تێیدا ژمارەیەك پەرلەمانتار پێشبینییەكانی خۆیان بۆ هەڵوێستی حكومەتی بەریتانیا خستەڕوو. سەرۆکی گروپی هەموو پارتەکان رایگەیاندووە، “ئێران بەهیچ شێوەیەك مافی ڤیتۆكردنی سەربەخۆیی كوردستانی نییە”.
رۆژی 7-6-2017، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و زۆربەی پارتە سیاسییەكان كۆبوونەوە. لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا رۆژی 25ی9ی2017 گشتپرسی بۆ جیابوونەوەی باشووری كوردستان لە عێراق ئەنجامبدرێ. دواتریش سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە نووسراوێكی فەرمی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی راسپارد بۆ گرتنەبەری رێكارە یاساییەكانی ئەو گشتپرسییە. دیاری کردنی وادەی گشتپرسی کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.
لە سەرەتای دانیشتنەكەدا جەك لۆپرێستی، نوێنەری فیلتن و برادڵی ستۆك، گوتی “بەداخەوە فیدرالیزمی عێراق فەشەلی هێناوە، چونكە حكومەتی زۆرینەی شیعەی عێراقی حەزی لە فیدرالیزم و (پاراستنی) مافی كەمینەكان نییە”. لۆپرێستی، كە سەرۆكی گروپی هەموو پارتەكان بۆ هەرێمی كوردستانە، گوتیشی “ئەوە عێراقە خۆی لە هەرێمی كوردستان جیاكردووەتەوە”. چونكە بودجە نانێرێت و هاریكاری ئاوارە عەرەبەكانی نیشتەجێی هەرێمی كوردستان ناكات.
سەركردایەتی كورد ئەوەیان خستووەتەڕوو، كە تایفییەت و مەركەزیبوونەوەی سیستەمی ئیداری هۆكاری سەرهەڵدانی داعش بوون و لە داهاتووشدا دەكرێ هۆكاری سەرهەڵدانەوەی داعش و گروپی هاوشێوە بن. جەك لۆپرێستی وێڕای پشتڕاستكردنەوەی ئەو بۆچوونە داواشی كرد وڵاتانی رۆژئاوایی لە دانوستاندنەكانی بەغدا و هەولێر لەپاش گشتپرسییەكە یارمەتیدەر بن “تاوەكو كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان یەكلاببێتەوە”. پەرلەمانتارەكەی فیلتن و برادڵی ستۆك، جەختی لەوەش كردەوە كە “بەریتانیا دەبێت لە ماوەی گشتپرسییەكەدا چاودێر رەوانەی هەرێمی كوردستان بكات”.
سەرۆكی گرووپە بەریتانییەكە لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا رەتی ئەو خاڵانەی دایەوە كە هەندێك كەس پێیانوایە كاتی گشتپرسییەكە هەڵەیە، لەوانەش “ناكۆكی نێوخۆیی و ئیفلیج بوونی پەرلەمان، رەوشی ئابووریی هەرێم و هەڵوێستی وڵاتانی دەوروبەر”.
سەبارەت بە ناكۆكی نێوخۆیی و لەكاركەوتنی پەرلەمان، لۆپرێستی هیوای خواست “دانوستاندنە بەردەوامەكان بە بەشداری دیپلۆماتەكانی ئێمە ناكۆكییەكان چارەسەر بكات”، جەختی لەوەش كردەوە، كە بەریتانیا وەكوو دۆستێكی راستەقینە “دەبێ گوشار لەسەر كورد دروستبكات تاوەكو پەرلەمان دەست بە كارەكانی بكاتەوە و دیموكراسییەكی چالاك لە زووترین كاتی مومكیندا (لە كوردستان) بێتە ئاراوە”.
لەبارەی قەیرانی ئابووریش، پەرلەمانتارەكەی بەریتانیا ئاماژەی بە چاكسازییەكانی سەرۆكوەزیران بارزانی و جێگرەكەی قوباد تاڵەبانی كرد. بە گوتەی لۆپرێستی هەرچەندە رێگەیەكی زۆر ماوە هەرێمی كوردستان بۆ جێبەجێكردنی چاكسازییەكان بیبڕێت، بەڵام “بوونە دەوڵەت بیانووی پشتگوێخستنی چاكسازییەكان دەبڕێت و رێگە بە هەرێم دەدات دەستی بەو هاوكارییانە رابگات كە بۆ گەشەكردنن و تێیاندا جێبەجێكردنی ئەو جۆرە چاكسازییانە وەكوو مەرج دانراون”.
جەك لۆپرێستی ئەوەشی خستەڕوو، كە هەڵوێستی توركیا بەرامبەر كوردستانێكی سەربەخۆ گۆڕاوە، لەبەر ئەوەی كوردستان هاوبەشێكی سەرەكیی ئابووریی توركیایە كە توركیا دەتوانێت “وەكوو سەرچاوەی دابینكردنی وزە، تەرەفی گفتوگۆ لەگەڵ كوردەكانی توركیا، و ناوچەیەكی ئارام لە نێوان توركیا و سوننە و شیعەكانی عێراق سەیری كوردستان بكات”. لۆپرێستی نەیشاردەوە كە “ئێران سەرسەختانە دژایەتی (گشتپرسییەكەی) كردووە، بەڵام خۆشبەختانە ئێران لە ژێر گوشارێكی زۆری ئەمریكا و وڵاتانی كەنداو دایە، بەهیچ شێوەیەك مافی ڤیتۆكردنی سەربەخۆیی كوردستانی نییە”.
مەری گلیندن، پەرلەمانتاری پارتی كار لە نۆرس تاینساید، رایگەیاند “منیش وەكوو هاوكارەكانم پشتگیری لەوە دەكەم كە كورد لە رێگەی گشتپرسییەكەی مانگی ئەیلوولەوە گوزارشت لە مافی چارەی خۆنووسین بكات”. ستایشی سەركردایەتی كوردیشی كرد كە داوایان لە خەڵك كردووە “بڕیاردەر بن تاوەكو ئەوان بتوانن بۆ سەربەخۆیی و پەیوەندییەكی نوێ لەگەڵ عێراق دانوستاندن بكەن”.
سەبارەت بە رۆڵی بەریتانیا لە گشتپرسییەكە و دانوستاندنەكانی دواتر لەگەڵ حكومەتی عێراق، گلیندن پێشنیازی كرد “حكومەتی بەریتانیا و دیپلۆماتەكانی ئەزموون و شارەزایی خۆیان بەكاربهێنن تاوەكو پرۆسەكە بە ئاسانی بڕوات”.
پاشان رۆبێرت هاڵفن، پەرلەمانتاری كۆنزەرڤاتیڤەكان لە هارلۆ، ستایشی لێبوردەیی ئایینی و ئەتنیكی لە هەرێمی كوردستانی كرد و گوتی “لە كوردستان خەریكە كۆمەڵگایەكی مەدەنی چالاك دروستدەبێت”. هاڵفن كە سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە، سەرسوڕمانی خۆی دەربڕی لەوەی خەڵكانی سەر بە هەموو ئایینەكان لە هەموو ناوچەكانەوە بەرەو كوردستان رادەكەن، چونكە دەزانن كوردستان تاكە شوێنە كە لێی پارێزراو دەبن”.
پەرلەمانتارەكەی هارڵۆ ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد حكومەتی هەرێمی كوردستان نوێنەرێكی بۆ كاروباری جووەكانی كوردستان داناوە. باسی لەوەش كرد لە یەكێك لە سەردانەكانی خۆیدا بەلای دێرێكی جووەكان لە كوردستان تێپەڕیوە كە پارێزراو بووە، لە كاتێكدا “زۆر نین ئەو وڵاتانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست كە دێرەكان بپارێزن”.
رۆبێرت هاڵفن باس دیدارێكی خۆی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانی كرد و گوتی “زۆر خۆشحاڵبووم كاتێك سەرۆك بارزانی پێیگوتم ئەگەر عێراق دان بە ئیسرائیلدا بنێت، ئەوە بۆ رۆژی دواتر كۆنسوڵخانەی گشتیی ئیسرائیل لە هەولێر دەبێت”.
ئەو پەرلەمانتارە بەریتانییە لە كۆتایی قسەكانیدا گوتی “زۆر خەمخۆرم بۆ ئاواتی كورد بۆ سەربەخۆیی، بۆ ئەوەی خۆیان بتوانن خۆیان بپارێزن. بێگومان بڕوام وایە ئەوان مافی ئەوەیان هەیە لە رێگەی گشتپرسییەوە مومارەسەی مافی چارەی خۆنووسین بكەن، حەزیش دەكەم وەكوو چاودێر بەشداری گشتپرسییەكە بكەم”.
نەدیم زەهاوی، پەرلەمانتاری ستراتفۆرد ئۆن ئەڤن لەسەر لیستی كۆنزەرڤاتیڤەكان، یەكەم كوردە كە وەكوو نوێنەر چووبێتە ناو دامەزراوەی یاسادانانی بەریتانیا. زەهاوی لە بەشێك لە قسەكانی خۆیدا گوتی مافی چارەی خۆنووسین مافێكی حاشاهەڵنەگری كوردە، بۆیەش پێیوایە حكومەتی بەریتانیا “پێویستە پێشوازی لە گشتپرسییەكەی ئەیلوول بكات، پێویستیش ناكات وەزیر ئاواتی بۆ بخوازێ یان بۆچوونی بۆ پشتگیری یان لەدژی سەربەخۆییەكە ئاشكرابكات”.
زەهاوی ئەوەش دەخاتەڕوو “ئاكامی دەنگدانەكەی ئەیلوول هەرچی بێت، كوردستان دەتوانێ گەشە بكات و دەشیكات”. پێشیوایە “حكومەتی عێراق رۆڵی هەبووە لەوەی حەزی جیابوونەوە لە كوردستانی عێراقدا دروست ببێت”.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە دانیشتووانی ناوچە جێناكۆكەكانیش لە گشتپرسییەكەدا مافی دەنگدانیان دەبێت. پەرلەمانتارە كوردەكەی پەرلەمانی بەریتانیا دەڵێت “بەداخەوە حكومەتی عێراق بەشێكی زۆر لە مادەكانی دەستووری فیدراڵی جێبەجێ نەكردووە”. كە گرنگترینیان مادەی 140ی تایبەت بە ناوچە جێناكۆكەكانە.
زەهاوی پێیوایە ئاكامی گشتپرسییەكە هەرچی بێت، لە درێژخایەندا سەقامگیری زیاتر بە ناوچەكە دەبەخشێت و داواش لە حكومەتی وڵاتەكەی دەكات “چاوی لەسەر ئەو دەرفەتانە بێت كە كوردستانێك بە دەسەڵاتێكی زیاترەوە دەیهێنێتەوە ئاراوە”. بە بۆچوونی نەدیم زەهاوی، حكومەتی بەریتانیا دەبێت “بە بیركردنەوەیەكی كراوەوە” ئەو رۆڵە وەربگرێت كە دەكرێ لە گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ عێراق هەیبێت، زەهاوی دەڵێت “دەبێ بەریتانیا بەئەرێنی بیر لە كوردستانێكی خودموختارتر بكاتەوە، جا كوردستان لە مانگی ئەیلوولدا هەر رێگەیەكی هەڵبژارد گرنگ نییە”.
دۆگلاس چەمپن، پەرلەمانتاری دونفێرملاین و وێست فیفا لەسەر لیستی پارتی نیشتمانی سكۆلاند وێڕای پشتگیری لە مافی خەڵكی كوردستان بۆ “بڕیاردان لەسەر داهاتووی خۆیان”، داوای لە هەموو لایەنەكان كرد پێكەوە كار بكەن “بۆ ئەوەی دڵنیا بین لەوەی پشتگیری پێویست لە مافی چارەی خۆنووسینی كوردستان دەكرێت”. جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە گرنگە حكومەتی هەرێمی كوردستان گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا و هەموو ئەكتەرەكانی ناوچەكە بكات بۆ ئەوەی دڵنیا بن “پرۆسەكە بە ئاشتیانە بەڕێوەدەچێت و رۆڵی دەبێت لە سەقامگیركردنی رەوشی ناوچەكەدا”.
بە بۆچوونی چەمپن، گوتارەكەی ئەم دواییەی سەرۆكی هەرێم لە رۆژنامەی (واشنتن پۆست)ی ئەمریكی ئەوە دەردەخات كە كورد نایەوێت “هەموو شتەكان وەكوو خۆیان دەیانەوێت بەڕێوەبچن، بەڵكو دەرفەتی دانوستاندن هەیە”، ئەمەش بەو مانایەیە كە سەرۆكی هەرێم دەیەوێت “پڕۆسەكە بە شێوازێكی ئاشتیانە و عەقڵانی بەڕێوەبچێت”.
فابیەن هامیلتن، ئەندام پەرلەمانی لیدز نۆرس ئیست لەسەر لیستی پارتی كار، ئاماژەی بۆ ئەوەی كرد “پارتی كار دان بە ئەنجامی گشتپرسیدا دەنێت، ئەگەر پرۆسەكە كراوە، راستگۆیانە، ئازادانە و دادپەروەرانە بێت و سنوورەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستێكی نێودەوڵەتی دانیان پێدا نرابێت”.
لە بەشی كۆتایی دیبەیتەكەدا ئالیستەیر بێرت وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، وەڵامی بەشێك لە تێبینی و پرسیارەكانی دایەوە. وەزیرە بەریتانییەكە گوتی “ئێمە لە خەونی خەڵكی كوردستان (بۆ سەربەخۆیی) تێدەگەین، هاوكارییە سیاسی، كولتووری و ئابوورییەكان بۆ كوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا بەردەوام دەبێت”. بێرت بەردەوام بوو گوتی “بەڵام ئێمە بڕوامان وایە گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی مەترسی ئەوەی بەدواوە بێت كە سەرنجەكان لەسەر ئەولەویەتەكان لابدات”. بە بۆچونی بێرت ئەلەویەتەكان بە نیسبەت بەریتانیاوە بەریتین لە “تێكشكاندنی داعش، گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ناوچە ئازادكراوەكان و چارەسەركردنی درێژخایەنی كێشە سیاسی، كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكان كە هۆكاری سەرهەڵدانی داعش بوون”.
ئالیستەیر برێت كە دووجار سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە، پێیوایە هەموو گشتپرسی یان پرۆسەیەكی سیاسی “دەبێ بە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا بێت”. ئەوەشی خستەڕوو كە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان ئاگاداری هەڵوێستی بەریتانیا و هاوپەیمانانن، بۆیەش “چاوەڕێ دەكەین بە وریاییەوە لەگەڵ پرۆسەكەدا بڕۆن و لە هەستیاری ناوچە جێناكۆكەكان و ناوچەكانی دیكەی عێراق رەچاو بكەن”.