نوچەنێت
لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی بەغدا، گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی کۆمیتەیەکی هاوبەش کراوە، بەمەبەستی برەودان و چۆنێتی رێکخستنەوەی هاماهەنگی نێوان بەغدا و هەولێر لە بواری نەوت و کارەبا”.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ 12-7-2017 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوهزیرانی ههرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، پێشوازی لە شاندێکی باڵای حکومەتی عێراق كرد، کە پێکهاتبوون لە وەزیرانی نەوت، کارەبا، کشتوکاڵ، پەروەردە، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی و بریکاری وهزارهتى نەوتی عێراق.
وەزیری سامانە سرووشتییەکان، وەزیری پلاندانان، وەزیری پەروەرده، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمى كوردستان، بریکاری وهزارهتی دارایی و ئابووری به وهکالهت، بریکاری وەزارەتی کارەبا و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ئامادەی کۆبوونهكه بوون.
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکهدا ههردوولا “ئامادهییى خۆیان بۆ كردنهوهى لاپهڕهیهكى نوێ و بهردهوامیى گفتوگۆ بۆ چارهسهركردنى كێشهكان دهربڕى”.
راگەیێندراوەکەی حکومەت دەڵێت “گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی کۆمیتەیەکی هاوبەش کراوە بەمەبەستی برەودان و چۆنێتی رێکخستنەوەی هەماهەنگیی نێوان بەغدا و هەولێر لە بواری نەوت و کارەبا، بەجۆرێک کە بەرژەوەندیی هەموو گەلانی عیراق لەبەرچاو بگیرێت”.
سەرۆکوەزیران نێچیرڤان بارزانی باسی لە قۆناخی دوای موسڵ کردووە و رایگەیاندووە، هەموو لایەک بە کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ سوودمەند دەبن، دەبێت هەمووانیش هاوکار بن بۆ قۆناخی دوای داعش و ئاساییکردنەوەی رەوشی هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە و گێڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی بۆ قۆناخی دوای داعش کراوە بەتایبەتی لەو ناوچانەی پێشتر لەلایەن داعش کۆنترۆڵکرابوون و ئێستا پێویستییان بە ئاوەدانكردنهوه و خزمەتگوزارییە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان “ئامادەییی خۆی نیشان دا هەروەک چۆن دەرگای واڵا کردبوو بۆ هاتنی ئاوارەکان، ئاوهاش هەماهەنگ دەبن لە گێڕانەوە و بوژاندنەوەی ژیان لەو شوێنانەی زەرەرمەند بوون”.
شاندەکەی بەغدا سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە “بۆ ئەو ئامادەییەی نیشانیاندا بۆ هەماهەنگی و هاوکاری لهگهڵ حکوومەتی عێراق”.