نوچەنێت
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت ، گشتپرسی بۆ سەربەخۆییە و گفتوگۆمان لەگەڵ بەغدا لەسەر پاش سەربەخۆیی دەبێ. دەشڵێت “کەس بە روونی نەیگوتووە کە دژی گشتپرسین تەنیا لەگەڵ هەندێ وڵات بۆچوونی جیاوازمان هەیە لەسەر کاتەکە و هەروەها ئێمە دەمانەوێت ئەو غەڵەتەی دەرحەق بە میللەتی کورد کراوە راستی بکەینەوە.
رۆژی سێشەممە 11-7-2017 مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندێکی ئەنجومەنی باڵای گشتپرسی کوردستان، لە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتاری یەکێتییەکە کۆبوونەوە و بارزانی لە گوتارێکدا باسی هەنگاوەکانی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ گشتپرسی و سەربەخۆیی کوردستان.
بەشێک لە گوتارەکەی بارزانی
ئێمه ده‌مانه‌وێت رێگه‌مان بده‌ن ده‌رباره‌ى دوو ته‌وه‌ر پەیامی خۆمان بگه‌يه‌نين، يه‌كێكيان له باره‌ى گشتپرسییە كه بڕيارى لێدراوه و ئه‌وى ديكه‌يان شەڕی تيرۆره.
ئێمه وه‌كو خه‌ڵكى كوردستان به هه‌موو پێكهاته‌كانیه‌وه سه‌د ساڵ زياتره هه‌موو هه‌وڵێكمان دا كه بتوانين شه‌راكه‌تێكى راسته‌قينه بنياتبنێن لە بەغدا بۆ ئەوەی پێکەوە عێراقێکی دیموکراتی و به‌م دواييانه‌ش عێراقێكى فيدراڵى ديموكراتى دروست بكه‌ين، به‌داخه‌وه هيچ ئه‌نجامێكى نه‌بوو.
ئه‌گه‌ر ئێمه په‌يوه‌ندى خۆمان له‌گه‌ڵ به‌غدا دابه‌ش بكه‌ين، ده‌توانين بڵێين بۆ دوو قۆناغه و قۆناخێک لە دوای شەڕی جیهانی یەکەم تاوەکو 2003 و قۆناخی دووەمیش لە 2003 -ەوە دەستپێدەکات.
قۆناغى يه‌كه‌م، حوكمى سوننيه‌كان بوو و ئەوان حوکمی عێراقیان دەکرد، قۆناخى دووه‌م شيعه‌كان حوكمى عێراق ده‌كه‌ن تاوەکو ئێستا.
ئێمە زۆر هەوڵماندا لە قۆناخی یەکەم لەگەڵ عێراق پێکەوە بژین ، بەڵام لە راستیدا پاداشتی کورد درایەوە کە کورد بوونە هۆی ئەوەی ویلایەتی موسڵ رزگار بکرێت، نەچێتە سەر تورکیا و هاتەسەر عێراق ، کەچی پاداشتی ئێمە وێرانکردنی گوندەکانمان و کۆمەڵکوژی بوو.
لە قۆناخی دووەمیش ئێمە هۆکار بووین کە شیعەکان بێنە سەر حوکم ، ئەوانیش کە وایانزانی دۆخیان باشە و جێ پێیان قایمە کەوتنە دژایەتی گەلی کوردستان و نانی خەڵکی کوردستانیان بڕی. بۆیە ئێمە گەیشتینە قەناعەتێک کە نائومید بووین ، یان دەبێت بەرەو شەڕێکی خوێناوی بڕۆین و یان دەبێت رێگەیەکی دیکە بدۆزینەوە ئەگەر نەمانتوانی شەریک بین با ببینە دوو دراوسێی باش.
ئەگەری هەیە زۆر کەس وا بیر بكاتەوە، كه ئەمە دەبێتە هۆی تێکچوونی ئاسايشى ناوچه‌كه، به‌ڵام پێچه‌وانه‌كه‌ى راسته و ئەگەر ئه‌مه نه‌بێت (گشتپرسی)، ترسی گەورەمان ئەوەیە کە ئاسایشی ناوچەکە تێکبچێت و شەڕێکی خوێناوی رووبدات کە لە کۆنترۆڵی هەموو لایەک دەربچێت.
ئه‌زموونى هه‌موو گه‌لانيش ده‌ريانخستووه بەتایبەتی لە ئەوروپا کە نە یەکگرتوویی بەزۆر و نە دابەشبوونی بە زۆر تاسەر نابێت.
له ده‌ستوورى عێراقيشدا كه له 2005 ده‌نگى بۆ درا و كورد به رێژه‌يه‌كى زۆر بەرز به‌شدارى تێدا كرد، له‌وێدا هاتووه كه پابه‌ند بوون به‌م ده‌ستووره يه‌كێتى عێراق ده‌پارێزێت و بەراستی ده‌مه‌وێت پێتان بڵێم هيچ پابه‌ندييه‌ك به‌و ده‌ستوورەوە نه‌كرا و ده‌ستووريش مافی ئێمە دەدات کە ئه‌و هه‌نگاوه بنێين.
ئێمه شانازى دەکەین به فه‌رهه‌نگى ميلله‌تى خۆمان، كه فه‌رهه‌نگى پێکەوە ژیان و يه‌كدی قبوڵكردن و به‌يه‌كه‌وه ژيانه كه ئايین و پێكهاته‌ى جياواز پێکەوەین، ئه‌مه بڕيارى هه‌موو خه‌ڵكى كوردستان و ته‌واوى پێكهاته‌كانييه‌تى و تەنیا هی یەک نەتەوە یان یەک پێکهاتە نییە، بەشی هەرەزۆری خەڵکی کوردستان ئەم بڕيارەی داوە و پابەندین بۆ داهاتووش، کورد و ئەو عەرەبانەی لە هەرێم دەژین، تورکمان و مەسیحی بە کلدان و ئاشووری و سریان و ئەرمەنەوە ، بە ئایینی جیاواز مسوڵمان ، مەسیحی ، ئێزدی یان هەر دین و مەزهەبێکی دیکە کە پێکەوە هەموو هاوبەش بین لەم وڵاتە و رازی بن بە بەشداریی خۆیان لە دامەزراندنی ئەم وڵاتە نوێیەدا.
ئێمه ناشمانه‌وێت بە تووندوتیژی دەمانەوێت کە خەڵکی کوردستان بڕیاری خۆیدا بکەوینە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا ، لەگەڵ دراوسێکانمان و هەموو لایەک بۆ ئەوەی بە خۆشی و لێکتێگەیشتن بگەینە ئەنجامێک کە لە بەرژەوەندی هەموو لایەکدا بێت بەڵام ئەو بڕیارەی کە گەلی کوردستان داویەتی لە 25-9-2017 بڕیارێکە نە پاشەکشەی لێدەکرێت و نە مساوەمەی لەسەر دەکرێت.
بەڕاستی ئێمە ناشمانەوێت ئه‌و ده‌رده‌سه‌رى و نه‌هامه‌تييه‌ى جيلى ئێمه و جيلى پێش ئێمه بينيان، به‌جێى بهێڵين بۆ نه‌وه‌ى دواى خۆمان ، ئێمه‌ش حه‌ز ده‌كه‌ين منداڵانى ئێمه بە ژیانێکی ئاسوودەیی بخوێنن و بەختەوەر بن ، دووربن لە شەڕ و کوشت و کوشتار ،بۆیە ئێمەیش وەک هەموو میللەتێکی دیکە لە جیهاندا مافی ئەوەمان هەیە کە سەربەخۆ بین ئازاد بین ، کە بۆ هەموو میللەتانی جیهان رەوا بێت نازانم بۆچی بۆ گەلی کوردستان رەوا نەبێت.
ئێمه داوامان له دۆسته‌كانمان ئه‌وه‌يه پشتگیریمان بكه‌ن، ئه‌گه‌ر له‌به‌ر هه‌ر هۆيه‌ك نه‌توانن پشتيوانمان بن، لانيكه‌م دژى ئێمه نه‌وه‌ستن و له ئێستەیشەوە بانگهێشتتان ده‌كه‌ين كه نوێنه‌رتان بێت و به‌شدار بن وه‌ك چاو‌دێر لە رۆژی 25-ی ئەیلوول کە بۆ ئێمە رۆژێکی زۆر زۆر مێژووییە و خەونی ساڵەهای ساڵە بۆ گەلی ئێمە.
ته‌وه‌رى دووه‌م.. شەڕی تیرۆر
ئێمه شانازى ده‌كه‌ين به پێشمه‌رگه و خه‌ڵكى كوردستان کە خۆڕاگربوون ، پێشمه‌رگه قاره‌مانێتييه‌كى زۆرى نواند و بوو به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئه‌فسانه‌ى داعش تێك بشكێت.
سوپاسی هەمووتان دەکەین وەک هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ئەو هاوکاریی و پشتیوانییەی لەو شەڕەدا لە ئێمەتان کرد و لە رێگەی ئێوەوە سوپاسی میللەت و دەوڵەتەکانتان دەکەین.
پێشمەرگە توانی 30 هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە لە دەستی داعش رزگار بکات ، 1745 پێشمەرگەی ئێمە لەو شەڕەدا شەهید بوون، 10 هەزار و 69 بریندار و 63 کەسیش دیل و بێسەروشوێن بوون.
یەک ملیۆن و 164 هەزار ئاوارەی عێراقی ، 233 هەزار پەنابەری سووریا کە کوردن و خەڵکی دیکەیشن کە کۆی گشتی ملیۆنێک و 697 هەزار ئاوارە ئێستا لە کوردستان ماون و بارقورسییەکی زۆرن بۆ خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە پێشتر زۆرتر بوون بەڵام بەهۆی رزگارکردنی ناوچەکانیان ژمارەیەکیان گەڕاونەتەوە.
سه‌دان پێشمه‌رگه گيانى خۆيان به‌ختكرد بۆ ئه‌وه‌ى ئاواره‌كان رزگار بكرێن و نەکەونە ده‌ستى داعش.
به نیسبه‌ت دوايين پێشهاتى شه‌ڕ، كه شه‌ڕى موسڵ بوو، دوێنێ راگه‌يه‌ندرا کە موسڵ رزگار كرا، به‌ڵێ هيچ گه‌ڕه‌ك و ناوچه‌يه‌ك نه‌ماوه لەنێو شاری موسڵ کە لەژێر کۆنترۆڵی داعش بێت ، زۆر به‌داخه‌وه زيانى خه‌ڵكى مه‌ده‌نى يه‌كجار يه‌كجار زۆر و شاره‌كه وێران بووه، رای ئێمە پێشتر کە لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانان و بەغدا کە نزیکەی دوو ساڵ پێش ئێستا باسى رزگاركردنى موسڵمان ده‌كرد و پلانی بۆ دابڕ‌ێژین، ده‌مانوت ده‌بێت دوو پلان هه‌بێت، يه‌كێكيان پلانى سه‌ربازى و دووه‌ميان پلانى ئیدارەی قۆناخی دوای رزگارکردنی موسڵ بوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه کە نزیک بووینەوە لە پلانی سەربازی، پلانى دووه‌م پشتگوێخرا ، بۆیە من خۆم زۆر مەترسیم هەیە کە لە داهاتوودا کێشەی زۆر رووبدات ، زۆر خۆش بين نيم بۆ داهاتووى موسڵ، هيوادارم راست نه‌بم، به‌ڵام من ئه‌و ترسه‌م هه‌يه.
ئه‌و هۆكاره‌ى بووە هۆى سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌كردنى داعش پێش سێ ساڵ، ئێستا ئه‌گه‌ر زياتر نه‌بووبێت، ئه‌وا كه‌متر نييه ، بۆيه ئه‌و ترسه‌م هه‌يه ، بۆ پلانى سه‌ربازی رزگارکردنی موسڵ ئێمە رێککەوتنمان هەبوو کە پێشمەرگە لەکوێ بێت ، سوپای عێراق لەکوێ بێت و حەشدی شەعبی لەکوێ بێت، له 17ى ئۆكتۆبه‌رى 2016 پێشمه‌رگه دەستی بە ئۆپەراسیۆن کرد و هێڵی یەکەمی داعش بە درێژایی 107 کیلۆمەتر لەلایەن پێشمەرگەوە تێکشکێندرا، بە قوڵایی 12 کیلۆمەتر لە سێ میحوەرەوە رێگەیان خۆشکرد بۆ ئەوەی سوپای عێراق بتوانێت بگاتە دەروازەی موسڵ.
بەپێی رێککەوتنەکە پێشمەرگە نەچوونە نێو موسڵ ، پێشمەرگە و سوپای عێراق هەردوو پابەند بوون بە رێککەوتنەکە و هەماهەنگییەکی باش هەیە بەڵام لە راستیدا حەشدی شەعبی هەندێ پێشێلکاریی کردووە کە مەترسی ئەوەم هەیە ئەو پێشێلکاریانە ببێتە هۆی ئەوەی کێشەی گەورە لە ناوچەکە سەرهەڵبدات.
گشتپرسی بۆ سەربەخۆییە
دەزانین کە پرسی سەربەخۆیی ریسکی تێدایە و کارێکی وا ئاسان نییە بەڵام چاوەڕوانی داهاتووییەکی نادیار زۆر زۆر ریسکێکی ترسناکترە و زیانبەخشتریشە. ئێمە داوای شتێکی نایاساییمان نەکردووە، ئەگەر خراپە بۆ هەموو میللەتانی دیکە هەیانە ، مافێکی سرووشتی ئێمەیە ، غەدرمان لێکراوە بە درێژایی مێژوو، ئێمە دەمانەوێت ئەو غەڵەتەی دەرحەق بە میللەتی کورد کراوە راستی بکەینەوە.
ئێمە لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانە قسەمان کردووە ، کەس بە روونی نەیگوتووە کە دژی گشتپرسین ، ئێمە دوورۆژ پێش ئێستا لەگەڵ شاندێکی باڵای ئەمریکا کۆبوونەوەمان هەبوو ، دەڵێن ئێمە تێدەگەین لە خواستی ئێوە، مافی خۆتانە ، رەنگە بۆچوونی جیاوازمان هەبێت لەسەر کاتەکەی، دەوڵەتەکانی دیکەیش هەروەها، کەس نەیگوتووە ئێمە دژین و نابێت بکرێت.
هەندێ بۆچوونیان نەرمترە و هەندێکیش پێیانوایە دەبێتە هۆی تێکچوونی سەقامگیری ناوچەکە کە بە بڕوای ئێمە ئەمە هەڵەیە ، بەپێچەوانەکەیەوە راستترە ، ئەمە نەکرێت ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە تێکدەچێت. بەڵام لە کۆتاییدا ئەوە بڕیاری گەلی ئێمەیە. ئێمە چاوەڕوان نین ئەم دەوڵەتانە بێن بڵێن ئەمە دیاریی کریسمسە بۆ ئێوە. ئێمە دەبێت داوای بکەین و دەبێت قوربانیشی بۆ بدەین.
ئەوەی پشتمان بگرێت مەمنوونی دەبین و ئەوەیش دژی ئێمە بێت و بانگەشەی ئەوە بکات وڵاتێکی دیموکراسییە، ئەوکات لەگەڵ میللەتی خۆی و مەبادیئەکانی راستگۆ نییە. بۆ دژی مافی میللەتێک دەوەستن کە بەشێوەیەکی ئاشتیانە و یاسایی داوای دەکات.
گشتپرسی بۆ سەربەخۆییە ، دوای گشتپرسی دەست بە گفتوگۆ دەکەین لەگەڵ بەغدا و لەگەڵ لایەنەکان، ئێمە پێمانخۆشە بە لێکتێگەیشتن بێت. بەڵام ئەو گفتوگۆیە بۆ ئەوە دەبێت چۆن لەسەر ئەو سەربەخۆییە رێکدەکەوین ، پرسی سنوورە ، پرسی ئاوە ، پرسی نەوتە و زۆر پرسی دیکە لە نێوان ئێمە و ئەوان.
ئێمە دەمانەوێت بە خۆشی و لێکتێگەیشتن لەسەر ئەو پرسانە رێکبکەوین ، ئەمە یەک رۆژ پاش گشتپرسی بەدەست نایەت بەڵام گشتپرسییەکە بۆ سەربەخۆییە و هەنگاونانە بۆ سەربەخۆیی، ئێمە پێمانخۆشە بە گفتوگۆ بێت بەبێ ئەوەی هیچ خوێنێک بڕژێت بەڵام کاتیش کراوە نابێت.