نوچەنێت
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بارەگای یەکێتی ئەوروپا گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، لە شەڕی داعشدا پێشمەرگە 30 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەی کۆنتڕۆڵکردووە و 15 هەزار چەکداری داعشی کوشتووە.
بە ئامادەبوونی ئەندامانی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا و ژمارەیەک لە پەرلەمانتار و بەرپرسانی یەکێتییەکە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە بارەگای یەکێتی ئەوروپا گوتارێکی پێشکەشکرد.
بارزانی دەڵێت، پێشمەرگە توانیویەتی لە شەڕی داعشدا 30 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە لەژێر دەستی داعش کۆنتڕۆڵ بکاتەوە و زیاتر لە 15 هەزار چەکداری داعشیش بەدەستی پێشمەرگە کوژراون.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، لە شەڕی داعشدا هەزار و 745 پێشمەرگە شەهید بوون، 10 هەزار و 69 پێشمەرگە بریندار بوون، 63 پێشمەرگەش دیل و بێسەروشوێنن.
لەبارەی گشتپرسی، بارزانی گوتی “ئێمە لەبارەی گشتپرسی و جیابوونەوە لەگەڵ عێراق گفتوگۆ دەکەین، هەوڵمانداوە لەگەڵ عێراق بژین، بەڵام پاداشتی کورد بە دژایەتی دراوەتەوە، بۆیە دەمانەوێت لەگەڵ عێراق دوو دراوسێی باش بین”.
بارزانی راشیگەیاند، گشتپرسی دەبێتە هۆکاری ئارامی ناوچەکە، بەڵام ئەگەر جیانەبێنەوە رەنگە تووشی شەڕێکی خوێناوی ببین، چونکە هیچ ئیلتیزامێک بە دەستووری عێراق نەکراوە.