نوچەنێت
مه‌لالە یوسفزای، کچە چالاکڤانی پاکستانی و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاندووە، رێكخراوه‌كه‌ی هه‌وڵده‌دات له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی هه‌رێمی كوردستان و له بواری په‌روه‌رده و پێگه‌یاندندا هاوكاریی كچ و ئافره‌تانی كوردستان له‌نێو كه‌مپ و شاره‌كاندا بكات.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 11-7-2017، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له مه‌لالە یوسفزای، خاوه‌نی خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی و دامه‌زرێنه‌ری دامه‌زراوه‌ی “مه‌لالە فه‌ند” بۆ كاروباری خێرخوازی و پشتگیری له په‌روه‌رده‌ی ئافره‌تان و شاندێكی یاوه‌ری كرد.
مه‌لالە یوسفزای تەمەن 19 ساڵ، خۆشحاڵی خۆی به یه‌كه‌م سه‌ردانی بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌ییی هه‌رێمی كوردستانی به‌رزنرخاند. راشیگەیاندووە، رێكخراوه‌كه‌ی هه‌وڵده‌دات له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و رێكخراوه ناحكومییه‌كان له بواری په‌روه‌رده و پێگه‌یاندندا هاوكاریی كچ و ئافره‌تانی كوردستان له‌نێو كه‌مپ و شاره‌كاندا بكات.
سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی سه‌ردانی مه‌لالە یوسفزای و ده‌ستخۆشی له كار و چالاكییه‌كانی كرد. هاوکات “بوێری و توانای مه‌لالەی به‌رزنرخاند كه وه‌ك كچێك له‌ژێر سیسته‌مێكی تووندئاژۆیی توانی رووبه‌ڕووی ئه‌و زوڵم و سته‌مه ببێته‌وه و ده‌نگی ملیۆنه‌ها كچی وه‌ك خۆی بگه‌یێنێته جیهان و ببێته نموونه‌یه‌كی جوان و باڵیۆزێكی سه‌ركه‌وتوو له كاره‌كانیدا و پشتگیریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ هه‌ر هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌ك نیشاندا”.
نێچیرڤان بارزانی باسی له‌و رووداوه نه‌خوازراوانه‌ش كردووە كه له‌لایه‌ن داعشەوە ده‌رهه‌ق به كچ و ئافره‌تانی کوردی ئێزدی و مه‌سیحی و پێكهاته‌كانی دیكه‌ی عیراق و كوردستان ئه‌نجامدراون. ئاشکرایکرد، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان توانیویه‌تی تاوەکو ئێستا زیاتر له نیوه‌ی ئه‌و كچ و ئافره‌تانه ئازاد بكات له‌لایه‌ن داعشه‌وه رفێنراون، له هه‌وڵه‌كانیان بۆ رزگاركردنی ئه‌وانی دیكه‌ش به‌رده‌وام ده‌بن.
نێچیرڤان بارزانی باسی یه‌كسانی له‌نێوان ئافره‌ت و پیاواندا له ده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستان خسته‌ڕوو، پشتگیریی ته‌واوی خۆی بۆ خاتوو مه‌لالە و رێكخراوه‌كه‌ی ده‌ربڕی و به پێویستی زانی هه‌ماهه‌نگیی ەێكخراوه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی باڵای خانمان و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌ت و رێكخراوه‌كانی تایبه‌ت به ئافره‌تان له هه‌رێمی كوردستان به‌مه‌به‌ستی باشتركردنی ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی له‌لایه‌ن حكومه‌ت و رێكخراوه ناحكومییه‌كانه‌وه پێشكه‌ش به ئاواره و په‌نابه‌ره‌كان ده‌كرێن، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه پێشبینی ده‌كرێت تاوەکو ماوه‌یه‌كی درێژ نه‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر زێدی خۆیان.