نوچەنێت: تایبەت
گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و كاروبارى ئایینى حکومەتی هه‌رێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، وه‌زاره‌تەکەیان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كى نوێ به‌ناوی پێكهاته ئایینیه‌كانه‌وه کردووەتەوە و دەشڵێت “مەبەست لێی زیاتر قووڵکردنەوەی گیانی لێبووردەیی ئایینیە لە هەرێمی کوردستان”.
مەبەستی وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پاراستنی مافی ئایینە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، شایەنی باسە لە هەرێمی کوردستان، چەندین ئاینی جیاواز بوونی هەیە و بە شێوەیەکی ئازادانە توانیویانە مومارەسەی ئەرکە ئایینیەکانی خۆیان بکەن، هەروەها تەبایییەکی زۆریش لەهەرێمی کوردستان لەنێوان ئاینە جیاوازەکاندا هەیە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، نه‌به‌ز ئیسماعیل، گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و كاروبارى ئایینى حكومه‌تى هه‌رێمی کوردستان، لەبارەی کردنەوەی بەڕێوبەرایەتییەکی نوێ بۆ پێکهاتە ئاینیەکان رایگەیاند: به‌پشتبه‌ستن به یاساى ژماره 5ى ساڵى 2015ى په‌رله‌مانى كوردستان، بەپیی فەرمانێکی وەزاری، وه‌زاره‌تى ئه‌وقافی حکومەتی هەرێم بڕیاریدا بەزیادکردنی به‌ڕێوه‌به‌راتییه‌كى نوێى، به‌ناوى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پێكهاته ئایینیه‌كان، بەمەبەستی زیاتر قووڵکردنەوەی گیانی لێبووردەیی ئایینی لە هەرێمی کوردستان.
نه‌به‌ز ئیسماعیل ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە لە هەرێمی کوردستان 7 ئایینی فەرمی هەیە و ئەو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییە نوێیە سه‌رپه‌رشتى هه‌ر 7 ئایینه فه‌رمیه‌كه ده‌كات.
هەروەها گوتیشی “ئه‌میر عوسمان وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری ئەو بەڕێوبەرایەتیە نوێیە دەستنیشانکراوە و لە 9-7-2017 وە فەرمانەکە دەرچووە دەستیان بەکار و چالاکیەکانی خۆیانکردووە”.