نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی ئازادکردنی موسڵ لە عەبادی دەکات

0

نوچەنێت

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا وێڕای پیرۆزبایی “ئازادکردنی موسڵ” لە عەبادی داوای کرد، ئەزموونی کارکردنی پێشمەرگە و سوپای عێراق پێکەوە، بکرێتە بنەمای كارى هاوبه‌شى نێوان هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌ هه‌موو روویه‌كانى دیكه‌وه. 

رۆژی سێشەممە 11-7-2017 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ لەلایەن سوپای عێراقەوە ، پیرۆزبایی لە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد.

لە پەیامەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئاماژەدان بەوەی گرنگتر لە ئازادکردنی موسڵ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ قۆناخى داهاتوودا كارى جددى بۆ ئه‌وه‌ بكرێت بیرى داعش و ئه‌و هۆكارانه‌ى‌ بوونه‌ته‌ هۆى دروستبوونى داعش له‌ ره‌گوڕیشه‌وه‌ هه‌ڵبكه‌نرێن، هاتووە “هیوادارم ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ و رزگاركردنى موسڵ ببێته‌ ده‌ستپێكى قۆناخێكى تازه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى ژیان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و ئاشتى و ئارامى بۆ خه‌ڵكى موسڵ و ته‌واوى عێراق”.

نێچیرڤان بارزانی هەروەها دەڵێت: “كارى هاوبه‌ش و هه‌ماهه‌نگیى سه‌ربازیى نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عیراق له‌ ده‌ستپێكى ئۆپه‌راسیۆنه‌كانى رزگاركردنى موسڵ و ناوچه‌كانى ده‌ورووبه‌ریدا، ئه‌زموونێكى سه‌ركه‌وتوو بوو كه‌ ده‌كرێت بكرێته‌ بنه‌مایه‌ك بۆ كارى هاوبه‌شى نێوان هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌ هه‌موو روویه‌كانى دیكه‌وه”.

ده‌قی په‌یامەکەی سه‌رۆكوه‌زیرانی هەرێمی کوردستان

جه‌نابى د. حه‌یده‌ر عه‌بادى،

سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراقى فیدرال و فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزه‌ چه‌كداره‌كان.

سڵاو و ڕێز..
به‌ گه‌رمى پیرۆزباییى سه‌ركه‌وتنى ڕزگاركردنى مووسڵ له‌ به‌ڕێزتان، هێزه‌كانى سوپاى عیراق و حه‌شدى شه‌عبى، ته‌واوى عیراقییه‌كان به‌گشتى و خه‌ڵكى مووسڵ و ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان به‌تایبه‌تى ده‌كه‌م.  هیوادارم ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ و ڕزگاركردنى مووسڵ ببێته‌ ده‌سپێكى قۆناغێكى تازه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى ژیان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و ئاشتى و ئارامى بۆ خه‌ڵكى مووسڵ و ته‌واوى عێراق.

بێگومان ده‌ركردن و شكستى سه‌ربازیى تیرۆریستان له‌ مووسڵ و ئازادكردنى كه‌ له‌ژێر سه‌ركردایه‌تیى لێهاتووانه‌ و به‌ سه‌رپه‌رشتیى ڕاسته‌وخۆى جه‌نابتان ئه‌نجام درا سه‌ركه‌وتنێكى گه‌وره‌یه‌، به‌ڵام گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ قۆناغى داهاتوودا كارى جددى بۆ ئه‌وه‌ بكرێت بیرى داعش و ئه‌و هۆكارانه‌ى‌ بوونه‌ته‌ هۆى دروستبوونى داعش له‌ ڕه‌گوڕیشه‌وه‌ هه‌ڵبكه‌نرێن و زه‌مینه‌ى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى تیرۆر نه‌هێڵدرێت، ئه‌وه‌ش به‌ هاتنه‌كایه‌ى پرۆسه‌یه‌كى سیاسیى ته‌ندروست كه‌ ته‌واوى پێكهاته‌كانى عیراق بگرێته‌ خۆى، هه‌موان تیایدا هاوبه‌شى ڕاسته‌قینه‌ بن و به‌ مافه‌كانیان بگه‌ن.

كارى هاوبه‌ش و هه‌ماهه‌نگیى سه‌ربازیى نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق له‌ ده‌سپێكى ئۆپه‌راسیۆنه‌كانى ڕزگاركردنى مووسڵ و ناوچه‌كانى ده‌وروبه‌ریدا، ئه‌زموونێكى سه‌ركه‌وتوو بوو كه‌ ده‌كرێت بكرێته‌ بنه‌مایه‌ك بۆ كارى هاوبه‌شى نێوان هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌ هه‌موو ڕوویه‌كانى دیكه‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك ئارامى و سه‌قامگیرى بۆ عێراق و مافه‌ ڕه‌واكانى گه‌لى كوردستان دابین بكات.

دووباره‌ پیرۆزبایى سه‌ركه‌وتن له‌ جه‌نابتان و ته‌واوى عێراقییه‌كان ده‌كه‌م.

نێچیرڤان بارزانى
سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان.
11-7-2017

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com