بارزانی: پەیامی گەلی کوردستانمان بە دۆستەکانمان لە بەلجیکا گەیاند

0

نوچەنێت

لە دوای کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بەلجیکا لەبارەی گشتپرسییەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: کۆبوونەوەکەمان زۆر باش بوو. پەیامی گەلی کوردستانمان بە دۆستەکانمان لە بەلجیکا گەیاند. لێکتێگەیشتنێکی زۆر باش هەبوو. سوپاسیان دەکەین و هەڵوێستیان زۆر دۆستانە بوو.

رۆژی دووشەممە 10-7-2017 شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە برۆکسل. رۆژی سێشەممەش لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیران، وەزیری بەرگری، ناوخۆ، کۆچ و کۆچبەران، کۆمەڵایەتی و چەندین بەرپرسی دیکەی حکومەتی بەلجیکا کۆبووەوە.

لەو گەشتەدا شاندێکی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم یاوەری بارزانی دەکات و پێکدێت لە: نەجمەدین کەریم، نوێنەری یەکێتی و پارێزگای کەرکووک، هۆشیار زێباری نوێنەری پارتی، محەممەد هاودیانی، نوێنەری یەکگرتووی ئیسلامی، فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، محەممەد سەعدەدین، نوێنەری تورکمان، وحیده‌ هورمز نوێنەری کریستانەکان و شێخ شامۆ نوێنەری کوردانی ئێزدی.

ئامانجی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەرپرسانی یەکێتیی ئەوروپا، باسکردنی هەنگاوەکانی گشتپرسیی باشووری کوردستانە و دەیانەوێت ئەو مافەی گەلی کورد بخەنە بەردەم بەرپرسانی باڵای هەم حکومەتی بەلجیکا و هەم یەکێتیی ئەوروپا، ئەوانیش لەو پرۆسەیە پشتگیری کورد بکەن، بۆئەوەی بتوانن ببنە هۆکارێک لەگەڵ دراوسێکانی عێراق گفتوگۆ بکەن تاوەکو نەبنە بەربەست لەبەردەم ئەو پرۆسەیە.

هەر ئەمڕۆ دوای ئەو کۆبوونەوەیە شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی فلاندەرس کۆدەبێتەوە. پاشان چەند کۆبوونەوەیەکی دیکەی دووقۆڵییان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یەکێتی ئەوروپا دەبێت. دواتریش لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا کۆبوونەوە فەرمییەکانی نێو پەرلەمان دەستپێدەکەن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com