لەیەكەم رۆژی نەورۆزدا بارزانی سەردانی ماڵی شەهید هوجام و سەنگەرەکانی پێشمەرگەی کرد

0

نوچەنێت.هه‌ولێر:

سەرۆکی هەرێمی کوردستان،لەیەكەم رۆژی جەژنی نەتەوەی نەورۆزدا سەردانی ماڵی شەهید هوجام و سەنگەرەکانی پێشمەرگەی کرد.

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هه‌رێم بڵاوی کردەوە”ئەمڕۆ ٢١ـی٣ـی ٢٠١٥ ، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی یادکردنەوەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز لەگەڵ خانەوادەی سەربەرزی شەهدیان و پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان سەردانی ماڵی شەهید هوجام و سەنگەرەکانی پێشمەرگەی کوردستانی لە دوو میحوەری ڕووبەڕووبوونەوەیی تیرۆریستان کرد“.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”سەرەتا بارزانی سەردانی ماڵی شەهید هوجامی کرد و لە وتەیەکدا بۆ خانەوادەی سەربەرزی شەهدی هوجام،ڕایگەیاند: ئەمڕۆ بە فەرزم زانی بێمە لای ئێوە و لەبەرئەوەی نەدەکرا یەکە بەیەکە سەردانی هەموو ماڵە شەهیدان بکەم بۆیە لەجیاتی هەموو خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی کوردستان لەگەڵ ئێوە یادی نەورۆزی پیرۆز دەکەمەوە. سەرۆک بارزانی هەروەها ڕایگەیاند: ئێوە زۆر سەربەرزن و ئەو سەربەرزییەی خانەوادەی شەهیدان هەیانە دەست هەموو کەسێک ناکەوێت. شەهید هوجام، شەهیدی هەموو گەلی کوردستانە و بووە سیمبولێک بۆ بەرخودانی پێشمەرگە و تا دنیا هەیە لە دڵی گەلی کوردستاندا دەمێنێتەوە، شەهیدانی ئێمە لەپێناو دۆزێکی ڕەوادا گیانیان بەخشیوە کە پاراستنی کەرامەتی گەل و بەرگرییکردنە لە وڵاتەکەمان“.

ماڵپەڕەكە رونیشیكردوەتەوە”سەرۆكی هەرێم جەختی کردەوە کە: گەلێک خاوەنی قارەمانی وەک شەهیدی هوجام بێت، سەرکەوتنی مسۆگەرە.خانەوادەی شەهید هوجام دڵخۆشیی خۆیان بە سەردانی سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند و تەئکیدیان کردەوە کە ڕۆڵە و کەسوکاری شەهید هوجام لەسەر ڕێبازی پێشمەرگانەی باوکیان بەردەوام دەبن“.

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ئەوەی خستۆتەڕوو کە”دواتر بارزانی سەردانی سەنگەرەکانی بەرگریی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستانی کرد لە دوو میحوەری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆریستان. سەرۆک بارزانی وێڕای بەخشینی ڕێنمایی و بەرچاوڕوونیی پێویست بۆ فەرماندە و پێشمەرگەکان، لە وتەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد کە مەبەستی بووە لەگەڵ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پیشمەرگە قارەمانەکان یادی نەورۆز بکاتەوە. سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ ڕۆلێ قارەمانانەی فەرماندە و پێشمەرگە گیانلەسەر دەستەکانی کوردستان دەردەبڕم و ئازایەتی و بوێریی ئێوە سەری هەموومانی بەرز کردەوە“.

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ئەوەش ئاشکرا دەکات کە”سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کورد کرد و ڕایگەیاند: به‌ر له‌ 2715 ساڵ، كورد له‌ پێناو سه‌ربه‌خۆیی و سه‌رفرازی تێكۆشاوه‌، هه‌ر له‌و رۆژه‌وه‌ی كاوه‌ی ئاسنگه‌ر سه‌ری زوحاكی پانكرده‌وه‌ تاكو گه‌یشتۆته‌ شێخ عوبه‌یدوللای نه‌هری، شێخ سه‌عیدی پیران، سه‌ید ره‌زا، شێخ مه‌حموودی نه‌مر، شێخ عه‌بدولسه‌لامی شه‌هید، پێشه‌وا قازی، شێخ ئه‌حمه‌دی بارزان و مه‌لا مسته‌فای بارزانی، ئه‌مڕۆش رۆڵه‌كانی ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ی به‌رخودان له‌ كۆبانێ تا خانه‌قین و شنگال مێژوویان دووباره‌ كرده‌وه‌، كه‌ گه‌وره‌ترین رێكخراوی تیرۆریستی جیهان تێكبشكێنن و هه‌موو دنیا پێیان سه‌رسام بێت“.

هەر بەپێ هەواڵەكە”بارزانی ڕاشیگەیاند: ئێمه‌ هه‌موومان قوتابی ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ن، كه‌ وا پەروەردە کراوین له‌پێناو سه‌ربه‌رزیی وڵاتدا گیانفیدا بین، چونكه‌ ژیانی بنده‌ستی هه‌مان مردنه‌، بۆیە دوای ئەو هەموو قوربانیدانەی گەلی کورد،لە ئەنجامدا دەبێ دەستکەوتیش لە ئاستی ئەو قوربانیدانە بێت و گەلی کورد ژێردەستەیی قبووڵ ناکات“.

ماڵپەڕەكە رونیشیكردوەتەوە”سەرۆكی هەرێم جەختیشی کردەوە کە ئێستا تیرۆریستان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر لاواز دەبن و ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی پیشمەرگە تێک شکا و ئێستا توانای ئەوەیان نەماوە ببنە هەڕەشە لەسەر کوردستان“.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”بارزانی جارێکی دیکە ئامۆژگاریی پێشمەرگەکانی کرد کە پابەندی ڕەوشتی بەرزی کوردایەتی بن و نابێ بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بدرێت بێ ڕێزی بە تەرمی کوژراوانی دوژمن بکرێت

لە کۆتاییشدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان بارزانی گەلی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکانی دڵنیا کردەوە کە ئاڵای کوردستان هەر شەکاوە دەبێت و کوردستان هەر پارێزراو دەبێت“.

 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com