عه‌لی باپیر شیوه‌ن بۆ چی ده‌كات؟!
رێبوار ره‌زا چوچانی
ئیسلامی سیاسی به‌رهه‌می پاشخانێكی مێژووییه، كه وێرانه له فیكری مرۆڤدا درووست ده‌كات، چونكه مرۆڤ سه‌رقاڵ ده‌كات به ئاینێكه‌وه، كه هه‌موو به‌ها رۆحانییهكانی لێسه‌ندراوه‌ته‌وه و كراوه به ئایدیۆلۆژیا، واده‌كات مرۆڤ ببێته جه‌نگاوه‌ری ئاینێكی به ئایدیۆلۆژی كرا‌و، مرۆڤ له دۆخێكی سه‌پاوی وه‌هادا، جه‌وهه‌ری خۆی وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی سه‌ركێش و به گومان و پرسیاركه‌ر له ده‌ست ده‌دات، له‌و كاته‌دا جگه له كۆمه‌ڵێك ئامۆژگاری كه بارگاوین به تاساندنی بیركرنه‌وه‌ی ئازادانه، كه له زاری چه‌ند واعیزێكی موقه‌ده‌س كراوه‌وه ده‌یبیستێت، توانای ئه‌وه‌ی نیه حه‌قیقه‌ت له هیچ شوێنێكی تره‌وه ببیستێت و ببینێت، هه‌ر ئه‌مه‌شه سه‌رده‌كێشێت بۆ ته‌جاوز كردنه سه‌ر بوونی ئه‌وی تر و بیركردنه‌وه و گومان و پرسیار و رۆحی یاخێتی و سه‌ركێشییه‌كانی ئه‌وی تر له ژێر پێ ده‌نێت، ئه‌م دۆخه واده‌كات كه بڵێین ئایدیۆلۆژیا و ئاینی به سیاسی كرا‌و، جینۆسایدی فیكر و یاخیگه‌رێتی مرۆڤن، باڵا ده‌ستی ئه‌و دوو ئاراسته‌یه‌ش مه‌رگێكی ده‌سته جهمعیانه به‌سه‌ر ته‌واوی جیاوازییه‌كاندا ده‌سه‌پێنن، چونكه واعیزه‌كان ژیان به وێرانه ده‌كه‌ن و توندوتیژی له پێناو ژیانێكی دیكه و ئاینێك به حه‌سه‌نات وه‌سف ده‌كه‌ن، له هه‌موو دۆخێكیشدا ئاینی به سیاسی كرا‌و، جگه له ئایدیۆلۆژیایه‌ك هیچ به‌هایه‌كی رۆحانی نامێنێت.
ئیسلامی سیاسی وێرانه له ژیاندا درووست ده‌كات، وێرانه‌یه‌ك كه دنیا ده‌كات به دوو به‌شه‌وه و ره‌وایه‌تی ئاینی و ناڕه‌وایه‌تی ئاینی و حه‌ڵاڵ و حه‌رام و به‌هه‌شت و جه‌هه‌نه‌م دیاری ده‌كات، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی باش كه شه‌ریعه‌تی ئیسلام په‌یڕه‌و ده‌كات و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی خراپ (به قه‌ولی ئه‌وان) كه شه‌ریعه‌ت په‌یڕه‌و ناكات له زه‌ینی مرۆڤدا ده‌چه‌سپێنێت، هه‌ر له‌م دیدگه‌وه دنیا دابه‌ش ده‌كات به‌سه‌ر خێر و شه‌ڕدا، دنیایه‌ك پڕ له دیلی و كۆت و به‌ند و گرتن و كوشتن، ئه‌نجامدانی هه‌موو ئه‌و ناشیرینیانهش له‌لایه‌ن ئیسلامی سیاسییه‌وه لای ئه‌وان به‌شێكه له خێر، كوشتنی مرۆڤ له پێناو ئایدیۆلۆژیایه‌ك به قه‌ولی ئه‌وان سه‌ده‌قه‌یه و به‌هه‌شتی به‌دوا دێت، چونكه وێنای دنیا له زه‌ینی ئه‌واندا به‌و شێوه‌یه، بۆیه به لۆژیكێك كه ئه‌مر به چاكه و نه‌هی له خراپه ده‌كات، ده‌یانه‌وێت حوكمڕانی دنیایه‌ك بكه‌ن، ئه‌مر به چاكه‌یه‌ك كه له بیركردنه‌وه‌كانی ئه‌وانه‌وه سه‌رچاوه بگرێت، نه‌هی له هه‌ر شتێكیش كه له ده‌ره‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌وه بێت، ئه‌م دۆخه‌ش سه‌رده‌كێشێت بۆ باڵاكردنی جه‌هلێكی موقه‌ده‌س.
ده‌شێت بڵێین ئیسلامی سیاسی هه‌نگاونانه به‌ره‌و باڵا ده‌ستی سڕینه‌وه‌ی ئه‌وی تر، چونكه كاتێك واعیزه موقه‌ده‌س كراوه‌كان، جگه له خۆیان و بڕواكانی خۆیان، هه‌موو بیركردنه‌وه‌یه‌كی تر ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه و كار ده‌كه‌ن بۆ دارشتنی تۆمه‌تی جۆراوجۆر بۆ غه‌یره ئیسلامییه‌كان، ئه‌وكاته یه‌كه‌م هه‌نگاو هه‌ڵدێنن بۆ تیرۆر كردنی فیكری مرۆڤ، كه دواتر تیرۆر كردنی كه‌سایه‌تی مه‌عنه‌وی و فیزیكی مرۆڤ ده‌ست پێده‌كات، ئیسلامی سیاسی هه‌ڵگری قههرێكه، ئه‌گه‌ر مه‌ودای هه‌بێت، سه‌رله‌به‌ری جیهان دیل ده‌كات و ئه‌م زه‌وییه ده‌كاته به‌ندیخانه‌یه‌ك بۆ كۆیی ئه‌و مرۆڤانه‌ی كه بیر ده‌كه‌نه‌وه، یان ده‌یانه‌وێت دیلی هیچ ئاینێك نه‌بن، یان ده‌یانه‌وێت ژیانێكی ئازادانه و شه‌ره‌فمه‌ندانه بژین، كه دوور بێت له بیركردنه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسی.
ئێمه لێره‌دا باس له یه‌كێك له ئه‌میره‌كانی ئیسلامی سیاسی ده‌كه‌ین له كوردستان، كه عه‌لی باپیری ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامییه، لێره‌وه راڤه‌ی به‌شێك له هه‌وڵه‌كانی ئه‌میر ده‌كه‌ین، بۆ سه‌لماندنی پێچه‌وانه‌ی بیروباوه‌ڕه‌كانی ئێستای، ئه‌مه‌ش پێمان ده‌ڵێت ئه‌و ئه‌میره، ئه‌وه‌نده‌ی له ژێر ده‌مامكی ئیزدیواجییهتهوه كار ده‌كات، ئه‌وه‌نده خاوه‌نی بیركردنه‌وه‌یه‌ك نیه، كه مه‌بده‌ئێكی پێوه دیار بێت و هێڵێكی هه‌بێت بۆ رۆشتن له‌سه‌ری و خستنه‌ڕووی سیاسه‌ت و به‌رنامه‌كانی، كه به قه‌ولی خۆی و كۆمه‌ڵه‌كه‌ی، سیاسه‌ته‌كانیان له جه‌وهه‌ری ئیسلامه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت.
ئه‌میر ئێستا خۆی به فریشته و خه‌ڵك به شه‌یتان ده‌زانێت، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م بۆچوونه ره‌ت بكاته‌وه، ئه‌وا ره‌فتاره‌كانی خۆی و كۆمه‌ڵه‌كه‌ی ئه‌م بۆچوونه ده‌سه‌لمێنن، بۆیه ده‌مانه‌وێت كه‌مێك راستی له باره‌ی باپیره‌وه باس بكه‌ین.
عه‌لی باپیر به‌رهه‌می فیكری توندڕه‌وی جیهادی ئیسلامی سیاسییه، بۆیه له ئێستادا خۆی و حیزبه‌كه‌ی، بوونه‌ته كارخانه‌یه‌ك بۆ به‌رهه‌مهێنانی فیكرێك، كه كه له دیوه ناسیۆنالیزمهكهیهوه شكست به مرۆڤی كورد بهێنن، كاتێك مرۆڤی كورد پرسیار له باره‌ی بوونی خۆی و چه‌قبه‌ستنی فیكری مرۆڤ ده‌كات، كاتێك پرسیار له باره‌ی كه‌ون ده‌كات، كاتێك پرسیار له باره‌ی جه‌نگاوه‌رانی ئاین ده‌كات، كه كورد دنیایه‌ك جه‌نگاوه‌ری هه‌بووه له رێی ئاین، به‌ڵام كاتێك كه ئاین سه‌ركه‌وت و خه‌لافه‌تی دامه‌زراند، كورد وه‌ك نه‌ته‌وه له رێگه‌ی شه‌رعه‌وه له ناو ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌كانی ئایندا توانه‌وه و هیچی به‌رهه‌م نه‌هێنا، له‌و كاته‌وه تا ئێستا به‌شێك له مرۆڤی كورد هه‌ڵوه‌سته‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه بووبه به‌شێك له دنیابینییان له باره‌ی ئاینه‌وه، كه‌چی سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تییانه‌ی جه‌نگاوه‌رانی ئاین به‌سه‌ر مرۆڤی كوردی‌یان هێنا و ئه‌و هه‌موو شكسته رۆحییه‌ی دووچاری مرۆڤی كوردیان كرد، به‌ڵام عه‌لی باپیر و حیزبه‌كه‌ی، له ناو جلوبه‌رگێكی كوردییدا و به زمانێكی پاراوی كوردی، هه‌رچییان پێكرا بێت و وترابێت بۆ سوكایه‌تی به مرۆڤی كورد و سڕینه‌وه‌ی به‌ها نه‌ته‌وه‌ییه‌كان درێغیان نه‌كردووه، عه‌لی باپیر و كۆمه‌ڵه‌كه‌ی به به‌ڵگه‌ی نه‌هاتنه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ شه‌ریعه‌تدا، سوكایه‌تی به هێما نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد ده‌كه‌ن و هێڵ داده‌نێن به ده‌وری ئه‌و هێمایانه‌دا.
له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، كه زیاتر شه‌رعییه‌تێكی شۆڕشگێڕی هه‌بووه و هه‌ر ئه‌و شه‌رعییه‌ته‌ش ده‌روازه‌ی بۆ كۆمه‌ڵێك كه‌موكورتی كردۆته‌وه، وه‌ك گه‌نده‌ڵی و ده‌ستێوه‌ردانی حیزب له كاروباری حكومی و هه‌بوونی تهسكییهی حیزبی و عهنتهربازی به‌رپرسانی حیزبی به‌سه‌ر حكومه‌ته‌وه و مانه‌وه‌ی هێزی میلیشیای حیزبی و ئاسایشی حیزبی و له‌سه‌رووی هه‌مووشیه‌وه نه‌بوونی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی، كه گه‌وره‌ترین گرفته له‌م هه‌رێمه‌دا، دواتر شه‌ڕی ناوخۆ ئه‌م گرفتانه‌ی تۆختر كرده‌وه و تا ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه، به ده‌یان نوسه‌ر و رۆژنامه‌نووس هاوارییان كرد، له‌م وڵاته ناعه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه و حیزبه‌كان به‌بێ جیاوازی بوونه‌ته مۆته‌یه‌ك به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه، بێكاری خه‌ریكه رۆحی گه‌نجان ده‌خوات، نه‌بوونی ژیانێكی سه‌رده‌میانه كه ته‌واوی مافه‌كانی هاونیشتیمانییان به شێوه‌یه‌كی شه‌ره‌فمه‌ندانه ده‌سته‌به‌ر بكات، خه‌ریكه شیرازه‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه و نه‌وه‌یه‌ك پێده‌گه‌یه‌نن كه ماندوو و خێر له خۆ نه‌دیون، نه‌وه‌یه‌ك كه هیچی نیه بیدۆڕێنێت، نه‌وه‌یه‌ك كه شكۆمه‌ندی خۆی و نیشتیمانه‌كه‌ی له ره‌تكردنه‌وه‌ی ته‌واوی شته‌كاندا ده‌بینێته‌وه، چونكه ته‌واوی شته‌كان ئه‌و ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه، له هه‌مانكاتدا ئه‌و مه‌ترسیانه‌ش خرانه‌ڕوو، كه ئیسلامی سیاسی خه‌ریكه وه‌ك په‌تایه‌كی ترسناك، له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه ته‌شه‌نه ده‌كات.
ئه‌مه ئه‌و مه‌ترسییه بوو كه هه‌مووان چاوه‌ڕوانی بووین، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و پرسیاره له ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد بكه‌ین، ئه‌گه‌ر ئه‌وان به ته‌نگ هاونیشتیمانیانی ئه‌م هه‌رێمه‌وه بوون، بۆ هه‌وڵیان نه‌دا كه‌رامه‌تی ئینسانی ئینسانه‌كانی كورد بپارێزن و به‌هاو حورمه‌ت بۆ هاونیشتیمانیان بگێڕنه‌وه، كه نه‌هامه‌تییه‌كانی ژیان رۆحی داغان كردن، به‌شێوه‌یه‌ك كه زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆریان، به‌جێهێشتنی نیشتیمانییان به خه‌ڵات ده‌بینی، هه‌تا مانه‌وه له ناو ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی كه ژیان پێیده‌به‌خشین و مانه‌وه له ناو ئه‌و وێرانه‌یه‌ی كه له ناو رۆحیاندا درووست ده‌بوو، هه‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ش بوو بێئومیدی كردین له حیزبی كوردی، وایكرد له من، وه‌ك رۆژنامه‌نووسێك كه به‌شداری له هیچ كام له هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم نه‌كه‌م و ده‌نگ نه‌ده‌م به هیچ كه‌سێك و هیچ كه‌سێك به نوێنه‌ری خۆم نه‌زانم، كه دڵنیام به‌شێكی زۆری نوسه‌ران و رۆژنامه‌نووسان و رۆشنبیره‌كانی ئه‌م وڵاته به هه‌مان شعوره‌وه به‌شدارییان له‌و ههڵبژارنانه نه‌كردووه، كه مه‌ودای حیزبه‌كان به‌رنامه‌ی حیزبه‌كان تۆختر ده‌كه‌نه‌وه.
به‌ڵام ئایا عه‌لی باپیر له كوێی ئه‌م خهمانهدایه، ئایا عه‌لی باپیر شیوه‌ن بۆچی ده‌كات، ئایا شیوه‌ن بۆ گه‌نجانی وڵات ده‌كات، كه دوور نیه له داهاتوودا فیكره ئایدیۆلۆژییهكهی ئه‌و ته‌واوی ئازادییه‌كانیان له زه‌وت بكات، یان شیوه‌ن بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه شه‌خسی و حیزبییهكانی ده‌كات، عه‌لی باپیر ده‌بێت بزانێت كه مێژوو لێره‌وه ده‌ست پێناكات، مرۆڤ كه له هه‌ناوی خۆیدا فریشته نه‌بوو، رووداوه‌كان نایكه‌ن به فریشته، ئێمه سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی سهڵتهنهتهكهی عه‌لی باپیر و كۆمهڵهكهیمان له ناوچه‌كانی ئه‌حمه‌د ئاوا و خورماڵ به بیر دێت، عه‌لی باپیر هاوینه‌هه‌واری ئه‌حمه‌د ئاوای داگیر كردبوو بۆ مه‌كته‌بی ئه‌میر، له خورماڵیش هێزه چه‌كداره‌كانی مۆڵدا بوو، ئه‌و ناوچه‌یه سیما كوردییه‌كه‌ی لێوهرگیرابووه و كرابووه ئه‌فغانستانێكی بچووك، كه مرۆڤ به ئازادیش نه‌یده‌توانی پێبكه‌نێت، ئه‌مه‌ش موماره‌سه كردنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یه كه خه‌ونی پێوه ده‌بینێت، كه خه‌ونی سوڵتانێكی به قودره‌ته له سهڵتهنهنتێكی یه‌ك ره‌نگ كراودا، كه‌واته ده‌بێت عه‌لی باپیر بیربكاته‌وه و بپرسێت ئه‌رێ ئێستا سه‌ره‌تای مێژووه یان كۆتایی مێژوو؟
ئێمه ده‌ستێوه‌ردانی حیزبه‌كه‌ی عه‌لی باپیرمان بینی له حكومه‌ت، چونكه ئه‌گه‌ر به‌و بڕوا كوردییه بڕوانین كه پێی وایه “مشتێك نموونه‌ی خه‌روارێكه”، ئه‌وا له وه‌زاره‌تی ژینگه كه حیزبه‌كه‌ی ئه‌و به‌ڕێوه‌ی ده‌برد، له‌شكرێك له كه‌سانی سه‌ر به كۆمه‌ڵی ئیسلامی كرانه موچه خۆر، له هه‌مان كاتیش‌دا كه سه‌ردانی ئه‌و وهزارهتهت ده‌كرد، هه‌ستت ده‌كرد له باره‌گایه‌كی كۆمه‌ڵی ئیسلامیت، نه‌ك فه‌رمانگه‌یه‌كی حكومی، پرسیار ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر حكومه‌ت له ده‌ست عه‌لی باپیر و كۆمه‌ڵه‌كه‌یدا بێت، ده‌بێت چ كاره‌ساتێك روو له كۆمه‌ڵگه بكات؟
ئێمه گه‌نده‌ڵی عه‌لی باپیر و كۆمهڵهكهیمان بینیی، ئه‌گه‌ر ته‌خشان و په‌خشان كردنی پاره‌ی حكومه‌ت به‌شێك بێت له گه‌نده‌ڵی، ئه‌وا عه‌لی باپیر به‌ده‌ر نه‌بووه له‌وه‌ش، ده‌بێت بپرسین عه‌لی باپیر باڵه‌خانه‌ی مه‌كته‌بی ئه‌میری له شاری هه‌ولێر به‌چی درووست كرد، ئایا به ره‌نجه شان یان به وه‌رگرتنی پاره‌ی هاونیشتیمانییان، ئه‌گه‌ر به پاره‌ی هاونیشتیمانییان بووبێت، ئه‌وه هه‌ر خودا خۆی ده‌یزانێت ئه‌و پاره‌یه له به‌شی چ هاونیشتیمانییه‌كی بێبه‌خت و بێكار و كرێچی و نه‌خۆشی ئه‌م وڵاته‌وه به‌و دراوه و ئه‌مه‌ش به‌بێ دوو دڵی گه‌نده‌ڵییه، كه‌واته عه‌لی باپیر ئێستا كه له ناو مه‌كته‌بی ئه‌میر نوێژ ده‌كات و له خودا ده‌پاڕێته‌وه، ده‌بێت بزانێت ئه‌و باڵه‌خانه‌یه به خوێنی هاونیشتیمانییان درووست كراوه، ده‌بێت بزانێت كه ئێستا ئه‌و ئه‌میری كه‌سانێكی بهیعهتدهره، به‌ڵام نوێژ له‌ژێر سایه‌ی گه‌نده‌ڵیدا ده‌كات و له ژێر سێبه‌ری گه‌نده‌ڵیدا سوژده بۆ خودا ده‌بات، ئه‌گه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌شی له حكومه‌ت وه‌رنه‌گرتووه، ده‌بێت بپرسین له‌كوێ هێناویه‌تی، چونكه نه‌بوونی شه‌فافییه‌تی دارایی به‌شێكه له گه‌نده‌ڵی، بۆیه ده‌بێت لێره‌وه عه‌لی باپیر بگه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌قه قورئانییه‌كان، تا بزانێت ئایا ئه‌و نوێژانه‌ی له مه‌كته‌بی ئه‌میر كردوونی، واته ئه‌و نوێژه‌ی كه له‌ژێر باڵه‌خانه‌یه‌كی به گه‌نده‌ڵی درووست كرا‌و كردوونی درووسته یان به‌تاڵ؟
ده‌بێت بپرسین عه‌لی باپیر ئه‌و ئۆتۆمبێله ئاخر مۆدێلانه‌ی له كوێ بوو، كه به‌ر له‌وه‌ی ببێته ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پیاسه‌ی پێده‌كرد، ئایا ئه‌گه‌ر ئه‌و ئۆتۆمبێلانه به پاره‌ی حكومه‌ت كڕی بێتی، گه‌نده‌ڵی نیه؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر به پاره‌ی بودجه‌ی حیزبه‌كه‌ی كڕیبێتی، بۆ ئه‌و پاره‌یه‌ی نه‌دا به‌و لایه‌نگرانه‌ی حیزبه‌كه‌ی كه له هه‌ژاریدا ده‌ژین؟ ئه‌ی ناڵێن پێغه‌مبه‌ری ئیسلام له‌سه‌ر حه‌سیرێك دانیشتووه و ئیسراحه‌تی كردووه، ئه‌ی ئه‌و پۆسته‌ی كه ئه‌و هه‌یه‌تی و ئه‌میری كۆمه‌ڵێكی ئیسلامی سیاسی بهیعهتدهره، به قه‌ولی خۆیان نایكاته جێنشینی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام، ئه‌ی جێنشینی پێغه‌مبه‌ر و ئۆتۆمبێلی مۆنیكایان گووتووه؟ یان ئایا به كارهێنانی بودجه‌ی حیزب بۆ شتی شه‌خسی گه‌نده‌ڵی نیه؟ ئه‌گه‌ر به پاره‌ی خۆیشی كڕیبێتی، ده‌بێت دیسانه‌وه بپرسین ئایا ئه‌و پاره‌یه‌ی له كوێ بوو؟
به‌ڵام لێره‌دا پرسیاره گرنگه‌كه ئه‌وه‌یه، عه‌لی باپیر به سه‌ر پشتی مۆنیكای گه‌نده‌ڵییه‌وه فه‌تحی كوێ ده‌كات؟
مێژوو لێره‌وه درووست نابێت، عه‌لی باپیر كه ئێستا ره‌خنه له بوونی میلیشیای حیزبی ده‌گرێت، كه ئه‌مه‌ش ره‌خنه‌ی هه‌موومانه، چونكه به بڕوای من هه‌ر وڵاتێك میلیشیای حیزبی تێدا باڵاده‌ست بوو، دیموكراسییه‌ت و ئازادی ده‌كه‌وێته زه‌لكاوێكه‌وه و تا ده‌تاسێت كه‌س نیه ده‌ستی بداتێ، به‌ڵام ئه‌و ره‌خنه‌یه ریشی خۆیشی ده‌گرێته‌وه، چونكه عه‌قڵییه‌تی عه‌سكه‌ری و میلیشیای عه‌لی باپیر و كۆمه‌ڵه‌كه‌ی، له مێژه هه‌ست پێكراوه، یه‌كه‌م جیابوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه چه‌كداره‌كه‌ی له بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی، یه‌كه‌م شت كه بیری لێكرده‌وه داگیر كردنی ئه‌حمه‌د ئاوا و خورماڵ بوو، له‌شكرێك له میلیشیای موسوڵمانی به‌ردایه ئه‌و ناوچانه و داگیری كردن، تا ئه‌و كاته‌ی تۆماهۆكی ئه‌مریكییه‌كان له ده‌ریای سوره‌وه كۆمه‌ڵه چه‌كداره‌كه‌ی عه‌لی باپیرییان كرده نیشانه و دواتر یه‌كێتی نیشتیمانی له ناوچه‌كانی خورماڵ ماڵی پێگواستنهوه بۆ پشده‌ر، هه‌ر ساڵێك به‌ر له ئێستاش بوو كه ئه‌و عه‌قڵییه‌ته میلیشیا په‌رسته‌ی خۆی به دیار خسته‌وه، عه‌لی باپیر ده‌بێت ئه‌وه‌ی له بیر بێت هه‌ر ساڵێك و چه‌ند مانگێك به‌ر له ئێستا بوو، داوای درووستكردنی دوو فه‌وجی عه‌سكه‌ری ده‌كرد له ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵ، بۆیه ده‌بێت بپرسین، ئه‌رێ عه‌لی باپیر فه‌وجی میلیشیای موسوڵمانی بۆ چیه؟
عه‌لی باپیر ره‌خنه له دانه‌مه‌زراندنی ئه‌و هه‌موو خوێندكارانه ده‌گرێت، كه دوای ته‌واو كردنی زانكۆ و په‌یمانگاكان، بێكاری یه‌خه‌ی پێگرتوون و بێئومێدی كردوون، ئه‌مه به‌ر له‌و ره‌خنه‌ی هه‌موومان بووه، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌شی له بیر بێت كه هه‌ر ساڵێك و چه‌ند مانگێك به له‌ر ئێستا بوو، داوای دامه‌زراندنی زیاتر له هه‌زار كه‌سی حیزبه‌كه‌ی ده‌كرد له حكومه‌ت، له‌سه‌ر حسابی ئه‌و گه‌نجانه‌ی كهبڕوانامهیان هه‌یه و به‌ڵام تا ئێستا دانه‌مه‌زراون.
به‌ر له عه‌لی باپیر و درووستبوونی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و هه‌ڵبژاردنی ئۆپۆزسیۆن بوون له‌لایه‌ن یه‌كگرتووی ئیسلامی، رۆژنامه‌نووسان و نوسه‌رانی ئه‌م وڵاته، زه‌مینه‌ی بیركردنه‌وه‌ی جیاواز و به‌رهه‌ڵستكارییان درووست كرد، كه پێموایه ئه‌وكاته عه‌لی باپیر خه‌ونی ئه‌وه‌شی نه‌بووه خۆی به ئۆپۆزسیۆن بناسێنێت، بۆیه ئێستاش هه‌رچی بڵێت ناتوانێت متمانه‌ی ئۆپۆزسیۆن بوون لای خه‌ڵكانی ئازادیخواز به‌رهه‌م بهێنێت، چونكه عه‌لی باپیر ئۆپۆزسیۆن نیه و بڕواشی به ئۆپۆزسیۆن نیه و ئه‌گه‌ر مه‌رجه حیزبییهكانی قبوڵ بكرایه، وه‌ك چۆن له دوای ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن خۆیان كردبوو به ده‌مڕاستی حكومه‌ت، تا ئه‌و رۆژه‌ی كابینه‌ی ئێستا له په‌رله‌مان سوێند درا، عه‌لی باپیر و كۆمه‌ڵه‌كه‌ی نه‌یانده‌زانی مهرجهكانییان قبوڵنه‌كراوه، بۆیه هه‌رزوو كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییان به‌ست و وتیان به‌شداری ناكه‌ین، ئێستا قسه‌ی به خۆپیشانده‌ران ده‌وت.
عه‌لی باپیر بڕوای به كوردایه‌تی نیه، هه‌میشه هه‌وڵ بۆ هه‌ڵته‌كاندنی بیری نه‌ته‌وایه‌تی ده‌دات، ئه‌و ئه‌گه‌رچی زۆربه‌ی كاته‌كان به جلوبه‌رگی كوردییه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ش هه‌وڵێكه بۆ “گه‌وجاندنی خه‌ڵك”، مرۆڤێك كه هه‌میشه سوكایه‌تی به هێما نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی گه‌له‌كه‌ی خۆی بكات و به بیانووی ناشه‌رعی بوون، رێز بۆ ئه‌و هێمایانه دانه‌نێت، به تایبه‌تی سرودی ئه‌ی ره‌قیب، ئیتر چۆن رووی دێت باسی كوردایه‌تی بكات؟
سروودی ئه‌ی ره‌قیب یه‌كێكه له‌و سروودانه‌ی كه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی مێژوویه‌كه‌ی هه‌یه له تێكۆشینی گه‌لی كورددا، به‌ڵام كاتێك مرۆڤ گوێی بۆ ده‌گرێت، سه‌دای ده‌نگی هه‌زاره‌ها قوربانی گه‌لێك ده‌بیستێت، هه‌زاره‌ها ئه‌نفال و پێشمه‌رگه، هه‌زاره‌ها گوندی خاپور كرا و هه‌زاره‌ها ناڵه‌ی مرۆڤی كورد ده‌بیستێت، كه له‌سه‌ر كورد بوون له دار دراون، كه له‌و كاته‌دا عه‌لی باپیر له شاخه‌كانی كوردستانه‌وه چه‌كێكی له شان كردبوو و خه‌ونی به دامه‌زراندنی خه‌لافه‌تێكی ئیسلامییه‌وه ده‌بینی، نه‌ك رزگاركردنی گه‌لی كورد، ئێستاش عه‌لی باپیر به جل و به‌رگێكی كوردییه‌وه سوكایه‌تی به‌و شه‌هیدانه ده‌كات، كه ئه‌و سروده ببووه به‌شێك له شعوری كوردایه‌تییان، ببووه هێزێك له پشتییانه‌وه وه‌ستابوو، تا سه‌ر بۆ دوژمنه‌كه‌یان دانه‌نه‌وێنن، هه‌ر ماوه‌یه‌ك به‌ر له ئێستا بوو، له‌سه‌ر سوكایه‌تییه‌كانی به شعووری كوردبوونی به‌شێكی زۆری خه‌ڵكی كوردستان ئێمه له قاوماندا بۆی، به‌ڵام لاوازی په‌رله‌مان و حكومه‌ت و داواكاری گشتی له‌وه‌دا ده‌ركه‌وت، كه عه‌لی باپیریان نه‌برده به‌رده‌م دادگا، چونكه ئه‌وه ئه‌ركی داواكاری گشتییه لێنهگهڕایه ئه‌و سوكایه‌تییانه‌ی به‌سه‌ردا تێپهڕییایه.
كه‌واته ده‌بێت بپرسین عه‌لی باپیر شیوه‌ن بۆچی ده‌كات، ئه‌مه ئه‌و پرسیاره جه‌وهه‌رییه‌یه كه حه‌قیقه‌تی عه‌لی باپیر و كۆمه‌ڵه‌كه‌ی له ناو ریزی ئۆپۆزسیۆندا به‌دیار ده‌خات، چونكه جه‌وهه‌ری هێزێكی سیاسی كه خۆی حه‌قیقه‌تی خۆی ده‌زانێت و به‌ڵام خۆی گێل ده‌كات و ده‌یه‌وێـت رابردووه نزیكه‌كانی خۆی له بیر خه‌ڵك بباته‌وه، له ئیزدیواجییهتدا مانیفێستی خۆی ده‌كات، خۆ ئه‌گه‌ر یه‌كگرتووی ئیسلامی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئۆپۆزسیۆن بوون وه‌ك شانازییه‌ك ببینن، كه له‌سه‌ره‌تاوه رایانگه‌یاند به‌شداری له حكومه‌ت ناكه‌ن، به‌ڵام عه‌لی باپیر و كۆمه‌ڵه‌كه‌ی ئه‌و شانازییه‌یان به‌ر ناكه‌وێت، چونكه ئه‌وان له‌سه‌ره‌تاوه شیوه‌نیان بۆ به‌شداری كردنی ده‌سه‌ڵات ده‌كرد و له ئێستاشدا شیوه‌ن بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، كه گومانمان له ئۆپۆزسیۆن بوونیان نه‌بێت، به‌ڵام هه‌موو كه‌س ده‌زانێت مێژوو له ئێستاوه درووست نابێت و ده‌شپرسین ئه‌رێ عه‌لی باپیر شیوه‌ن بۆچی ده‌كات؟
Facebook: rebwar raza chuchani