سوپای پاسداران و حەشدی شەعبی لە گەڵ فەرماندەکانی پەکەکە لە شنگال کۆبوونەتەوە

0

نوچەنێت-رووداو
چەند سەرچاوەیەکی عێراقیی ئاگادار ئاشکرایانکردووە، یەکینەکانی بەرخودانی شنگال سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان، کە رۆژی هەینی 3ی ئەم مانگە پێکدادانی چەکدارییان دژ بە پێشمەرگەی رۆژئاوا لە ناوچەی خانەسۆر لە شارۆچکەی سنونێ ئەنجامدا، مانگانە مووچە لە دەستەی حەشدی شەعبی عێراقی وەردەگرن، هاوکات بەرپرسێكی نێو یەکینەکان ئاشکرایکرد، لەماوەی رابردوودا ژمارەیەک ئەفسەری سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، سەردانی بنکەکانی یەبەشەیان لە شنگال کردووە و قسە و گفتوگۆ لەسەر بوون و مانەوەیان لە ناوچەکە و چۆنیەتی پڕچەککردنیان بە چەکی قورس کراوە.

سەرکردەیەکی حزبی دەعوەی عێراقی، کە نوری مالیکی، جێگری سەرۆک کۆماری عێراق سەرکردایەتی دەکات، نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، گوتوویەتی، هێزەکانی یەبەشە لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا، لەسەر داوای نوری مالیکی و بەهەماهەنگی لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران لە شنگال دروستکراون.

ئامانجی دروستکردنی ئەو هێزانە بەگوتەی سەرکردەکەی حزبی دەعوە، دڵنیابوونەوەیە لە کۆنترۆڵکردنی رێگەی زەمینی نێوان عێراق و سووریا، لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە، بەمەبەستی گەیاندنی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ هێزە ئێرانییەکان و میلیشیاکانی سەر بەو هێزانە لە سووریا، چونکە بەگوتەی ئەو سەرکردەیە، رێگەکە ستراتیژی و گرنگە و ئێران نیگەرانە لەوەی، کە هێزەکانی پێشمەرگە سەر بە هەرێمی کوردستان هەژموونی خۆیان لە ناوچەکەدا بسەپێنن.

بەگوتەی ئەو سەرکردەیەی حزبی دەعوە “تاران چەندینجار بە فەرمی داوای لە هەرێـمی کوردستان کردووە، رێگەی نێوان عێراق و سوریا، بۆ ناردنی هێز و هاوکارییە سەربازییەکان بەرەو سوریا بکاتەوە، بەڵام هەرێمی کوردستان هەمیشە ئەو داوایەی بە تەواوەتی رەتکردووەتەوە.

ئەو سەرکردەیەی حزبەی دەعوە پێیوایە “هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان کوردەکان رێگە خۆش دەکات بۆ حەشدی شەعبی لەژێر پەردەی هێزە ئەمنییە عێراقییەکان کۆنترۆڵی ناوچەی شنگال بکات و هەژموونی ئێران لە ناوچەکە بسەپێنێت، بەو جۆرەش رێگە لە هەوڵ و کۆششی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پارتە کوردییەکانی دیکە دەگیرێت لە سەربەخۆیی کوردستان، کە ئێران هەوڵ دەدات بەهەموو شێوازێک رێگری لێبکات”.

بەگوێرەی زانیاری چەند شایەتحاڵێکی ناوچەکە، چەند رۆژێک بەر لە سەرهەڵدانی پێکدادانەکان، ژمارەیەک فڕۆکەی هەلیکۆپتەر سەر بە سوپای عێراق، بە چڕی سەردانی ناوچەکەیان کردووە لە نزیک بنکەکانی یەبەشە، هاوکات جەختیان لەوە کردەوە، کە بەرپرسێكی باڵاش سەردانی ناوچەکەی کردووە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە لە ژمارەیەک چەکداری یەبەشە دەستکەوتوون، ژمارەیەک ئەفسەر سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، بە هاوڕێیەتی ژمارەیەک سەرکردەی حەشدی شەعبی، بەردەوام سەردانی بنکەکانی هێزەکانی یەبەشەیان کردووە و لەگەڵ فەرماندەکانیان کۆبوونەتەوە، هاوکات ژمارەیەک لە ئەفسەرانی سوپای قودس، لەگەڵ بەرپرسانی یەبەشە کۆبوونەتەوە، دوای ئەو کۆبوونەوانە فەرمانەکان بۆ هێزەکانی یەبەشە دەرکراون، بەمەبەستی پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە.

وێڕای رێککەوتنی ئاگربەستە 24 کاژێرەکەی نێوان هەردوولا، بەڵام هێشتا نیگەرانی ناوچەکەی داپۆشیوە. هاوکات هێزەکانی یەبەشە لەراگەیێندراوێکیاندا ئاماری قوربانییەکانیان خستەڕوو و رایانگەیاند: “ژمارەی چەکدارە کوژراوەکان لە شەڕوپێکدادانەکان 7 کوژراو و 20 بریندارە، هێزەکانی پێشمەرگە ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی فراوان بۆسەر شنگال دەکەن”.

مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نیگەرانی خۆی لەبارەی رووداوەکانی شنگال دەربڕی و گوتەبێژی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا رایگەیاند: “سەرۆکی هەرێمی کوردستان نیگەرانی و خەمباری خۆی لە رووداوەکانی رۆژی 3ی مانگی ئادار لە ناوچەی خانەسۆر سەر بە قەزای شنگال دەردەبڕێت، هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی بۆ لایەنە بەرپرسەکان و وەزارەتی پێشمەرگە دەرکردووە بە کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و رێگەگرتن لە پەرەسەندنی رووداوەکان”.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە کە “دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا لایەنی بەرپرسە لە بەڕێوەبردنی هەرێمەکە و هیچ لایەنێك مافی ئەوەی نییە دەستوەرداتە نێو کاروباری هەرێم و رێگە لە جووڵەی هێزەکانی پێشمەرگە بگرێت”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com