شەوگار محمد : ئێوارەی ئازادی
ئەم ئێوارەیە کۆڵانەکانی شار
بەچەشنێ بۆنیان گۆڕابوو
واهەستت ئەکرد باران باریوە
شەماڵێکی کزر وەک بلێی چپەیەکی کرد
بەلا گوێمدا گوزەشت بێ ئەوەی لێ تێبگەم
چاوەکانم نغرۆی بینیی دوو پەپولەبون
کە دەیان ویست بەرەو ڕووم بێن
کێشمە کێشمیان بیوو
دیاربوو پەیامێکیان پێیە!
ئەم ئێوارەیە گوڵباخەکان بە لەونێکی ترگەشابونەوە
دیمەنێکی تر و
بۆنێکی جاوازیان ئەبەخشی
شار وەک جاران گریان و بێدەنگی لێ نەدەبیسترا
ئاوازێکی هەست فڕێن و بەجۆشم لی ئەبیست
ئەم مەغەریبە ئاوابونێکی جیاواز بوو
منیبەرەکان بانگی ئازادیان ئەدا
ژیان بەرامەی خۆشە ویستی لێدەهات
لەگەڵ زەردەپەڕی خۆر گەڵاکان
جوانیەکی تەلیسمیان دابوو بەشار
باڵندەکان بە کۆڵانەکاندا ئەهاتن و ئەچوون
جریوەی شادیان بوو بە حرﻱ دەیان خوێند
بێ ئەوەی ترسی تیرۆکرنیان هەبێ..!