نوچەنێت
بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانی، لە دیمانەیەکی نوچەنێتدا، باس لە هۆکاری کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی دەکات و دەڵێت، داوامان کردووە منحەماوەکەمان بۆ بگەڕێننەوە، هەروەها دەڵێت، من لەگەڵ کاری بچوک و بەردەوامم نەک پارە زۆر خەرجکردن.
نوچەنێت: ماوەیەکە دەتانەوێ کار لەسەر گەڕاندنەوەی بینا حکوومییەکان بکەن، هەروەها کەمکردنەوەی خانوی کرێ لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری سلێمانی، لەو هەوڵەدا گەیشتنە کوێ؟
بابەکرد درەیی: ئێمە هەر لە سەرەتاوە هەوڵمان دا ئەو بینا حکومیانەی دەسیان بە سەرا گیراوە بدۆزینەوەو بیانگێڕینەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی، بەڵام دوای لێکۆڵینەوەیەکی زۆر لە بەشی یاسایی، بۆمان دەرکەوت، کە هیچ بیناو خانویەک نییە بە ناوی ئیمەوە کە دەستی بە سەرا گیرابێت. یەک پارچە زەوی هەبووە، کە بە ناوی یەکێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئێمەوە بووە، بەڵام بە حوکمی لێنەپرسینەوە و خەمساردی لە کردنی بە بینا، شارەوانی بە پێی یاسا دوای چەند ساڵێک بۆی هەیە بیباتەوە، بۆیە گێڕاویەتەوە سەر شارەوانی و لە دەست ئێمە دەرچوە.
سەبارەت بە خانوی کرێ، ئێمە لە ماوەی ساڵێکدا توانیمان، شەش بەڕێوەبەرایەتی لە کرێچێتی دەرکەین و بیانگوازینەوە بۆ خانوی حکومی. بە دڵنیاییەوە دەڵێم لە ئەگەر بە دڵسۆزانە هەوڵبدرێت، لە هەموو شارەکانی کوردستان حکومەت هیندەی موڵک و خانووی هەیە، کە پێویست ناکات فەرمانگەی حکومی لە کرێدا بێت. ئێمە پێش ئەوەی بڕیاری تقشف و سکهەڵگوشین بگاتە دەستمان، ئەو پرۆسەیەمان دەست پێکردبوو. ئێستا هیچ فەرمانگەیەکمان لە خانووی کرێدا نەماوە.
نوچەنێت: لەو ماوەیەدا بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی کۆبوونەوە، لەم سەردانەدا بەڵێنی چیتان پێدرا؟ یان چیتان وەرگرت؟
بابەکر درەیی: ئێمە بۆ بابەتی منحەی پایتەختی رۆشنبیری، لەگەڵ بەڕێزیان کۆببوینەوە. لەو بارەوە دیاربوو کە پێویستی کردوە ئێمە وەک بۆردی پایتەختی رۆشنبیری هەندێ ررنکردنەوە بدەین، ئێمە رونکردنەوەی پێویستمان سەبارەت بە پڕۆژە تەواوکراوەکان و بەردەوامەکان و پیشنیارکراوەکان پێشکەشکرد و، بەڕێزان سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەتیش بریاری پێویستیان دا کە پارەکە رانەگیرێت چونکە ( سەرباری هۆکارەکانی تر) ئەو پارەیە بە پێی یاسا ” منحە” یەو تصفیەی کۆتایی کراوە، لەگەڵ بەڕێوەبەرێتی گشتی سلێمانی لە کاتی خۆیدا. بریاری ئەوە درا، کە ئیمە بە راپۆرت لە وردەکاری ئیشەکان بەریزیان ئاگادار بکەین و، ئیتر لە پرۆسەیەکدا پارەکان بۆ پۆژە کانی ژێرخانی خەرج بکرێنەوەو هەروەها هەر هەنگاوێک کە بۆردەکە بڕیاری لێبدات. ئەمەش بێگومان مافی سلێمانییەو، ئێمە ناچارین لەو مافەی، کە بە پێی یاسا چەسپاوە راستییەکان بە سەرووی خۆمان رابگەیەنین. هەرچەندە دۆخەکەش پڕبێت لە قەیران و گرفت.
نوچەنێت: پێتوایە ئاستەنگەکانی بەردەم وەرگرتنەوەی بینا حکوومییەکان کێن؟
بابەکر درەیی: ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی کێشەی وەرگرتنەوەی بینای حکومیمان نییە، لە حاڵی حازردا، چونکە بەشی یاسایی ئێمە هیچ زانیارییەکی لە بارەی خانوی دەستبەسەرا گیراوی حکومی لا نییە ، بەڵام گەر هەمانبێت رووبەری دادگای دەکەینەوە جا هەر کەس و لایەنێک بێت.
نوچەنێت: ئێوە داوای منحەی ماوەی پایتەختی رۆشنبیری دەکەن؟ ئەمە چۆنەوە بڕی پارەکە چەندە؟
بابەکرد درەیی: منحەکە خۆی لە بنەڕەتدا کە لە ساڵی ٢٠١٣ بریاری لێدراوەو دەبوا هەموو ساڵێک بدرێت ٢٠ ملیار دینارە. ئەم پارەیە بەشێکی لە پڕۆژەی گرنگی کلتوریدا خەرجکراوە، کە هیشتاش بەردەوامن و تەواو نەبون. پارەکە کەمی لێ خەرج بووەو زۆربەی ماوە. کەمتر لە ٥ ملیاری بە فعلی خەرجکراوە، بەڵام لە گشتدا بڕیاری خەرجکردنی دە ملیاری دراوە، چونکە پێویست بوە و شوێنی بۆ سلێمانی، گرتووە. ئەوەی کە ماوەتەوە وەک پڕۆژەی تر بۆردی پایتەخت بڕیاردراوە، کە لە داهاتودا خەرجبکرێت، ئەوەش بە وردی خراوەتە بەردەستی بەریزان سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران…
نوچەنێت: بۆردەکەی پایتەخت کێێە؟ چٶن کاردەکات؟
بابەکر درەیی: ۆوردی پایتەختی رۆشنبیری، بریتییە لە بەڕێز وەزیری رۆشنبیری، پارێزگاری سلێمانی، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی، سەرۆکی یەکێتی نوسەرانی کورد، سەرۆکی سەندیکای هونەرمەندان، سکرتیری سەندیکای رۆژنامەنوسان، ئەندامی لیژنەی رۆشنبیری ئەنجومەنی پاریزگای سلێمانی، سەرۆکی دەزگای سەردم بۆ چاپ و بلاوکردنەوە، بەریوەبەری گشتی شارەوانی سلێمانی.
نوچەنێت: ستراتیژی کاری بەڕێوەبەری گشتی چییە؟
بابەکر درەیی: ستراتیژی کاری من لە سەر چەند کۆڵەکەیەک بنیات نراوە، کە ئەمانەن:
یەکەم: برەودان و هاندانی کاری هونەری و رۆشنبیری خۆبەخش و، دوورکەوتنەوە لە هەڵڕشتنی پارە تەنانەت گەر پێویستیش بێت، نەک تەنها بەهۆی قەیرانی ئابورییەوە بەڵکو بەو حوکمەی کە کاری هونەرو کلتور لە بناغەدا پەیوەندی بە رەهەندە روحیەکانی ئینسانەوە هەیەو باشترە کەسەکان، جا چ هونەرمەندو چ بینەرو گویگر، دوربن لە تەماعە مادییەکانی سەردەم تا ئەو شوینەی مومکنە.
دوەم: برەودان بە کاری ” بچوک”و خستە ناو پرانتزەوە، چونکە من پێچەوانەی رای زۆر کەس پێموانیە گەر فێستسڤاڵێک سەد ملیاری بۆ خەرج بکرێت، مانای وایە کارێکی گەورەمان کردوەو گەر لە ژورێکی هاکەزاییدا کەسێک بۆ ماوەی نیو کاتژمێر کەمانێک بژەنێ کارێکی هونەری بچوکمان ئەنجام داوە.
هەست ئەکەم ئیستا مەبەستم رونە. من لایەنگری کاری بەردەوام و ” بچوک” م .
بەو مانایەی رونم کردەوە سێهەم: برەودان بە چالاکی بە هەر نرخێک بێت،
چونکە میللەتی ئیمە لە قەیرانی جۆراوجۆردایەو گەر چالاکی هونەری بوەستێ یان خاو بێتەوە، قەیرانی رۆحی و سایکۆلوژی کاریگەری خراپی لەسەر بەجێ دێڵێت.
چوارەم: دەرچون لە فەرمانگەو بارەگای حکومی و گەشەدان بەو
و گروپ و توانایانەی لە دەرەوەی دەزگاکانی حکومەت، جالک بون و چالاکی دەنوێنن، چونکە لە کۆتاییدا دەبێ ئیمە بەرەو سیستمێکی ناحکومی بڕۆین لە کاری رۆشنبری و هونەریدا، واتە دەبێ هونەرو کلتور لە ژێر هەیمەنەو دەسەڵاتی خەڵکدا بێت نەک کارمەندێکی حکومی ( هوشیار یا ناهوشیار !) فەرمانی بۆ دەرکات و سوکانەکەی با بدات.
نوچەنێت: ئیشوکاری رۆژانەتان چۆن دەڕوات؟
بابەکر درەیی: وەک هەر فەرمانگەیەکی تری حکومی، ئاساییە و بە پێێ قەیرانەکە هەنگاو دەنێین.زۆرتر خۆمان ماندوو ئەکەین نەک کەسانی تر، کە مافیان بە تەواوی نادرێت و موچەیان کەمبۆتەوە.
نوچەنێت: وەک خۆتان دەڵێن بودجەی پێویستتان بۆ ئیشوکار لەبەر دەست نییە. کەواتە چۆن ئیدارەی کاری رۆژانە دەکەی؟
بابەکر درەیی: ئیشوکاری ئێمە بەردەوامە، چونکە خودی سلێمانی پڕە لە چالاکی و ئیمە زۆر جار لە رۆژێکدا بانگهیشتی سێ یان چوار چالاکی دەکرێێن، کە زۆربەشیان هی ناحکومین و ئیمە هیچمان بۆ نەکردوون. ئێمە لە سیمانی لابارێک دەگرین و وەک فەرمانگەی سەرەکی حکومەت، کارەکان رادەپەڕێنین. ئە گەر پارەشمان هەبوبێت زانیومانە لە کوێ و چۆن خەرجمان کردوە.
نوچەنێت: دەگوترێ لە ناو ئیشوکاری رۆژانەی حکومیتدا، کاری حزبایەتی دەکەی؟ ئەوە چەند راستە؟ ئایا حزبەکەت دەست وەردەداتە کارەبارەکانت؟
بابەکر درەیی: ئەوە راست نییەو کەس ناتوانی ئەوە بسەلمێنێت. بۆ حزبەکەی خۆشم، نەخێر بە هیچ جۆرێک ئەوان دەست ناخەنە کاری من و بێگومان من (سوپاسگوزار ئەبم هەر کەسێکی حزبی، جا لە هەر حزبێک بێت) رێنماییمان بکات، بەڵام بە داخەوە تا ئیستا ئەوەش روی نەداوەو، کەس ئامۆژگارییەکی نەکردوین. هەرچەندە نابێ بیشارمەوە لە هەمو حزبەکانەوە زۆر دەسخۆشی و هاندانمان پێ ئەگات.