پاشکۆیی تەنزیر بۆ سیاسەت

0

                پاشکۆیی تەنزیر بۆ سیاسەت
دەبێت لێکدانەوەو تیۆرە مەعریفیەکان پرۆتێستۆ و خۆپیشاندان درووست بکەن نەک خۆپیشاندان و کردەوە سیاسیەکان نووسینە پاشکۆکان بەرهەمبهێنن

 

 نووسینی: سۆران عەبدولقادر کۆستە

 

ماوەی زیاتر لە دەهەیەکە لە ناو ڕۆشنبیری و گوتاری فکری کوردیدا پێشەنگی دەستپێشخەری بەتەواوی لەدەستی سیاسەتکارەکاندایە. بەواتایەکی تر سیاسەتکارەکان بڕیار دەدەن و پلان و تەنانەت پیلانەکانیش دادەڕێژن، دواتر ئەوانەی خۆیان بە خاوەنی بیر و تیڕوانین دەزانن دێن و دەست دەکەن بەدووبارەو چەندبارەکردنەوەی تێڕوانینە نا سیاسیەکانی سیاسەتکاران. من پەی بە سێ شێوە لێکدانەوە دەبەم بۆ ئەم دیاردەیە:

 

شێوەی یەکەم: ئەوانەی دەستیان قەڵەمدەگرێت لە عیملاقترینەوە بۆ چکۆلانەکانیان، خاوەنی ئەندێشەو تیڕوانینێک نین بتوانێت چۆک بە سیاسەتکارەکان دابدات و ناچاریان بکات گوێ شلکەن بۆ ڕێنمایی و بیروبۆچۆنەکانیان. لەلایەکی تریشەوە سەرچاوەکانی ژیانی ئەو نووسەرانەو کەناڵەکانی بەناوبانگکردنیان هەر لە دەستی سیاسەتکارەکان و کەناڵەکانی بندەستی ئەو سیاسەتکارانەدایە. بەم جۆرەش ئالیەتێک دێتە مەیدانی فکری سیاسیەوە. کە کردەوەی سیاسی لەسەربنەمای بەرژەوەندی ببێتە ڕابەری گوتاری سیاسی. لەهەمان کاتدا واقعێکی حاشا هەڵنەگری پڕ مەخابوون ئەوەیە کە ئەوانەی بە بیرمەند شوناس دەکرێن دەستکردی سیاسیەکانن نەک بە پێچەوانەوە، کە پێدەچێت ئەم پرسە بۆ بەشداری نەکردنی فعلی ڕۆشنبیران لە کایە سیاسیەکاندا بگەڕێتەوە.

شێوەی دووەم: بە ڕای من خوودی گوتاری مەعریفی لاوازبووە، ئەمەش ئەنجامی ئەو قەیرانە موراڵیەی سەراپای کایەکانی ژیانی کوردستانی گرتوەتەوە، کە بۆمن ئەمە شتێکی سەیر نیە و بەڵکو پاشهاتێکی ئاسایی هەر کومەڵگایەکە کە دووچاری گەندەڵی ئەخلاقی ببێتەوە. بەشێکی ئەم لاوازیە بۆ هزرو کرداری تێکڕای ئەو نووسین و بەرهەمانە دەگەڕێتەوە کە لەماوەی دوو دەهەی ڕابردوودا نووسەرانی کورد بەرهەمیان هێناوە. جا لە ڕێگای کۆڕوسیمینارەکانیانەوە بوو بێت یان پانتایی گۆڤار و ڕۆژنامەکانەوە. تیبینی من لەسەر نووسینی تیکڕای ئەوانەیە کە هەندێ کات وەک مۆنەزیری بێ تەنزیر دێنە مەیدانەوە و لە فەزاو فەنتازیایەک دەدوێن ناتوانیت گیانیکی کردگارانەی چالاک بکاتە بەری هیچ بزاوتێک. بۆیە بە سەدان ڕۆژنامەو بڵاوکراوەی سێبەر درووست بووە بۆ خنکاندنی ڕایەکی جدی.. چەندین کەناڵی ڕاگەیاندن درووست بوە بۆ زەبەلاحکردنی چەندین هەولی گرگن.. هندێ لە سیاسیەکانی دەسەڵات ئەم تەقس و فەزایە بە پاشەڕۆی ئازادی بەرفراوان لێکدەدەنەوە، بەڵام لە ڕاستیدا نەبوونی پێوەرە بۆ ئەو چاودێرە جۆریەی کە هەموو لایەنەکانی گرتوەتەوە لە ژیانی مەعریفاماندا. لەلایەکی ترەوە ئەو نەخۆشییە ئەقڵیەیە کەدەسەڵاتی گرتوەتەوەو پێی وایە ئەو گوتارە ڕاستە کە شوێن ڕووداوەکانی ئەو دەکەویت.

شیوەی سێیەم: نەمانی خەمی مەعریفی و خەمی سیاسییە لە کوردستاندا، کە لێکدانەوەیەکی تر هەڵدەگریت. یەکێک لەو پرسانەی مۆراڵ دەخاتە مەترسیەوە، بەتایبەت مۆراڵی تویژە هۆشیارەکان، برتیە لە گۆڕینەوەی تیڕامان و هەڵویستەو پرسیارەکانیان بەدەستکەوت. لیرەدا دەستکەوت تەنیا دەستکەوتی مادی نیە. ئەگەر دەستکەوتی ماددی ببێتە هۆی پرسیار لێکردنەوەی سیاسیەکان، ئەوا بۆ بیرمەند و کەسانی خاوەن هزر دەستکەوتی مەعنەویش جێگای مەترسیە. لیرەوە ئیدی ئاستەم نابێت لە پێناوی بڵاوکردنەوەی ڕاکاندا بەهەوای ڕووداوە سیاسیەکان وشەی نووسەران شەن بکات. خەمی مەعریفی دەروازەدەدۆزێتەوە بۆ بەکردەوەکردنی خۆی نەك دەروازەی بۆ بکەنەوە. نەبوونی ئەو خەونە جدیە بەبیانوی ئازادی نووسەر یان بە بیانووی پاسیڤی نووسین بەرپرسیارێتیەکە لە ئەستۆی هەموو ئەوانەی لاپەڕەکان ڕەش دەکەنەوە یان شاشەکانیان بۆ تەرخانکراوە.

لەم پێوەندەدا ئەوەی بۆ من جێی پرسیارە لەیەک چوونی تیڕوانینەکانە لەدەوری دیاردە سیاسیەکان، ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا و لە ڕووداوەکانی ئێراق و کوردستاندا بەدی دەکەین، نووسین و لێکدانەوەی بەرەییە. بەرەیەک هەیە بەناوی دەسەڵات و بەرەیەک هەیە بەناوی ئوپۆزسیۆن، تیکڕای نووسین و بۆچوونەکانیش دابەش دەبنە سەر ئەم دوو بەرەیەو هەموویان لەیەک دەچن. لەوەش ئاڵوزتر ئەوەیە بە دەگمەن نووسین بەدی دەکەین پێش ڕووداوی سیاسی بکەوێت یان بەشیوەیەکی بابەتی و دوور لە نەفەسی بەرەیی و بە پێوانەی زانستی ڕووداوەکان لێکبداتەوە. گرفتی ئاڵۆزتریش لەوەدایە ئەگەر دیدێکی لەو جۆرەش بیتەکایەوە هیچ جۆرە گفتوگۆیەکی سیاسی درووست ناکات لە نێوەندە سیاسەکاندا کە دەرهاویشتەی ڕەخنەو تیڕوانینی بابەتیانە بێت.

ئەم دیاردەیە ئەگەرچی کۆنە بەڵام لەماوەیەکی کەمدا دوای سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆن، بەتەواوی جێگیر بوە لە فەزای مەعریفەی عەمەلی کوردستاندا. بەجۆرێک فکری جەماوەریش بەکار دەبات کە نەتوانیت لە تێزەوە بۆ کردار بڕوات. لەمەیدانی دەسەڵاتدا فکر و تەنزیر دەمێکە بزرەو دەمێکە لە بانکەکان بلۆککراوە، بەڵام ئەم دیاردەیە لەناو ئۆپۆزسیۆنی ڕێکخراوو ئۆپۆزسیۆنی ئازاددا نوێیەو پڕ مەترسە بۆسەر ژیانی مەعریفی و بۆسەر ژیانی سیاسیش، چوونکە لە ڕووی لۆجیک و کاری ڕێکخستنەوە دەبێت لێکدانەوەو تیۆرە مەعریفیەکان پرۆتێستۆ و خۆپیشاندان درووست بکەن، نەک خۆپیشاندان و کردەوە سیاسیەکان نووسینە پاشکۆکان بەرهەمبهێنن.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com