عارف ته‌یفور بۆ نوچه‌نێت:
به‌رپرسانی پارتی و یه‌كێتی له كه‌ركووك حیزبایه‌تی ده‌كه‌ن
نوچه‌نێت: رێبوار ره‌زا چوچانی
عارف ته‌یفور جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له لێدوانێكدا بۆ نوچه‌نێت، ره‌خنه له ئه‌دائی به‌رپرسه كورده‌كانی پارێزگای كه‌ركووك ده‌گرێت، كه به وته‌ی ئه‌و، له جیاتی كاركردنی نه‌ته‌وایه‌تی، خه‌ریكی حیزبایه‌تی بوون.
عارف ته‌یفور وتی “كه‌ركووك شارێكی وێرانه و چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌یه حكومه‌تی هه‌رێم خزمه‌تی بكات، ئه‌م هۆكارانه و چه‌ند هۆكارێكی تر وایان كردووه، كه ئێمه نه‌توانین رۆڵێكی سه‌ره‌كی له ناو شاری كه‌ركووكدا بگێڕین، چونكه ئێستا ئه‌وه نه‌ماوه بچیت قسه بۆ خه‌ڵك بكه‌یت و باسی رێكخستن بكه‌یت، خه‌ڵك ده‌یه‌وێت كرده‌وه ببینێت و بزانێت تۆ چی پێشكه‌ش ده‌كه‌یت”.
عارف ته‌یفور هۆكاری درووست بوونی ئه‌و دۆخه ده‌خاته ئه‌ستۆی پارتی و یه‌كێتی و ده‌ڵێت “ئێمه و یه‌كێتی له‌و دۆخه به‌رپرسین، چونكه ئه‌و براده‌رانه‌ی ئێمه له كه‌ركووك، زیاتر حیزبایه‌تییان كردووه، له جیاتی ئه‌وه‌ی خزمه‌تی میلله‌تی خۆمان میلله‌ته‌كانی تری كه‌ركووك بكه‌ن، كه دۆستایه‌تی و برایه‌تییان له‌گه‌ڵ بكه‌ن، به‌ڵكو به هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵییانداوه حیزبایه‌تی بكه‌ن، ئه‌مه‌ش كاریگه‌رییه‌كی زۆر سلبی به‌سه‌ر ئێمه‌وه هه‌بووه، به‌ڵام ئێمه به‌شێك له‌و به‌رپرسانه‌مان گۆڕیووه”.