روونكردنه‌وه‌یەک لە عەدنان عوسمانەوە
له لڤین پرێسدا راپۆرتێك بڵاوكراوه‌ته‌وه گوایه كۆمه‌ڵێك ئه‌ندامى فراكسیۆنى گۆران پرۆژه‌یه‌ك بۆ نه‌هێشتنى خانه‌نشینى په‌رله‌مانتارانیان شكست پێهێناوه. راپۆرت نوسه‌كه له په‌له په‌لدا بۆ ئه‌وه‌ى له‌م ساته‌وه‌خته‌دا ئه‌م راپۆرته بڵاو بكاته‌وه‌و به‌شێك بێت له كه‌مپینێك كه دیاره به چ ئاراسته‌یه‌كدا ده‌روات و كارده‌كات، له‌و 18 ئه‌ندامه كه‌سێكى نه‌دواندووه بۆ قسه‌كردن له‌و باره‌وه‌و كاك كاردۆ مه‌حه‌مه‌د كه سه‌رۆكى فراكسیۆنه، لێى بووه به سه‌رۆكى په‌رله‌مان!.
من لێره‌دا به كورتى له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ئه‌نوسم، چونكه به‌م زوانه به دورو درێژى له‌سه‌ر كۆى ئه‌م مه‌سه‌لانه بابه‌تێك بڵاو ئه‌كه‌مه‌وه.
له راستیدا من تا نوسینى ئه‌م رونكردنه‌وه‌یه پرۆژه‌یه‌كم بۆ نه‌هاتوه له‌سه‌ر خانه‌نشینى ئه‌ندامانى په‌رله‌مان، به‌ڵكو ته‌نها به بیستن ئاگادارى ئه‌وه بوم كه پرۆژه‌یه‌كى له‌و چه‌شنه به پۆست بۆ فراكسیۆن هاتوه. ئه‌م به ناو پرۆژه‌یه نه له فراكسیۆن گفتوگۆى له‌سه‌ر كراوه‌و نه به‌سه‌ر ئه‌نداماندا بڵاو كراوه‌ته‌وه‌و نه راو بۆچونى كه‌سى له‌سه‌ر وه‌رگیراوه. من لێره‌دا ناچمه سه‌ر هۆكارى به‌په‌له ناردن و دارشتن و ناردن و بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌م به‌ناو پرۆژه‌یه,به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه كه مه‌سه‌له بگاته ته‌خوین و بێرێزى كردن به هه‌وڵ و ماندو بون و خه‌باتى په‌رله‌مانتارانى جدى فراكسیۆنى گۆران كه له هیچ ساته‌وه‌ختێكدا فراكسیۆن و گۆره‌پانى خه‌باتى راسته‌قینه‌یان جێنه‌هێشتوه، ئێمه‌ش بێده‌نگ ناین و له كاتى خۆیدا قسه له‌سه‌ر كۆى مه‌سه‌له‌كان ئه‌كه‌ین.
لێره‌دا ئه‌وه بۆ راى گشتى را ئه‌گه‌یه‌نم كه ئیمزا نه‌كردن ماناى شكست پێهێنان ناگه‌یه‌نێت. مه‌سه‌له‌ى خانه‌نشینى په‌رله‌مانتاران به‌شێكه له به‌رنامه‌ى لیستى گۆران و هه‌ر له سه‌ره‌تاى ده‌ستكردنه كار له په‌رله‌مانى كوردستان، قسه‌مان له‌سه‌ر كردوه، به‌ڵام ئه‌و كات وترا كه هێشتا زووه‌و چوار ساڵمان له‌به‌رده‌مدایه‌و كۆمه‌لێك كارى پێویست تر و گرنگ تر هه‌یه كه ده‌بێت ئیشى له‌سه‌ر بكه‌ین به تایبه‌ت كه مه‌سه‌له‌ى نانبراوه‌كان له ئارادابوو. بۆیه له راستیدا ئه‌مه بیرۆكه‌و پرۆژه‌ى كه‌س یا چه‌ند كه‌سێك نیه، به‌ڵكو به‌شێكه له به‌رنامه‌ى لیستى گۆران و كارنامه‌ى فراكسیۆنه‌كه‌ى كه به هیچ جۆرێك لێى پاشگه‌ز نه‌بوینه‌ته‌وه. پاش كۆمه‌ڵێك تاقیكردنه‌وه له وه‌لانانى هه‌ر جۆره ئیمتیازێكى شه‌خسى له لایه‌ن زۆرینه‌ى په‌رله‌مانتارانى فراكسیۆنه‌وه له ماوه‌ى دوو ساڵى رابردودا، سوور تر ده‌بین له به‌جێگه‌یاندن و كاركردن بۆ به‌دیهێنانى برگه‌كانى به‌رنامه‌كه‌مان.
گۆرانخوازان له‌وه دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه كه ئه‌ندامانى فراكسیۆنه‌كه‌یان هه‌ر چۆن له ساته‌وه‌ختى خۆپیشاندانه‌كانى 17 شوبات به دواوه، له پێشه‌وه‌ى ئازادیخوازان و گۆرانخوازانه‌وه‌و بێگوێ دانه هه‌موو ئه‌و مه‌ترسیانه‌ى هاتنه به‌رده‌میان شار به شار و ناوچه به ناوچه تێكه‌ڵ به خۆپیشه‌نده‌رانى نارازى بون و له‌و پێناوه‌شدا توشى ده‌یان كێشه بونه‌وه، ئێستا له جاران سورترن بۆ كاركردن له پێناو گۆرانكارى له سیسته‌مى حوكمرانى له هه‌رێمدا و نوێنه‌رایه‌تى كردنى هێز و ویست وئیراده‌ى ئه‌و سه‌دان هه‌زار هاوڵاتیه‌ى كه به حه‌ماسه‌تێكى بێوێنه‌وه له 25/7 ده‌نگیان به‌و نوێنه‌رانه دا. له نێو ئه‌و لیسته‌دا كه گوایه شكستیان به‌و پرۆژه‌یه هێناوه چه‌ندین ئه‌ندام هه‌یه كه پێش خۆپیشانده‌ران له گۆره‌پانه‌كان و ته‌نانه‌ت له حه‌ره‌مى په‌رله‌ماندا خوێنى رژاوه بۆ به‌رگرى كردن له مافى میلله‌ت و چه‌ندین جار روبه‌روى ته‌قه لێ‌كردن و هه‌ره‌شه كردن بۆته‌وه.
دوباره‌شی ده‌كه‌مه‌وه زۆر شتی دیكه هه‌یه باسكردنی جی ده‌هێڵم بۆ كات و شوێنی خۆى.