نوچەنێت: تایبەت
مەروان گەڵاڵی سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كورستان، بە نوچەنێتی راگەیاند، هەرێمی كوردستان پێویستی بە هەموو لایەنەكانە و پێویستە ئەو ساردییەی لە نێوانیان لایەنەكان درووست بووە لاببرێت، وتیشی: “لابردنی ئەو ساردییەیش سەرەتا بەوە دەكرێت، كە وەك كودەتاچی سەیری پەرلەمانتاران نەكرێت”.
مەروان گەڵاڵی وتیشی: “پێویستە لایەنەكان بە دوربینی رەش سەیری پەرلەمان نەكەن، بەو چاوە سەیری پەرلەمانتاران نەكەن كە كودەتاچین و واز لەو قسانە بهێنرێت، هەروەها رۆڵی هەر سێ سەرۆكایەتییەكە بە تایبەت پەرلەمانی كوردستان لەبەرچاو بگیرێت، چونكە تاكە دەزگایەكە كە ئەمڕۆ نوێنەرایەتی خەڵكی كوردستان دەكات”.
گەڵاڵی ئاماژەی بەوەیشدا، كە ئەوان بە رۆحی فەشەل و سەركەوتن سەیری كۆبوونەوەكەی رۆژی 19/ئاب/2015ی پەرلەمان ناكەن، كە نەتوانرا نیسابی یاسایی درووست ببێت، چونكە وەك ئەو وتی: “لە ئەركی پەرلەمانتاریدا هەرچیمان پێكرابێت كردوومانە و لێیشی پەشیمان نین، ئەو پرۆژە یاسایە هەر لە پەرلەمانە و راپۆرتی لیژنەی یاساییش لای دەستەی سەرۆكایەتی لە پەرلەمانە، بۆیە نابێت بەو چاوە سەیری ئەركەكانمان بكەین، بەڵكو پێویستە هەموومان هەوڵ بدەین دامودەزگەكانی ئەم هەرێمە بە دامەزراوەیی بكەین”.
سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە بارەی هەماهەنگی نێوان لایەنە سیاسییەكانەوە وتی: “بە بڕوای من كوردستان نە بە برادەرانی پارتی بە تەنها بەڕێوەدەچێ، نە بە لاینەكانی تریش بە تەنها، بەڵكو هەموومان پێویستمان بە هەماهەنگی و هاوكاری كردن و یەكتر خوێندنەوە لەسەر خاڵە هاوبەشەكان و كاركردن لەسەریان، بۆیە پشتگوێ خستنی هەر لایەنێكی سیاسی، زیانی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان دەبێت”.