نوچەنێت: تایبەت
مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی لەگەڵ كەمایەتی و حیزبە بچووكەكاندا، باسی ئەوەی كردووە ویستوویەتی، لە رۆژی 20/8/2015 واز سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بهێنێت و پۆستەكە رادەستی ئەو كەسەی بكات، كە جێی ئەو دەگرێتەوە، بەڵام لایەنە سیاسییەكان دۆخەكەیان تێكداوە و بە ئێستایان گەیاندووە.
رۆژی 1/9/2015 مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەی لەگەڵ پێكهاتەكانی كلدوئاشووری و حیزبە بچوكەكاندا، لە بارەی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە باسی ئامانجی خۆی كردووە، لە لێدوانێكدا بۆ نوچەنێت رۆمیۆ هەكاری سكرتێری حیزبی بەیت نەهرەین وتی: “كاك مەسعود نیگەران بوو لەو دۆخەی كە بەهۆی پۆستی سەرۆكی هەرێمەوە كوردستانی تێكەوتووە، باسی ئەوەیشی كرد كە ئەو خۆی بۆ رۆژی 20/ئاب ئامادەكردبوو كە واز لە سەرۆكایەتی هەرێم بهێنێت و دەوروتەسلیم لەگەڵ ئەو كەسە بكات كە جێی دەگرێتەوە، بەڵام بەهۆی هەڵوێستی لایەنەكانەوە دۆخەكە بە ئێستا گەیشتووە”.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بارزانی باسی ئەوەیشی كردووە، كە سەرۆكی پەرلەمان بێلایەنی خۆی لە دەست داوە و شەرعییەتی ئەوەی نەماوە كە بتوانێت كێشەكان چارەسەر بكات، بۆیە تا خولی داهاتوو ناچێتە پەرلەمان، وتوویشیەتی: “من بە كودەتا نەهاتوومەتە سەر حكوم، تا بە بە كودەتا بڕۆم”.